عەلی باپیر فێربووە لە پرسەکاندا وتار دەدات

:: PM:08:03:05/08/2022 ‌
ماوەیەکە کەسانێک لە هەرێمی کوردستان دەچنە پرسەکان و دەست دەکەن بە وتاردان کە ئەمە لەگەڵ مەرج و ڕێنمایەکانی پرسەکان یەکناگرێتەوە و وتاردان شوێن و کاتی تایبەتی خۆی هەیە، لە ناو ئەوکەسانەیش سەرۆکی کۆمەڵی دادگەرییه‌ کە لەو پرسانەی بەشداری دەکات دەست بە وتاردان دەکات، لە دواین جاریش لە پرسەی ئەو گەنجەی تەق تەق وتاریدا.

وتاردان لە پرسەکاندا لە حاڵەتەوە بەرەو دیاردە هەنگاو دەنێت و کەسانێک کە دەچنە هەر پرسەیەک دەست بە وتاردان دەکەن، بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقافیش دەڵێت، وتاردان لە پرسە لە دەرەوەی ڕێنماییەکانە و پرسە شوێنی وتاردان نییە.

بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، پرسە تەنیا بۆ سەردانکردنی هاووڵاتییانە بۆ کەسوکاری مردوو، ناکرێت پرسەکان ئیستیغلال بکرێن و کەسانێک هەستن دەست بکەن بە وتاردان، ئەوەی پێویستە مامۆستای مزگەوت یان کەسی قورئان خوێن لە کۆتایی پرسەکە بە وتارێکی کورت کۆتایی بە پرسەکە دەهێنیت.

هەروەها گوتی، کەسانێک لە کاتی پرسە وتار دەدەن، ئەمە لە دەرەوەی مەرج و رێنماییەکانی وەزارەتە کە بۆ پرسە دانراوە، پرسە تەنیا پرسەیە و ناکرێت ببێتە شوێنی وتار، پرسە دانانی وتارە بۆ مردووەکە شوێنی هیچ شتێکی تر نییە، پرسە شوێنی وتاردان نییە بۆ هەر کەسێک بیەوێت خۆی نیشان بدات.

سۆران سێوکانی، شارەزای ئیسلامی سیاسی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، وتاردان لە پرسە دەبێت لە لایەن مامۆستای مزگەوت یان کەسێکی نزیک لە خاوەن پرسەکە لە کۆتایی پرسە بدرێت، وتاردان لە پرسە بە مانای ئیستیغلالکردنی شوێنەکە و کەسەکانە بۆ خۆی و مەبەستی خۆی، پێویستە هەموو مناسەبەکان بە دۆخی ئاسایی خۆیان بچن.

وشە/ تایبەت


وشە - محەمەد میران