ڕۆژێك پشوو راگەیەنرا

:: AM:10:55:02/08/2022 ‌
بەپێی خشتەی ڕۆژەكانی پشوو لە هەرێمی كوردستان، هەفتەی داهاتوو ڕۆژێك پشووە، ئەو پشووەش بەبۆنەی ڕۆژی عاشوورایە.

ئەمڕۆ سێشەم دووی ئاب، بەپێی بەدواداچوونی "وشە" كە بۆ خشتەی ڕۆژمێری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، هەفتەی داهاتوو ڕۆژێك پشووە.

لە خشتەكەدا روون كراوەتەوە، ڕۆژی هەشتی ئاب كە دووشەمە پشووە، بۆنەكەشی ڕۆژی عاشوورایە و تەواوی دامەزراوەكانی حكوومەت دەگرێتەوە تەنیا فەرمانگەكانی خزمەتگوزاری نەبێت.

حكوومەت بەپێی ڕۆژمێرێك پشووەكانی ڕێكخستووە و لە سایتی فەرمی بڵاوی كردووەتەوە
لە هەرێمی كوردستاندا كۆمەڵێك پشوو هەیە، حكوومەت بەپێی ڕۆژمێرێك پشووەكانی ڕێكخستووە و لە سایتی فەرمی بڵاوی كردووەتەوە.

عاشوورا لە ساڵنامەی كۆچی مانگیدا دەیەمین رۆژی مانگی موحەرەمە و رۆژێكی پیرۆزە لای مسوڵمانان "شیعە". هۆی پیرۆزیی ئەو رۆژە لای شیعەكان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 61ی كۆچی مانگی موحەرەم. وەك زانایانی شیعە دەڵێن، لەو رۆژەدا حوسێنی كوڕی عەلی "ئیمامی سێیەمی شیعەكان" لەگەڵ هەڤاڵانی، لە شەڕێكدا لەگەڵ سوپای عومەری كوڕی سەعد لە دەشتی كەربەلای "ناوەڕاست و باشووری عێراق" كوژران.

رۆژی عاشوورا لای سوننە ئەو رۆژەیە كە مووسای پێغەمبەر بە گۆچانەكەی دەریای سووری كرد بە دوو بەشەوە و خەڵكەكەی بە ناوەڕاستیدا پەڕینەوە، زانایانی سوننە ئەو رۆژە بە پیرۆز دەزانن و پێیان وایە سوننەتە لەو رۆژە پیرۆزەدا رۆژوو بگریت. 

وشەی عاشوورا بە واتا ژمارەی "دەیەم" دێت و لە ساڵنامەی ئێران، عێراق، ئەفغانستان، پاكستان و هیندستاندا ئەو رۆژە بە پشووی فەرمی راگەیەنراوە.


وشە - رامیار جەواد