كەوتووینەتە ناو چلەی هاوین.. لە باشووری عێراق باران دەبارێت

:: PM:06:55:26/07/2022 ‌

ئێستە عێراق لەناو گەرمای چلەی هاویندایە، كە پلەكانی گەرما لەوپەڕی بەرزیدا دەبن، پێشبینیكارێكی كەشناسی ئاماژە دەكات كە لە هەندێك شاری عێراق باران دەبارێت.

ئەحمەد تەمیمی، چاودێریكاری كەشناسی گوتی، پێشبینی دەكرێت لە ئێوارەی سبەی چوارشەمەوە ئاراستەی با بۆ باشووری رۆژهەڵات بگۆڕێت و ئاستی شێ لە شارەكانی بەسرە و عیمارە و ناسرییە بەرز ببێتەوە، كە ئەو دۆخە حەوت بۆ نۆ رۆژ دەخایەنێت.
تا ئێستەیش ئەگەری روودانی خۆڵبارین هەیە
روونی كردەوە، پێشبینییەكان ئاماژە بۆ بوونی هەلی بارانبارینێكی سووك و ناوەند و توند لە كوێت و شاری بەسرە لە رۆژانی هەینی و شەمووی داهاتوو دەكرێت، بەڵام ئەو دۆخە هەموو ناوچەكانی عێراق ناگرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم دەستەی كەشناسی عێراق دەست پێكردنی ماوەی چلەی هاوینی لە عێراق راگەیاند، بەوەی لە سبەی چوارشەمەوە پلەكانی گەرما زۆر بەرز دەبنەوە و تا چواریەكی یەكەمی مانگی ئابی داهاتوو بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت.

زیاتر گوتی، بەهۆی بەرزیی پلەكانی گەرمایشەوە مێرو و خشۆكەكان لە ژێر زەوی دێنە دەرەوە و تا ئێستەیش ئەگەری روودانی خۆڵبارین هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل