ژمارەیەكی تری پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سلێمانی ئەنجام دەدرێن

:: PM:10:45:03/08/2022 ‌

بە مەبەستی خزمەتكردنی هاووڵاتییان و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان بە ناوچە جیاجیاكانی هەرێم، حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەندان پڕۆژە لە رێگەی وەزارەتی شارەوانییەوە جێبەجێ دەكات، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوویش ژمارەیەك پڕۆژەی خستە بواری جێبەجێكردن و پارەی بۆ تەرخان كردن، پڕۆژەكان زیاتر لە كەرتی ئاون، كە ئێستە بۆ هاووڵاتییان گرنگ و پێویستن.

ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانە بەردەوام دەبن و لەسەر داهاتی شارەوانییەكان جێبەجێ دەكرێن، ئێستە پێنج پڕۆژەی گرنگی ئاو و ئاوەڕۆ لە سلێمانی و شارۆكەكانی دەوروبەری زیاتر لە یەك ملیار دیناریان بۆ تەرخان كراوە، ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیش رای دەگەیەنێت كە حكوومەت بەبێ جیاوازی پڕۆژە لە ناوچەكان جێبەجێ دەكات و ئامانجەكەیش تەنیا خزمەتكردنی هاووڵاتییان و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانیانە.
كابینەی نۆ گرنگی زۆری بە سلێمانی داوە و زۆرترین پڕۆژە بۆ سنوورەكە بووە
ئەو پڕۆژانەی لە ناو شاری سلێمانی و لە لایەن وەزارەتی شارەوانییەوە بودجەیان بۆ تەرخان كراوە، پێكدێن لە دابینكردنی بوستەر پەمپ بۆ پڕۆژەی ئاوی (پی دەبلیۆ جی)، كە بەپێی یاسا و رێنماییەكانی دارایی تایبەت بە داهات و لەسەر رێژەی 17%ی داهاتی ئاو لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، بڕی 400 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە.

هەروەها بە مەبەستی پەرەپێدانی سیستمی ئاوەڕۆی شاری سلێمانی، پڕۆژەیەكی درێژكردنەوەی ئاوەڕۆ لە سنووری شەقامی سەرەكی هەواری شار بۆ گەڕەكی كانی سپیكە جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی شارەوانی رەزامەندی خەرجكردنی بڕی گوژمەی 373 ملیۆن دیناری داوە، پڕۆژەی درێژكردنەوەی ئاوەڕۆی سندووقی و ئاوەڕۆی بۆریی جیاكراوەی 119ی كەڵەكن، لە ژێر شەقامی سەرەكی هەواری شارەوە بۆ گەڕەكی كانی سپیكە لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی.

لای خۆیەوە سەروەر ساڵح، سەرۆكی شارەوانی دوكان بە "وشە"ی راگەیاند، پڕۆژەی كۆنكرێتی گەڕەكی سەرچەم، كە خزمەتگوزارییە و گوژمەكەی 100 ملیۆن دیناری بۆ دەرچووە بۆ چاككردنی كۆڵانەكانی ئەو گەڕەكە، لە رابردوودا بەشێك لە كارەكانی كراوە و بەشێكیشی ماوە.

لە لایەكی ترەوە رەزامەندی خەرجكردنی بڕی گوژمەی 233 ملیۆن دینار بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی قیرتاوكردنی چەند شەقامێك لە گەڕەكی راپەڕین لە چەمچەماڵ دراوە، ئەم پڕۆژەیە كاریگەری لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكانی سنووری شارەوانی چەمچەماڵ و ئاسانكاری هاتوچۆیش بۆ دانیشتووانی گەڕەكەكە و شۆفێران هەیە.

هەروەها خەرجكردنی بڕی 295 ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی چوار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی دەربەندیخان، كە پێك دێن لە نۆژەنكردنەوەی فولكەی گومرگ و شەقامی ژمارە 20، هەروەها نۆژەنكردنەوەی دووڕیانی دەربەن ژاڵەناو و نۆژەنكردنەوەی جەزرەی ناوەندی شەقامی شەهیدان و نۆژەنكردنەوەی فولكەی مەشتەل لە شەقامی شەهیدان لە دەربەندیخان.

لای خۆیەوە زیاد كاكە رەزا، جێگری سەرۆكی لیژنەی شارەوانی بە "وشە"ی راگەیاند، ئامانجی حكوومەت جێبەجێكردنی پڕۆژەكانە بەبێ جیاوازی لە هەموو شار و ناوچەكان و گەیاندنی خزمەتگوزارییە بۆ هاووڵاتییان و خزمەتكردنیان، ئەمەیش بۆ چارەسەركردنی كێشەی هاووڵاتییان، پڕۆژە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك ئاو و كارەبا و ئاوەڕۆ و قیر و كۆنكرێت، پێشینەی كارەكانی حكوومەتە و لە تەواوی ناوچەكان گرنگی بەو پڕۆژانە دراوە و بودجەیان بۆ تەرخان كراوە.

روونی كردەوە، كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زۆری بە سلێمانی داوە و بەپێی داتا و ئامارەكان زۆرترین پڕۆژە بۆ سنوورەكە بووە، دووپاتی كردەوە، سلێمانی پارێزگایەكی فراوانە و بەردەوام پێویستی بە پڕۆژەی خزمەتگوزاری و خزمەتكردن هەیە، بەردەوامیش بەپێی ئەو پلانانەی كە حكوومەت دایدەنێت، سلێمانی زیاتر پڕۆژە و بودجەی هەیە.

سەرەڕای ئەو پڕۆژانە، ئێستە پڕۆژەی راكێشانی هێڵی سەرەكیی گواستنەوەی ئاو لە تاسڵوجە بۆ سلێمانی بە درێژایی زیاتر لە 15هەزار مەتر دوجا لە تەواوبوندایە، كە بەو هۆیەوە سەرو 100 هەزار هاووڵاتی سنوورەكە لێی سوودمەند دەبن و دەبێتە هۆی پەرەپێدانی زیاتری پڕۆژەكانی ئاو لە سەنتەری شاری سلێمانی.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل