بەرپرسێکی باڵای چین رای گەیاندووە لە کەمتر لە سێ ساڵی داهاتوو ژمارەی دانیشتووانی چین بە رێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.
رۆژنامەی گلۆباڵ تایمز لەزاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی تەندروستی چین گوتوویەتی ژمارەی لەدایکبوون لە وڵاتەکە کەمتر بووە لە ژمارەی ئەو کەسانەی دەمرن و لە ژمارەیەک ویلایەتی چین رێژەکە لە دەیەکانی رابردوودا بۆ کەمترین ئاست دابەزیوە.
ژمارەی حاڵەتەکانی لەدایکبوون لە ویلایەتی هونان بۆ یەکەم جار دوای 60 ساڵ بۆ کەمتر لە نیو ملیۆن دابەزیوە. چین کۆمەڵێک رێکاری گرتووەتە بەر تا پێش بە زیاتر پیربوونی دانیشتووان بگرێت.
گەنجانی چین بەهۆی گوشاری کار و خەرجییەکانی ژیان ئامادە نین ژیانی هاوبەش پێک بێنن
گەنجانی چین بەهۆی گوشاری کار و خەرجییەکانی ژیان ئامادە نین ژیانی هاوبەش پێک بێنن و لە دوای هاوسەرگیریش حەزیان لە منداڵ نییە.
ساڵی رابردوو چین رێی بە ژنان دا تا سێ منداڵیان هەبێت، بەڵام ئەم یاسایە هیچ کاریگەرییەکی نەبوو و ژنان گوتیان مافەکانیان بەرانبەر بە پیاوان یەکسان نییە و لە رووی کاریشەوە هەست بە ئاسایشی بژێوی ناکەن، بۆیە ئامادە نین منداڵی زیاتریان ببێت.
پێویستە بگوترێ چین لە ژمارەی دانیشتووان لە ریزبەندی یەکەمی دنیادا دێت و بەمزووانە هیندستان جێگای دەگرێتەوە.