لە میسر چۆن گۆشتی كەر و سەك دەرخواردی خەڵك دەدرێت؟

:: PM:09:50:28/07/2022 ‌

میسر یەكێكە لە وڵاتە هەژارەكان، ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە دەیان ملیۆن و زۆرینەی هەژار و نەدارە، ئەو وڵاتە بە دەست دەیان تەنگژە و كێشەی جیاجیاوە دەناڵێنێت، كۆمەڵێك توێژەری میسری باسی ئەو فیڵانە دەكەن كە لە گۆشت و بەرهەمەكانی دەكرێت، تیایدا گۆشتی كەر و سەگ و بەراز تێكەڵ بە گۆشتی مانگا بە خەڵك دەدرێت.

سەرچاوەیەك لە كۆلێجی كشتوكاڵ لە زانكۆی قاهیرە ئاماژە دەكات كە كۆمەڵە توێژەرێك لە كۆلێجەكە، توێژینەوەیەكیان ئامادە كردووە، ئەوان كۆمەڵێك گۆشت و بەرهەمەكانیان لە چەند ناوچەی جیاجیا لە بازاڕەكان، لە ماوەی نێوان شوبات و كانوونی یەكەمی 2021 كۆ كردووەتەوە و لە تاقیكە شیكردنەوەیان بۆ كردووە.  
گۆشتی كەر چەندان نەخۆشی تیادایە كێشەی ریخۆڵە و ژەهراویبوون دروست دەكات
بەپێی سەرچاوەكە بۆیان دەركەوتووە كە بەشێك لەو گۆشتانە فیڵی لەگەڵدا كراوە و تێكەڵی گۆشتی كەر و سەگ و بەراز و هیتریش كراوە، ئەو بەرهەمانەیش بریتی بووە لە هەمبەرگەر و كەس و شاورمە و هۆت دۆگ و لانشۆن، واتە گۆشتی ئامادەی لەقوتوونراو. 

ئەو سەرچاوە دووپاتی كردەوە كە 60 سامپڵ لە گۆشتی ناوخۆیی و هاوردەكراو لە چەندان ماركێت و سوپەر ماركێت و دوكان لە میسر كۆ كراوەتەوە، ئەنجامەكان دەریانخست كە 11 سامپڵ گۆشتی سەك و كەر و بەراز و ئەسپ و مەڕ و مریشك و فولی سۆیای تیادایە.

پێشتر دەستەی گشتی خزمەتگوزاری ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی كشتوكاڵی میسر راپۆرتێكی بڵاو كربووەوە، تیایدا مەترسی خواردنی ئەو گۆشتە فیڵتێكراوانەی بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ باس كردبوو، بەتایبەتی گۆشتی كەر، كە چەندان نەخۆشی تیادایە و كێشەی ریخۆڵە و ژەهراویبوون دروست دەكات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل