هەژاری بەهەموو شێوەیەك نەهامەتییە، كەسانی هەژار رووبەڕووی دەیان تەنگژەی جیاجیا دەبنەوە، لە تەندروستی و كۆمەڵایەتی و دەروونی و هیتریش، توێژینەوەیەك باسی ئەوە دەكات كەسانی هەژار زیاتر بەدەست نەهامەتییەكانی تووشبوون بە پەتای كۆرۆنا دەناڵێنن.
توێژینەوەكە ئاماژە دەكات كە كەسانی بۆ ماوەی چوار هەفتە زیاتر بە دەست كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دەناڵێنن، پێشبینی دەكرێت لە هەژارەكان بن، لەوانەی بەهۆی هەژاریانەوە لە خانووی حكوومەت و رێكخراوەكاندا دەژین.
هەڵی تووشبوون بە كۆرۆنا لە كەسانی هەژار بە رێژەی 39% زیاترە
توێژینەوەكە لەلایەن ناوەندی توێژینەوەی دارایی لە بەریتانیا ئامادە كراوە، پشتی بە داتاكانی نووسینگەی سەرژمێریی نیشتمانییەوە بەستووە، دەڵێت، یەكێك لە 10 تووشبووی كۆرۆنا، لە كاركردن دەوەستێت، لەو كاتەی نیشانەكانی تووشبوونیان لەسەر بەردەوام دەبێت و سەعاتەكانی كاركردنیان بە رێژەی 6% كەم دەبێتەوە.
وەك توێژینەوەكە ئاماژە دەكات، ئەوەیش كاریگەری دارایی و كۆمەڵایەتی زیاتری بۆ ئەوان هەیە، چونكە لەو كاتانە داهاتی ئەو كەسە 2.5 سەعات لە هەفتەیەك كەم دەبێتەوە، كە دەكاتە بەرانبەر بە 65 پاوەن.
ئەو توێژینەوە دەڵێت، سێ توێژ لە خەڵكی بەریتانیا بەدەست كاریگەرییە درێژخایەنەكانی كۆرۆنا دەناڵێنن، ئەوەیش وای كردووە لە مانگی ئایاری رابردووەوە 111 كرێكار بەهۆی تووشبوونیان بە كۆرۆنا لە كارەكانیان دوور بكەونەوە.
ئەو توێژینەوە دەچێتە پاڵ توێژینەوەی تر بەوەی ئەوانەی لە ناوچەی هەژارتر دەژین، زیاتر تووشی كۆرۆنا دەبنەوە، جیا لەوەی كێشە داراییەكانیان دووهێند دەبێتەوە، بەپێی توێژینەوەیەكیش كە رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە، هەڵی تووشبوون بە كۆرۆنا لە كەسانی نەدار بە رێژەی 39% زیاترە.