بۆ كۆكردنەوەی هەنگوین ژینگە و سروشتی شاخ و كوێستانەكان دەشێوێنرێ

:: AM:10:44:05/08/2022 ‌
بەمەبەستی دەرهێنانی هەنگوینەكەی ناوی و بەهۆی باشی جۆرەكەی، ساڵانە لە هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان ژمارەیەك لە هاووڵاتی كە كاریان گەڕان و دۆزینەوەی هەنگوینە روودەكەنە شاخ و دارستانەكان و بۆ دەرهێنانی هەنگوین ئەو دارانە دەبڕنەوە كە مێش هەنگی تێدایە، ئەمەش بۆ ژینگەو تێكدانی داری دارستانەكان هەوڵێكی خراپەو لایەنی پێوەندیداریش سزای خەڵكیان نەداوە.

 هێمن كەمەرخان بەرپرسی بەشی راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی سلێمانی، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئێمە دەزانین ساڵانە هاووڵاتی و هەنگەوانان روودەكەنە شاخەكان بۆ دەرهێنان و دۆزینەوەی هەنگوینی ناو دار كە باشترین جۆری هەنگوینە، بڕینی دارەكان زیانگەیاندنە بە ژینگەو سروشتی ناوچەكان و تێكدانی دارستان و شاخەكان، لە دوو ساڵی رابردوو لە سنووری كاری ئێمە هیچ كەسێك نەگیراوە لە كاتی برینی داری شاخ و كوێستانەكان بەمەبەستی دەرهێنانی هەنگوینەكەی ناوی.

زیاتر گوتی، لە ساڵانی رابردوو لە سنووری كاری خۆمان لە رێی مەفرەزەكانەوە خەڵكمان گرتووە لە كاتی دەرهێنانی هەنگوین و بڕینی دار، سزادراون و غەرامە كراون بەپێی تەمەنی دارەكان، ئەو كارە هیچ باش نییە و بەهۆیەوە سروشت و جوانی دار و كوێستانەكان دەشێوێنرێت، ئەو دارەی كە دەبڕدرێتەوە بەپێی تەمەنەكەی، ئەگەر 50 ساڵ بێ تەمەنی غەرامەكەی 200 هەزارە، تا گەورەتر بێ غەرامەی زیاترە.

سوبحان حسێن گوتەبێژی فەرمانگەی ژینگەی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، ساڵانە بەڕێژەیەكی كەم بڕینی داری شاخ و كوێستانەكان هەیە، ئەوانەی ئەو كارە دەكەن و دار دەبڕنەوە ئەو یاسایانە بەسەریان جێبەجێ دەكرێت كە هەن و دادوەر ئەو یاسایە دیاری دەكات بەپێی جۆری كارەكە كە كردویانە، یاسای داربرێن رێگە بە داربڕین نادات لە هیچ كات و شوێنێك.

باسی لەوەش كرد، ئەوانەی ئەو كارانە دەكەن، یاسا دەڵێت ئەگەر دارەكەی نەبڕیبێت، بەڵام مشار و ئامێری بڕینی دارەكەی پێبێت لەو حاڵەتەش سزا دەدرێت، بەڵام بڕینی دار زیان بە ژینگە و سروشت دەگەیەنێت و كاریگەری لەسەر كەشوهەواش دەبێت، نابێت حسابی یەك ساڵ بكرێت، هەر ساڵەی چەند دارێك ببڕدرێتەوە دوای چەند ساڵ زیان و كاریگەریەكەی دەردەكەوێت.

هەنگەوانێك كە ساڵانە كاری كێوماڵی دەكات بۆ هەنگوینی داری شاخ و كوێستانەكان بە "وشە"ی راگەیاند، پاساو بۆ بڕینی داری شاخ و كوێستانەكان ناهێنینەوە، بەڵام بڕینی دار تا دار جیاواز، بەڵێ كەسی وا هەیە كە دەچێت بۆ كێوماڵی بۆ دۆزینەوەو دەرهێنانی هەنگوینی ناو دار، بەشێوەیەكی ناشیرین هەموو دارەكە دەشێوێنێت و دواتر دارەكەش دەسوتێنێ، ئەمە زیان بە سروشتی شاخ و كوێستانەكان دەگەیەنێت.

گوتیشی، چەندین ساڵە ئەو كارە دەكەین، بەڵام بەشێوەیەكی باش، ئێمە دارەكە ناشێوێنین، تەنها بەشێوەی چوارگۆشەیی دارەكە كون دەكەین و هەنگوینەكەی ناوی دەردەهێنین باشترە لەوەی كە دارەكە بەتەواوی ببڕدرێتەوەو ئاسەواری نەمێنێت و دواتر بسوتێنرێت، ئەمە لە هەموو وڵاتان هەیە، هەنگوینی داریش بەشێكە لە خواست و پێویستی كە ساڵانە هاووڵاتی پەنای بۆ دەبات و باشترین جۆری هەنگوینەو بۆ دەرمان بەكاردەهێنرێت.



سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - رامیار جەواد