ژمارەیەكی گرنگ بۆ لاوان و هەرزەكارانی كوردستان راگەیەنرا

:: PM:01:18:26/07/2022 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی رای دەگەیەنێت، وەزارەتی تەندروستی لەڕێی كەسانی شارەزاوە، هەڵدەستێت بە چارەسەركردنی كێشەی هەرزەكاران و لاوان، ئامۆژگاری و ڕێنوێنییان پێ‌ دەدرێ‌.

ئەمڕۆ سێشەم 26ـی تەمووز، دكتۆر ئارام ڕۆستەم ڕاوێژكار لە وەزارەتی تەندروستی، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە پێناو چارەسەركردنی كێشەی لاوان و هەرزەكاران، وەزارەتی تەندروستی ژمارەیەكی گەرمی داناوە.

دوو پسپۆری توێژەری كۆمەڵایەتیی ڕاهێنراوی داناوە بۆ پێدانی ڕاوێژ و ڕێنوێنی
زیاتر گوتی، ژمارەكە بریتییە لە 80000777  بۆ پێدانی ڕاوێژ و و ڕێپێشاندان و ئامۆژگاری جا هەر كەسێك  لەو تەمەنەدایە، هەر كێشەیەكی دەروونی، كۆمەڵایەتی، چۆنیەتیی خوێندن.. هتدیان هەیە.. یان هەر دایك و باوكێك كە بەدەست منداڵە گەنجەكانیان گیریان خواردووە لە هەر كێشەیەكیان هەبێت، دەتوانن پێوەندی لە ژمارە گەرمەكەوە بكەن.

باسی لەوەش كرد، ئەوانەی ئەو كێشانەیان هەیە، وەزارەتی تەندروستی دوو پسپۆری توێژەری كۆمەڵایەتیی ڕاهێنراوی داناوە بۆ پێدانی ڕاوێژ و ڕێنوێنی، بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستاندا.

روونی كردەوە، ئەو ژمارەیە لە سەعات نۆی بەیانی بۆ چواری ئێوارە، پسپۆڕی پیاو وەڵام دەداتەوە، لە چواری ئێوارە بۆ نۆی شەو پسپۆڕی ژنان وەڵام دەداتەوە، ئێستە بە دەیان كێشەیان چارەسەر كردووە.



وشە - رامیار جەواد