ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، دووپات دەكاتەوە كە شاسوار بۆ بەرژەوەندیی خەڵك خۆپێشاندان ناكات، خۆی لێ بووە بە موقتەدا سەدر و هیچیشی لە باردا نییە.
ئەمڕۆ یەكشەم یەكی ئاب، نزار مەحموود ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان، بە "وشە"ی راگەیاند، شاسوار بۆ خۆی خۆپێشاندان دەكات و خەریكی موزایەدەكردنە، گومانمان لە كارەكانی هەیە كە دەیانكات.
ئامانجی ئەو كەسە ئەوەیە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان بێت
روونیشی كردەوە كە شاسوار ئەوەی بینیوە لە بەغدا رووی داوە، هاتووە دەیەوێ لێرە دووبارەی بكاتەوە، بەڵام خۆی باش دەزانێت نە كەسی لەگەڵە و نە كەسیشی بۆ كۆ دەبێتەوە و نە دەتوانێت خۆپێشاندان بكات، تەنیا ئەگەر بتوانێ لە سلێمانی چەند كەسێكی كەم كۆ بكاتەوە.
ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی، ئامانجی ئەو كەسە ئەوەیە سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان بێت، ئەگەرنا هیچی پێ ناكرێت، ئامانجەكەی بەرژەوەندیی خەڵك نییە و بۆ مەرامی خۆیەتی و موزایەدە دەكات.
لە ماوەی رابردوودا شاسوار عەبدولواحید چەندان جار بانگەشەی خۆپێشاندانی كردووە، بەڵام ئامانجەكە بۆ مەرامی سیاسیی خۆی بووە و ویستوویەتی لەو رێیەوە هاووڵاتییان بە لای خۆیدا رابكێشێت. بە بۆچوونی شارەزایان و كەسانی سیاسیش، شاسوار هیچ بەرژەوەندییەكی خەڵكی ناوێت و خۆی كەسێكی بارزگانە.
وشە/ تایبەت