دیارترین سەرانی داعش و قاعیدە كە لەلایەن ئەمەریكاوە كوژراون

:: PM:07:09:03/08/2022 ‌

چیڕۆكی نەیاریی نێوان ئەمەریكا و هەردوو گرووپی توندڕۆ و تیرۆریستی قاعیدە و داعش ساڵانێكەی دەستی پێ كردووە، سەرانی ئەمەریكا دێن و دەچن، بەڵام ئەو نەیارییە بەردەوامە و تا ئێستە ئەمەریكا ژمارەیەك لە سەركردە و فەرماندەی باڵای ئەو دوو رێكخراوەی كردووەتە ئامانج و بەردەوامیشە، هێرشەكەی 11ی سێپتێمبەری 2001، بووە خاڵی وەرچەرخانی ئەو نەیارییەوە، لەوە بەدواوە ئەمەریكا دەستی بە راوە سەركردەی گرووپە توندڕۆكان كرد و بەردەوامە.

بەرەبەیانی دوێنێ ئەمەریكا رای گەیاند كە شەمووی رابردوو لە كردەیەكی تایبەت و لە رێگەی درۆنێكەوە، ئەیمەن زەواهیری، سەركردەی رێكخراوی قاعیدەی لە ئەفغانستان كوشتووە، بەوەیش رووناكی خستنەوە سەر مێژووی كوشتنی سەرانی گرووپە توندڕۆكان، بەتایبەتی قاعیدە و داعش، هەروەها چۆنیەتی كارتێكردنی ئەو كوشتنانە لەسەر جموجۆڵ و چالاكیی دوو رێكخراوەكە، لە دیارترین ئەو سەركردە توندڕۆیانەی بە دەستی ئەمەریكا كوژراون:

*ئەبو موسعەب زەرقاوی، سەركردەی رێكخراوی قاعیدە لە عێراق، لە 7ی حوزەیرانی 2006 لە هێرشێكی ئاسمانی بۆ سەر خانووێك لە باكوری بەغدا لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە كوژرا، بەپێی سوپای ئەمەریكا لەو هێرشەدا شەش كەسیتر كوژران، ژن و منداڵێكی تیادا بوو.

ئەو هێرشە دوای تەنیا سێ ساڵ لە شەڕی ئازادكردنی عێراق لە سەردەمی جۆرج دەبڵیو بۆش، سەرۆكی ئەوكاتی ئەمەریكا هات كە بە گورزێكی گەورەی بۆ رێكخراوی قاعیدە لە قەڵەم دا، هاوكات بە سەركەوتنی بۆ جەنگی دنیایی دژ بە تیرۆر دانا، هەر ئەوەیش وای كرد رێكخراوەكە لە عێراق لاواز بێت و رێكخراوی تیرۆریستی داعش دوای چەند ساڵێك لەوە شوێنی بگرێتەوە.

*ئوسامە بن لادن، ئەوكاتەی باراك ئۆباما، سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا لە 2009 پۆستەكەی لە كۆشكی سپی وەرگرت، فەرمانی بە لیۆن پانیتا، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ناوەندی هەواڵگری ئەمەریكا كرد كە كوشتن یان گرتنی بن لادن بكاتە كاری لە پێشینەی خۆی.

 لە سەرەتای مانگی ئایاری 2011، ئۆباما و گەورە بەرپرسانی ئیدارەكەی لە ژووری ئۆپراسیۆنەكان لە كۆشكی سپی، سەیری كردەیەكی ئاسمانی هێزە تایبەتەكان ئەمەریكایان دەكرد، كە لە ئەفغانستانەوە بەرەو شاری ئابووت ئاباد لە پاكستان چوون و هەڵیان كوتایە سەر كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوون، كە زانیاری بوونی بن لادەن لەوێ هەبوو، بن لادنی 54 ساڵیان كوشت و تەرمەكەی و نووسراوە گرنگ و كەلوپەلە كەسییەكانیان برد، ئۆباما كوشتنی راگەیاند و قاعیدەیش دووپاتی كردەوە و بەلێنی تۆڵەسەندنەوەی دا.  

*حەمزە بن لادن، كوڕی بن لادن و شازادەی جێنشینی رێكخراوی قاعیدە، لە ئەیلوولی 2019، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا كوژرانی حەمزەی كوڕی بن لادنی دامەزرێنەری رێكخراوی قاعیدەی راگەیاند، كە چاوەڕوان دەكرا ببێتە سەركردەیەكی رێكخراوەكە، ئەوەیش بە هەمان شێوە بە دەستی هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان و پاكستان كوژرا، بەڵام وادەی كوژرانی بە نادیاری مایەوە.
بەغدادی كولتوورێكی دڕندانەی هێنایە ناو كاری جیهادی بە سەربڕین و خۆتەقاندنەوە كوشتنی خەڵكی سڤیل
*ئەبو بەكر بەغدادی، لە تشرینی یەكەمی 2019، دۆناڵد ترەمپ كوژرانی ئەبو بەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی تیرۆریستی داعشی لە كردەیەكی تایبەتی سەربازیی ئەمەریكا لە سووریا راگەیاند، ئەو لە 2010ەوە سەركردایەتی رێكخراوەكە دەكات، لە 2014 خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا راگەیاند و كۆنترۆلی ناوچەیەكی فرەوانی ئەو دوو وڵاتەی كرد و سەرپەرشتی چەندان گرووپی تری تیرۆریستی لە دنیا دەكرد، كولتوورێكی دڕندانەی هێنایە ناو كاری جیهادی بە سەربڕین و خۆتەقاندنەوە لە شوێنە قەرەباڵغەكان و هێرشە بەتەنیاكانی ئەندامانی بۆ سەر خەڵكی سڤیل. 

دوای لەناوبردنی دەوڵەتەكەی داعش و ئازادكردنی زۆرینەی ناوچەكانی داگیری كردبوون، بەغدادی بە ئازادی مایەوە، تا لە ئۆپراسیۆنێكی تایبەتی سەربازی ئەمەریكا لە تشرینی یەكەمی 2019 لە باكوری رۆژئاوای سووریا كوژرا، ئەوات گوترا كە خۆی تەقاندووەتەوە و سێ لە كوڕەكانیشی بەو هۆیەوە كوژراون، ترەمپ لەبارەی كوشتنییەوە گوتی، وەك سەگ هاتە تۆپاندن، لەو ئۆپراسیۆنە دوو سەربازی ئەمەریكا بریندار بوون و ژمارەیەك چەكداری داعش كوژران، لەوانە دوو ژنی بەغدادی.

*ئەبو ئیبراهیم قورەشی، دوای كوژرانی بەغدادی بە چەند رۆژێك، كرایە سەركردەی نوێی داعش و توانی كاریگەری كوژرانی بەغدادی لەسەر رێكخراوەكە كەم بكاتەوە، لە شوباتی 2022، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمەریكا كوژرانی قورەشی لە ئۆپراسیۆنێكی تایبەتی هێزە كانی ئەمەریكا لە سووریا راگەیاند، لەو ئۆپراسیۆنە 13 كەسیتریش كوژران، لەوانە شەش منداڵ و چوار ژن، كاتێك هێزەكانی ئەمەریكا خانووێكی دوو نهۆمیان لە پارێزگەی ئیدلبی سووریا كردە ئامانج، هێزەكانی ئەمەریكا گوتیان قورەشی بۆمبێكی تەقاندووەتەوە و بەو هۆیەوە یاریدەرێك و ئەندامانی خێزانەكەی كوژراون.

*ماهیر عەقال، كۆشكی سپی لە مانگی تەمووزی رابردوو كوژرانی ماهیر عەقال، سەركردەیەكی باڵای رێكخراوی داعشی لە سووریا راگەیاند، ئەو بەرپرس بووە لە هەوڵەكانی فرەوانكردنی تۆڕەكانی داعش لە دەرەوەی سووریا و عێراق، لە هێرشی درۆنێك لە باكوری رۆژئاوای سووریا كوژراوە، لەو هێرشەدا بەرپرسێكی تری داعش بە سەختی بریندار بوو.        



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل