خۆپێشاندان دەبێت مۆڵەتی بۆ وەربگیرێت

:: AM:11:15:05/08/2022 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، خۆپێشاندانێك بكرێت دەبێت لەچوارچێوەی مەرج و رێكارەكان بێت و مۆڵەتی بۆ وەربگیرێت و خزمەت بە هاووڵاتییان و هەرێمەكەمان بكات و لە بەرژەوەندی خەڵك بێت و دوربێت لە گرژی و ئاڵۆزی و بەهێمنانە بەڕێوەبچێت.

ئەمڕۆ هەینی پێنجی ئاب، عوسمان سێدەری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی، بە "وشە"ـی راگەیاند، هەر خۆپێشاندانێك ئەگەر رێگەپێدراو بوو، مۆڵەتی وەرگرتبوو، ئێمە وەك خۆپێشاندانێكی یاسایی سەیری دەكەین و پێمان ئاساییە، چونكە خۆپیشاندان دەبێت بەپێی یاسا مۆڵەتی بۆ وەربگیرێت.

زیاتر گوتی، هەموو كەس مافی ئەوەی هەیە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەرببڕێت، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێین حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە و دەبێت مۆڵەت لە پارێزگا و هەر لایەنێكی پێوەندیداری حكوومەت یان هێزە ئەمنییەكان وەربگیرێت، هەروەها دەبێت بەشێوەیەكی هێمنانەو دوور لە گرژی و ئاڵۆزی بەڕێوە بچێت.

ئەو پەرلەمانتارەی روونی كردەوە، هەر خۆپێشاندانێك دەبێت خزمەت بە میللەت و شار و هەرێمەكەمان بكات و خزمەت بە خەڵك بكات، بەڵام بەپێچەوانەوە هەموو خۆپێشاندانێك خزمەت بە هەرێمەكەمان ناگەیەنێت.

ماوەی چەند رۆژە شاسوار بانگەشەی خۆپێشاندان دەكات ئەوەش بۆ تێكدانی ئەمنیەت و دروستكردنی ئاژاوەیە لە ناوچەكان و هاندانی خەڵك بۆ بەرژەوەندی حزبی.

وشە/ تایبەت



وشە - رامیار جەواد