له‌گه‌ڵ زیادبوونى ژماره‌ى كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى و داوا هه‌واڵده‌رییه‌كانى لاى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان، یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كه‌یسه‌كان زیاتر دوا ده‌كه‌وێ، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستانیش ده‌ڵێ، دادگا بڕیار له‌سه‌ر كه‌یسه‌كان ده‌دات و نه‌بوونى دادگایه‌كى تایبه‌تمه‌ند، هۆكارێكى سه‌ره‌كى دواكه‌وتنى یه‌كلابوونه‌وه‌ى كه‌یسه‌كانه.
به‌پێى زانیارییه‌كانى "وشه" چه‌ندان جار ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان، نووسراوى ئاراسته‌ى ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رى كردووه تا دادگایه‌كى تایبه‌تمه‌ند به كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى دروست بكرێ، به‌ڵام ئه‌نجوومه‌نه‌كه جگه له‌وه‌ى بڕیارى پێشووى خۆى بۆ كاراكردنى دادگایه‌كى تایبه‌تمه‌ند هه‌ڵوه‌شانده‌وه، ئێسته ده‌یه‌وێ له‌ناو دادگاكان‌دا به‌شێك تایبه‌ت بكه‌ن به‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئه‌نجوومه‌نى دادوه‌رى هه‌رێمى كوردستان، بۆ "وشه" گوتى، بڕیارى دامه‌زراندنى دادگاى تایبه‌تمه‌ند به گه‌نده‌ڵى هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه، ئێسته بۆچوونێك هه‌یه له دادگاكان‌دا به‌شێك تایبه‌ت بكرێ به‌وه و كه‌یسى گه‌نده‌ڵى تێكه‌ڵ به كه‌یسه‌كانى تر نه‌كرێ.
د. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان، سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه دادگایه‌كى تایبه‌تمه‌ند دروست بكرێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ره‌خنه‌ى له‌و بڕیارانه هه‌یه له‌سه‌ر كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى ده‌درێ و ده‌ڵێ: سزاى سووك له‌سه‌ر كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى ده‌رده‌چن.
ئه‌و بۆ "وشه" گوتى، "ساڵی رابردوو ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری بڕیاری دا داگایه‌كی تایبه‌ت به كه‌یسی گه‌نده‌ڵی بكرێته‌وه، ئه‌مساڵ به نووسراوی فه‌رمی داوامان لێ كردن بڕیاره‌كه بچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان بڕیاره‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شانده‌وه، بڕیارێكی تریان داوه ئه‌گه‌ر ئه‌ویش جێبه‌جێ بكرێت باشه، بڕیاره‌كه ئه‌وه‌یه له هه‌ر سه‌رۆكایه‌تییه‌كی دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان، دادگایه‌ك ته‌رخان بكرێت، ئێمه چاوه‌ڕێی جێبه‌جێكردنی ئه‌و بڕیاره‌ین".
سه‌رۆكى ده‌سته‌كه ره‌تى ده‌كاته‌وه كه به‌هۆى كه‌میى كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى ئه‌و دادگایه دانه‌مه‌زرابێ، نموونه‌ى ئه‌وه ده‌هێنێته‌وه كه كه‌یسى گه‌نده‌ڵى هه‌بووه له سلێمانى كه له ساڵى 2015وه له‌وێ بووه، ئێسته هاتووه‌ته ناردن، كه‌واته ئه‌وه هۆكارى سه‌ره‌كى دواكه‌وتنى یه‌كلابوونه‌وه‌ى كه‌یسه‌كانه.
له شه‌ش مانگی رابردوودا 799 دۆسیه له ده‌سته‌كه‌دا تۆمار كراون
به‌پێى ئاماره‌كانى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان، له شه‌ش مانگی رابردوودا 799 دۆسیه له ده‌سته‌كه‌دا تۆمار كراون و لێكۆڵینه‌وه‌یان تێدا ده‌كرێت. سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى داوا ده‌كات دادگاكان كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى به مه‌ترسى وه‌ربگرن، ئه‌مساڵ سه‌رووى 200 كه‌یسى تر ره‌وانه‌ى دادگا ده‌كرێن.
"وشه" زانیویه‌تى به‌هۆى تێكه‌ڵبوونى دۆسیه‌كانى گه‌نده‌ڵى و دۆسیه‌كانى تر، له دادگاكان‌دا كێشه دروست بووه و یه‌كلاكردنه‌وه‌ى دۆسیه‌كانى گه‌نده‌ڵى دوا ده‌خرێ. ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له دادوه‌ره‌كان بڕیاردان له‌سه‌ر كه‌یسه‌كان بۆ كاتى نادیار دوا ده‌خه‌ن.
ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان به‌هۆى یاساى ژماره سێ دامه‌زراوه و له ژێر چاودێرى په‌رله‌مانى كوردستاندایه، ساڵى 2014 كه دامه‌زراوه راسته‌وخۆ ده‌ستى به كاركردن كرد و كه‌یسى گه‌نده‌ڵى وه‌رگرت، به‌ڵام وه‌ك سه‌رۆكى ده‌سته‌كه ده‌ڵێ، له‌و ماوه‌یه‌دا رووبه‌ڕووى زۆر ته‌نگژه بوونه‌ته‌وه، بۆیه پێویست بوو تا ستافى ته‌واوى بۆ دانه‌نرێ ده‌ست به‌كاركردن نه‌كات.
ئه‌ركێكى تر‌ى ده‌سته‌كه بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشیارییه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، جگه له‌وه‌ى رۆڵى سه‌ره‌كى له‌م حكوومه‌ته‌دا بۆ كاركردن له‌سه‌ر یاساى چاكسازى كوردستان هه‌بووه.