به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی منداڵانی سلێمانی رای ده‌گه‌یه‌نێت، ماوه‌ی سێ مانگه ده‌رزی گه‌شه‌ی منداڵ له نه‌خۆشخانه‌ی مناڵانی سلێمانی نه‌ماوه و به‌غداش تا ئێسته نه‌یناردووه، هه‌ندێك ده‌رمان هه‌یه پێویست و گرنگن، به‌ڵام به‌غدا له‌كاتی خۆیدا بۆیان نانێرێت و گرفتی دروست كردووه، هاووڵاتییانیش ده‌بێت به ناچاری له ده‌ره‌وه بیكڕن.
ئه‌مڕۆ شه‌موو30ی ته‌مووز، دكتۆر پشده‌ر عه‌بدوڵا به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی منداڵانی سلێمانی، به "وشه"ی راگه‌یاند، هه‌ندێك ده‌رمان هه‌یه كه گرنگن و پێویسته به‌غدا بۆیان دابین بكات، به‌ڵام له كاتی خۆیدا دابین ناكرێت و بۆیان نانێرێت، بۆیه گرفتی دروست كردووه.
ئه‌و روونی كرده‌وه، یه‌كێك له‌و ده‌رمانانه هۆرمۆنی گه‌شه‌یه كه زۆر گرنگه، به‌ڵام چه‌ند مانگێكه له نه‌خۆشخانه‌ی منداڵان نه‌ماوه و به‌غداش تا ئێسته ده‌رمانه‌كه‌ی نه‌ناردووه. وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق ده‌رمانه‌كه‌ی كڕیوه و بڕیاره بۆمان بنێرێت.
ده‌بێت دایك و باوك له ده‌ره‌وه بۆ منداڵه‌كانیان بكڕن
''ئه‌و ده‌رزی هۆرمۆنی گه‌شه‌یه‌ی له نه‌خۆشخانه به منداڵ ده‌درێت، كوالێتییه‌كه‌ی زۆرباشه، به‌ڵام ئێسته ده‌بێت دایك و باوك له ده‌ره‌وه بۆ منداڵه‌كانیان بكڕن كه ده‌رزییه‌كی به 180 هه‌زار دیناره، منداڵ هه‌یه له مانگێكدا شه‌ش جار ده‌یه‌وێت، جۆرێكی تری هه‌یه ئێرانییه له بازاڕدا 35 بۆ 40 هه‌زار دیناره. دكتۆر پشده‌ر وای گوت.
ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد، جگه له ده‌رزی هۆرمۆنی گه‌شه، پێویستیان به شرووب و ده‌رمانی گه‌شكه هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وان به حه‌ب ناردوویانه له كاتێكدا حه‌ب بۆ منداڵ نابێت، یان ده‌رمانی شه‌كره به شێوه‌ی ڤیاڵ ده‌ینێرن، به‌ڵام منداڵی فێری قه‌ڵه‌مه‌كه‌ن، ڤیاڵ شێوازێكی قورسه.
حكوومه‌تی عێراق كه‌مته‌رخه‌م بووه له ناردنی پشكی ده‌رمانی هه‌رێمی كوردستان و مانگانه به‌شێك له نه‌خۆشخانه گرنگه‌كانی وه‌ك منداڵان تووشی كێشه‌ی جیاوازی ده‌رمان بوونه‌ته‌وه.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی