"بلۆند" یەكەمین فیلمی فێستیڤاڵی دۆڤێڵ دەبێت

:: PM:02:10:03/08/2022 ‌
بڕیارە لە مانگی سێپتێمبەردا فێستیڤاڵی دۆڤێڵ لە فڕەنسا بۆ فیلمە ئەمەریكاییەكان بەڕێوە بچێت، یەكەمین فیلم كە لەو فێستیڤاڵە پێشان دەدرێت، "بلۆند"ـە كە چیرۆكی فیلمەكە باس لە ژیانی خاتووونە هونەرمەندی كۆچكردوو مارلین مۆنرۆ دەكات.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم سێی ئاب بڵاوی كردووەتەوە، بڕیارە لە دوو تا 11ی سێپتێمبەر لە نۆرماندی باكوری فڕەنسا، فێستیڤاڵی دۆڤێڵ بۆ فیلمە ئەمەریكاییەكان بەڕێوە بچێت، ئەو فیلمانەی لە هۆڵیوود بەرهەم هێنراون، یەكەمین فیلمیش كە لەو فێستیڤاڵە پێشان دەدرێت، "بلۆند"ـە كە باس لە ژیانی مارلین مۆنرۆ دەكات.

لە رۆژی پێشاندانی فیلمەكە، دەرهێنەرەكەی ئەندرۆ دۆمینیك و ئەكتەرە سەرەكییەكەی ئانا دی ئەرماس، ئامادە بن كە ئەرماس لەو فیلمەدا رۆڵی مارلین مۆنرۆ دەبینێت. ئەو فیلمەی باس لە ژیانی مۆنرۆ لەدایكبوونیەوە تا مردنی دەكات، سیناریۆی فیلمە لە كتێبێكی نووسەری ئەمەریكی جۆیس كارۆل ئۆتس وەرگیراوە. نووسەرەكە لە كتێبەكەیدا رۆشنایی دەخاتە سەر تەواوی ژیانی مارلین مۆنرۆ.

مارلین مۆنرۆ كە ناودارترین خاتوونە ئەكتەری شەستەكانی سەدەی رابردووی هۆڵیوود بووە، لە ساڵی 1026 لە لۆس ئەنجیلۆسی ئەمەریكا لە دایك بووە، جیالەوەی ئەكتەری سینەمایی بووە، هاوكات گۆرانیبێژیش بووە، لە ساڵی 1962 لە تەمەنی 36 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە. لەبارەی مردنی ئەو هونەرمەندە تا ئێستەیش بۆچوونی جیاواز دەخرێنە روو، بەشێكیان مردنەكەی بە كوشتن یان خۆكوشتن باس دەكەن، بەڵام تا ئێستەیش جۆری مردنەكەی بە گوماناوی ماوەتەوە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د