دوو كلووەبەفری هیوا قادر چاپ كرا

:: PM:11:39:27/07/2022 ‌

"دوو كلووەبەفر"، بەرهەمێكی چیڕۆكی نووسەر هیوا قادرە و تابلۆكانی لە نەخشاندنی رێبوار سەعیدە، لە دەزگای جەمال عیرفان لە شاری سلێمانی چاپ و بڵاو كرایەوە.

لەبارەی ناوەڕۆكی ئەو بەرهەمەوە هیوا قادر بە "وشە"ی گوت، چیڕۆكی دوو كلووەبەفر، باس و گوزارشتە لە غوربەت و مەنفا بۆ منداڵ، لە رێگەی ئەم چیڕۆكەوە، كە باس لە دوو كلووەبەفر دەكات، لە سەرەتاوە ئاون و دواتر دەبنە هەور و دەچنە ئاسمان و دەبنە بەفر،  دواتر دادەكەونە سەر زەوی، پاشان كلووەبەفرەكان چیڕۆكی خۆیان بۆ یەكتریی دەگێڕنەوە كە چیان بەسەر هاتووە.

زیاتر گوتی، چیڕۆكی دوو كلووەبەفر بە زمانی سویدی نوسیوومە، دەنگدانەوەیەكی باشی لەو وڵاتە هەبوو و ئێستە لە پڕۆژەیەكدا لەگەڵ 99 كتێبی تردا وەریان دەگێڕمە سەر زمانی كوردی، تا ئێستە 15 لەو كتێبانەم وەرگێڕاوە و بەردەوامیش دەبم و پڕۆژەی 100 كتێبەكە تەواو دەكەم.

نووسەر روونی كردەوە، چیڕۆكی دوو كلووەبەفر،  لە دەزگای جەمال عیرفان لە سلێمانی چاپ و بڵاو كراوەتەوە، بەرگ و تابلۆكانی لە نەخشاندنی رێبوار سەعیدە و ئێستە لە كتێبخانەكان بەردەستە.

شایەنی باسە هیوا قادر نووسەر و وەرگێڕە و خەڵكی شاری سلێمانییە، لە هەندەران دادەنیشێت و  نزیكەی 40 بەرهەمی تری چاپ و بڵاو كراوەتەوە.

سلێمانی/ ئاسان محەمەد





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل