دكتۆر خالید حه‌یده‌ر مامۆستای زانكۆی سلێمانی و پسپۆڕی ئابووری، له دیمانه‌ی "وشه"دا باس له پلانی كابینه‌ی نۆ بۆ بواری ئابووری و چۆنیه‌تیی بره‌ودان به كه‌رتی ئابووری و داهات له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و پێی وایه، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت هه‌نگاوی زیاتر بنێت بۆ ئه‌وه‌ی ئابوورییه‌كه‌ی باشتر به‌ره‌وپێش ببات و له دابینكردنی پێداویستییه‌كانی ناوخۆ، كه‌متر چاوی له ده‌ره‌وه بێت. ئه‌و ئاماژه‌شی داوه بۆ ئه‌وه‌ی ئابووری هه‌رێمی كوردستان به‌هێزتر بێت، وا باشتره له‌گه‌ڵ به‌غدا رێك بكه‌وێت.
دۆخی ئابووری كوردستان چۆن ده‌بینن؟
حكوومه‌تی عێراق له قۆناغی پێكهێناندایه، ئه‌م بابه‌ته‌ش پێوه‌ندیداره به حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌به‌رئه‌وه‌ی پشكی باشی هه‌یه له په‌رله‌مانی عێراقی به هه‌موو حزبه‌كانه‌وه، حكوومه‌تی كوردستان پێكهێنه‌رێكی سه‌ره‌كییه یان كاریگه‌ره له حكوومه‌تی داهاتووی عێراق، ئه‌م بابه‌ته بۆ ئه‌وه باس ده‌كه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌میشه لایه‌نی دارایی هه‌رێمی كوردستان، به‌ستراوه به لایه‌نی دارایی عێراقه‌وه. تا حكوومه‌ت پێكنه‌هێنرێت، حكوومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر ناتوانێت وه‌ك حكوومه‌تێكی ئاسایی هه‌ڵسوكه‌وت بكات، ئه‌گه‌ر حكوومه‌تێكی هه‌میشه‌یی هه‌بێت، له‌وانه‌یه ڕێكبكه‌ون له‌سه‌ر ڕێژه‌یه‌كی تر و بڕه پاره‌یه‌كی تر و به‌مه‌ش دۆخه‌كه باشتر ببێت.
گرنگ ئه‌وه‌یه چۆن به‌شدار ده‌بێ له پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراق، له ناوخۆیشه‌وه تا چه‌ند ده‌توانێ خۆی به‌هێز بكات و پشت نه‌به‌ستێ به داهاتی به‌غدا، ئه‌مانه هه‌موویان كاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر دۆخی ئابووری هه‌رێمی كوردستان به گشتی.
پلانی ئابووری حكوومه‌ت چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن و ده‌بێت چیتر بكات بۆ به‌هێزبوونی ئابووری؟
سه‌رچاوه‌كان به‌كار بێنێ بۆ گه‌یشتن به ئامانج و به‌هێزبوونی ئابووری، ئه‌م كابینه‌یه كار له چاكسازی ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌رجییانه له ئاستی پێویست بێت. پێویسته وه‌به‌رهێنان و كاروباری وه‌به‌رهێنان به‌ڕێ بكات و پار دابنێت بۆ پڕۆژه جیاوازه‌كان. ئاسایشی ئابووری پێكهێنه‌رێكی سه‌ره‌كییه كه بریتییه له ئاسایشی خۆراك، ئه‌مه‌ش پشت ده‌به‌ستێت به توانای كه‌رتی كشتوكاڵ كه تا چه‌ند ده‌توانێ پێداویستییه‌كانی ناوخۆ پڕ بكاته‌وه و پێویستیمان به ده‌ره‌وه نه‌بێت. ده‌بێت بابه‌تی خۆراك و خوارده‌مه‌نی له ناوخۆ دابین بكرێت و له ده‌ره‌وه هاورده نه‌كرێت و پاره‌ی ناوخۆ له ناوخۆ به‌كار بهێنرێت، هاوكات هه‌وڵ بدات كه‌متر پشت ببه‌ستێ به داهاتی نه‌وت.
چۆن كوردستان داهات و ئابووری خۆی به‌هێز بكات و پێویستی به به‌غدا نه‌بێت و مووچه دابه‌ش بكات؟
ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕێك بكه‌وێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه له عێراق، هه‌میشه باس له‌وه ده‌كرێ كه وه‌ك لایه‌نی ئابووری به‌شێكه له ئابووری عێراق و دارایی به‌شێكه له دارایی عێراق، بۆیه ئێمه هه‌ر هه‌نگاوێك بنێین، ده‌بێ ئاگامان له‌و ڕێككه‌وتنه بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا كراوه، ئێمه هه‌میشه باس له‌وه ده‌كه‌ین پێویستیمان به‌و بڕه پاره‌یه‌یه له به‌غداوه بۆمان دێت، كاتێك كه ئێمه ئه‌وه ڕابگه‌یه‌نین، واته لێره ئابوورییه‌كه‌مان به‌ستراوه به ئابووری عێراق.
داهاتی خۆمان هه‌بێ، ئه‌وكاته ده‌كرێ باس له ئابوورییه‌كی به‌هێز بكه‌ین
ئه‌گه‌ر توانیمان وابكه‌ین كه ئابووری پشت نه‌به‌ستێت به ئابووری عێراق و داهاتی خۆمان هه‌بێ، ئه‌وكاته ده‌كرێ باس له ئابوورییه‌كی به‌هێز بكه‌ین، ئیتر پێویستیمان به به‌غدا نه‌بێت، به‌و شێوازه ده‌كرێ باس له ئابوورییه‌كی به‌هێز بكه‌ین و داهاتمان زیاتر ببێ و ئابووریه‌كه‌مان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بڕوات. ئه‌گه‌رنا هیچ ئابوورییه‌ك نییه باس له‌وه بكات كه ئابوورییه‌كی سه‌ربه‌خۆیه به ئه‌مریكاشه‌وه، هه‌میشه ئه‌مه‌ریكاش له وڵاتانی تر هاورده‌ی شتومه‌ك ده‌كات و ناكرێ بگوترێ سه‌ربه‌خۆییه‌كی ڕه‌های هه‌یه.
حكوومه‌ت چی بكات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانه ناوخۆیی و ده‌ره‌كی و جیهانییه‌كان؟
تا ئابووری وڵات به‌هێزتر بێ، ئاسانتر ده‌توانێت ڕووبه‌ڕووی ئه‌و جۆره قه‌یرانانه ببێته‌وه، كاتی ریفراندۆم ئابوورییه‌كه‌مان له‌و ئاسته‌دا نه‌بوو كه پشت ببه‌ستین به توانای خۆمان، بینیمان ئێران و توركیا شه‌ڕیان به هه‌رێم ده‌فرۆشت، ئه‌وكاته ئابوورییه‌كی به‌هێزمان هه‌بووایه و پێویستیمان به توركیا و ئێران نه‌بووایه، نه‌یانده‌توانی وا بكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێمه له زۆرینه‌ی بواره‌كان به تایبه‌ت له بواری خۆراك، پێویستیمان به ئێران و توركیا و چین هه‌یه.
هه‌رێم له‌باره‌ی بره‌ودان به كه‌رتی نه‌وت و زیادكردنی داهات ده‌بێ چ بكات؟
ده‌بێت ته‌كنه‌لۆجیای پێشكه‌وتووتر بێنین بۆ كێڵگه نه‌وتییه‌كان و ژماره‌یان زیاد بكه‌ین، كاتێك ئێمه باس له‌و بره‌ودانه ده‌كه‌ین، ده‌بێت ئاگامان له‌و بابه‌ته بێت و هه‌میشه هه‌وڵ بده‌ین ڕێك بكه‌وین له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئه‌و بابه‌ته، بره‌ودان به‌كه‌رتی نه‌وت و هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی كێڵگه‌ی نه‌وتی زیاتر و ده‌رهێنانی نه‌وتی زیاتر و پاڵاوتن، پێداویستییه‌كانی خۆمان پڕ بكه‌ینه‌وه، ئینجا هه‌نارده‌ی بكه‌ین بۆ ده‌ره‌وه، ئه‌مانه هه‌مووی به ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی دیسان ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ خاڵه سه‌ره‌كییه‌كه كه ئێمه به‌شێكین له عێراقی فیدراڵ.
سلێمانی\ئاسان محه‌مه‌د