ئەیمەن زەواهیری چۆن كوژرا؟

:: PM:05:09:02/08/2022 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەمەریكا كوژرانی ئەیمەن زەواهیری سەركردەی رێكخراوی قاعیدەی لە كردەیەكی تایبەتی لە كابولی پایەتەختی ئەفغانستان لە رۆژی شەمووی رابردوو راگەیاند، بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا ئاشكرای كرد كە ساڵانێكە زەواهیری خۆی حەشار داوە و پرۆسەی دیاریكردنی شوێنی و كوشتنی لە ئەنجامی كارێكی وردی هاوبەشی نەهێشتنی تیرۆر و هەواڵگری بووە.

زەواهیری لە ناوچەی "شێر بۆر"ی پارێزراو كراوەتە ئامانج، دەكەوێتە نزیك ناوچەی وەزیر ئەكبەر خان، كە پاڵوێزخانەكانی ئەمەریكا و ئێران و وڵاتانی تری لێیە، جیا لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان و نەخۆشخانە و چەند بنكەیەكی كرنگی سەربازی، جیا لە ماڵی چەند بەرپرسی باڵای حكوومەتی پێشووی ئەو وڵاتە، لە دوای هاتنی تالیبان بۆ دەسەڵات، ناوچەكەی بە رووی خەڵك كردەوە و بووە شوێنی حەوانەوەی خەڵك و چەكدارانی تالیبان، بەڵام سەرەڕای ئەوە ناوچەكە لە رووی تەناهییەوە بە پارێزراوی مایەوە.   
پلاندانەری هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001ی ئەمەریكا بوو
لە دوای كوژرانی ئوسامە بن لادن، سەركردەی دامەزرێنەری رێكخراوی قاعیدە لە 2011 لە لایەن ئەمەریكا لە باكوری رۆژئاوای پاكستان، ئەیمەن زەواهیری شوێنی گرتەوە، لە ساڵانی رابردوویش چەند جارێك هەواڵی كوژران یان مردنی بڵاو كرایەوە، بەڵام لە 2021 رێكخراوەكە چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی زەواهیری بڵاو كر دەوە بۆ رەواندنەوەی دەنگۆكانی مردنی. 

كوشتنی ئەیمەن زەواهیری لەلایەن هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا، دووەم گەورەترین گورزە لە رێكخراوی قاعیدەی دەدات لە دوای كوشتنی ئوسامە بن لادن لە 2011، بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكی دەڵێت، ماوەی چەند ساڵێكە حكوومەتی ئەمەریكا زانیاری لەبارەی تۆڕێك هەیە كە پاڵپشتی لە زەواهیری دەكات، بە درێژایی ساڵی رابردوویش لە دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە ئەفغانستان، بەرپرسانی ئەمەریكا چاودێری دۆخی ئەو وڵاتە و بوونی ئاماژەیان لەسەر دەركەوتنی قاعیدە لەو وڵاتە كردووە. 

گوتی، لە ماوەی ئەمساڵ ئەوەیان زانی كە ماڵباتی زەواهیری، خێزان و كچ و منداڵەكانی كچەكەی، چوونەتە خانووێك لە كابول، بەر لەوەی بوونی زەواهیری لەو شوێنە دیاری بكەن، بەپێی زانیارییەكان لە مانگی نیسانی رابردوو بۆ یەكەمجار بایدن لە بوونی زەواهیری لە كابول ئاگەدار كرایەوە، بۆیە ماوەی چەند مانگێكە بەرپرسانی هەواڵگری ئەمەریكا لە بوونی زەواهیری لەو خانووە دڵنیا بوون، لە سەرەتای مانگی نیسان بەرپرسانی باڵای ئەمەریكایان لەوە ئاگەدار كردەوە، لەوان جیك سۆلیفان، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا.  

روونی كردەوە، لە رێگەی سەرچاوەی زانیارییەكان توانیمان شێوازی ژیانی زەواهیری لەو ناوچەیە دیاری بكەین بە مەبەستی ئامادەسازی بۆ كردەكە، دەركەوت دوای گەیشتنی زەواهیری بۆ ئەو ماڵە، جێی نەهێشتووە و چەند جارێكیش لە بەلەكۆنە بینراوە، بەرپرسانی هەواڵگری لێكۆڵینەوەیان لە شێوەی دروستكردنی خانووەكە و ئەوانەی تیایدا دەژین كرد، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەمەریكا بە متمانەییەوە بتوانێت كردە سەربازییەكەی ئەنجام بدات و بێ دروستكردنی هەڕەشە لەسەر كەسانیتر و خێزانی زەواهیری ئەو لەناو ببات.

ئەو بەرپرسە دەڵێت، لە چەند هەفتەی رابردوو، بایدن چەند كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ راوێژكارە باڵاكان و ئەندامانی ئیدارەكەی بۆ چاوخشاندن بە زانیاری هەواڵگری ساز كرد، بۆ هەڵسەنگاندنی باشترین رەوتی كاركردن، لە سەرەتای تەمووزی رابردوو، ئەندامانی ئیدارەكەی لەوانەیش ولیام بێرنز، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی (سی ئای ئەی)، بایدنیان لە پێشنیازێك لە ژووری ئۆپراسشیۆنەكان لە كۆشكی سپی ئاگەدار كردەوە، ئەوكات بایدن چەند پرسیارێكی كرد ئاخۆ چی دەزانین و چۆن دەزانین، ئەو لە نزیكەوە چاوی بە نموونەیەكی دروستكراوی خانووەكەی زەواهیری كەوت كە لەلایەن هەواڵگرییەوە ئامادە كرابوو.  

ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە بە "رۆیتەرز"، دەڵێت، بایدن چەند پرسیارێكی كرد لەوانە رووناكی و كەشوهەوا و مادەی دروستكراوی خانووەكە و هیتریش كە كار دەكەنە سەر سەركەوتوویی پرۆسەكە، جیا لە شیكردنەوەی لێكەوت و كاردانەكانی ئەو هێرشە لە كابول، گرووپێك لە گەورە پارێزەرانیش دوای پشكنینی راپۆرتەكانی هەواڵگری دووپاتیان كردەوە كە بەو پێیەی زەواهیری سەركردەی بەردەوامی رێكخراوی قاعیدیە، بۆیە ئامانجێكی یاساییە، بۆیە بایدن لە 25ی تەمووزی رابردوو داوای لە راوێژكار و بەرپرسانی ئیدارەكەی كرد دوا چاوخشاندنەوە بۆ بابەتەكە بكەن و تاوتوێی ئەوە بكەن كوشتنی زەواهیری چۆن كار دەكاتە سەر پێوەندی ئەمەریكا و تالیبانەوە، بۆیە دوای وەرگرتنی بۆچوونەكان، بایدن رێگەی بە وەشاندنی گورزێكی وردی ئاسمانی دا، بەو مەرجەی كەمترین هاووڵاتی مەدەنی بپێكێت، لەوانەیش ئەندامانی خێزانی زەواهیری، كە كەسیان لە هێرشەكە نەكوژراون. 

بەو شێوەیە لە سەعات 9:48 خولەكی ئێوارەی 30ی تەمووزی رابردوو بە كاتی ئەمەریكا، دەكاتە 4:48 خولەك بە كاتی عێراق، درۆنێكی ئەمەریكی بە مووشەكی جۆری "هێلفایەر"، هێرشی كردە سەر خانووەكەی ئەیمەن زەواهیری لە ناوچەی شێر بۆر لە كابولی پایەتەختی ئەفغانستان و كوشتی.  

ئەیمەن زەواهیری، پزیشكی نۆشداری چاو، لە 2011ەوە سەركردەی رێكخراوی قاعیدەیە و پێش ئەویش دەستە راستی ئوسامە بن لادن و مونەزیری سەرەكیی رێكخراوەكە بووە، هەندێك بە پلاندانەری هێرشەكانی 11ی سێپتێمبەری 2001ی ئەمەریكا دادەنێن، واشنتن 25 ملیۆن دۆلاری وەك پاداشت بۆ گرتن یان كوشتنی دیاری كردبوو.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل