ئەوانەی شەكرەیان هەیە چۆن كیتۆ بكەن؟

:: PM:09:01:28/07/2022 ‌

یەكێك لە سیستمە پێڕەوكراوە سەركەوتووەكان بۆ خۆلاوازكردنەوە و شەنگیی لەش، سیستمی كیتۆیە، بیرۆكەی سەرەكیی ئەو سیستمە دەستەبەرداربوونە لە كاربۆهیدرات، وەك سەرچاوەی سەرەكیی دەستكەوتنی وزە و شوێنگرتنەوەیەتی بە پرۆتین و چەوری، بەڵام ئەوانەی نەخۆشی شەكەریان هەیە، بەتایبەتی جۆری دووەم چی بكەن؟

لە سیستمی كیتۆدا زیاتر سەرنج دەخرێتە سەر ئەو خۆراكانەی بە پرۆتین و چەوری دەوڵەمەندن، وەك گۆشتی سوور و گۆشتی ماسی و خواردنی دەریایی و هیڵكە و پەنیر و چەرەزات و سەوزەی ناشیرین، وەك برۆكلی و قەرنابیت و كەلەرم و توور و هیتریش. 
سیستمی كیتۆ ئاستی شەكر لە خوێن رێك دەخات و بەرگری خانەكان بۆ ئەنسۆلین كەم دەكاتەوە
هەندێك توێژینەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن دەكرێ ئەو سیستمە ببێتە هۆی كۆنترۆلكردنی باشتری رێژەی شەكر لە خوێن، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی جۆری دووەمی نەخۆشی شەكەریان هەیە، جیا لەوە باشتركردنی رێژەی چەوری سیانی و كۆلیسترۆلی باش، واتە سیستمی كیتۆ ئاستی شەكر لە خوێن رێك دەخات و بەرگری خانەكان بۆ ئەنسۆلین كەم دەكاتەوە.

لەگەڵ ئەوەیشدا دەكرێ ئەو خۆراكانەی لە چوارچێوەی سیستمی كیتۆ دەخورێن و كاربۆهیدراتیان كەمە، رێژەی چەوری تێریان زۆر بێت، بۆیە دەبێت خواردنی ئەو جۆرە چەورییە كەم بكرێتەوە و كۆنترۆل بكرێت، وەك گۆشتی سوور و پەنیری چەور، رەنگە لە سیستمەكە رێژەی ریشاڵەكانی وەردەگیرێت كەم بێت، بۆیە دەبێت رێژەیەكی زۆری ئەو خۆراكانەی كەم شیرینین و پڕن لە ریشاڵەكان بخورێت، لەوانە چەرەزات و سەوزەی پەلكدار.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل