كچێكی سلێمانی لەناو پەكەكەدا كوژرا

:: AM:09:40:02/08/2022 ‌
كچێكی سلێمانی لەناو پەكەكە دەكوژرێ و پەكەكەش رای دەگەیەنێت، ئەو كچە بەشداریی چەند چالاكییەك كردووە، دواجار لە مەتینا كوژراوە.

پەكەكە بەردەوامە لە هەڵخەڵەتاندن و بەكوشتدانی هەرزەكاران و گەنجان، لە ماوەی رابردوودا چەندان مێرمنداڵ و منداڵ و گەنج كوژراون، ئەوەش وایكردووە هاووڵاتییان تەواو لەو چەكدارانە بێزار بن.

سارا ئەحمەد ناسراو بە بەرفین ڕێباز و هاووڵاتییەكی سلێمانییە، لە ساڵی 2015وە پێوەندیی بە پەكەكە كردووە.
ئەمڕۆ سێشەم دووی ئاب، میدیاكانی پەكەكە بڵاویان كردووەتەوە، سارا ئەحمەد ناسراو بە  بەرفین ڕێباز و هاووڵاتییەكی سلێمانییە، لە ساڵی 2015وە پێوەندیی بە پەكەكە كردووە.

باس لەوەش كراوە، ساڵانی 2016 تا 2018 لە زاپ گەریلا بووە، بەشداریی زۆر چالاكی كردووە، دواتر دەچێتە چیای گارە، لەوێ چەند خولێك دەبینێت و بۆ مەتینا دەگوازرێتەوە.

روون كراوەتەوە، سارا پلەی تا فەرماندەیی ڕۆیشتووە، دواجار لە 11ی حوزەیرانی 2022 لە مەتینا لە هێرشێكی توركیادا كوژرا.

كوژرانی ئەو كچە لە كاتێكدایە، تا ئێستە دەیان منداڵ و مێرمنداڵ لەلایەن پەكەكەوە ڕفێنراون، كەسوكاریان هەرچەندە هەوڵ دەدەن بیانگەڕێننەوە، بەڵام پەكەكە ڕێ نادات ئەو منداڵانە كەسوكاریان ببینن.

دوو مانگی رابردووش زیاتر لە پێنج سەركردەی ئەو حزبە لەڕێی درۆنی سەربازی لە چەند ناوچەیەكی جیاواز كوژراون، ئێستە ئەو چەكدارانە لەوپەڕی شڵەژاویدان.



وشە - رامیار جەواد