نەوتی سپی لە زستاندا هەرزان دەبێت

:: PM:12:55:06/08/2022 ‌
گرانبوونی نرخی نەوتی سپی بۆ ماڵان هاووڵاتییانی نیگەران كردووە، بازرگانێكی فرۆشتنی نەوت دەڵێت، كەمیی بەرهەم و نەبوونی وەك پێداویستی سەرەكی ئێستە، وایكردووە نرخەكەی گران بێت.

ئێستە نرخی بەرمیلێك نەوتی سپی بە 250 بۆ 270 هەزار دینارە، ئەمەیش نیگەرانی لای هاووڵاتییان دروست كردووە، بەڵام ئەو نرخە بۆ زستان بەشێوەیەكی زۆر دادەبەزێ‌.

دەگوترێت لە زستان نرخی دەگاتە 400 هەزار دینار، هەموو ئەوانە چەواشەكارین.
ئەمڕۆ شەموو شەشی ئاب، نەوزاد رەفعەت كە بازرگانێكی كڕین و فرۆشتنی نەوتە، بە "وشە"ـی  راگەیاند، پێویست ناكات كەس بۆ گرانیی نرخی نەوت لە بازاڕەكان نیگەران بێت، ئەوەی دەگوترێت لە زستان نرخی دەگاتە 400 هەزار دینار، هەموو ئەوانە چەواشەكارین.

زیاتر گوتی، ئێستە بەرهەمهێنانی نەوت تەنیا لە دوو پاڵاوگەیە و ئەوەیش بۆ چەند كارگە و شوێنێكی جیاواز بەكار دێ‌، بۆیە بەرهەمەكەی كەمە و نرخەكەشی گرانە، بەڵام لە زستان نرخەكان بەشێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێ‌.

باسی لەوەش كرد، ئێستە هیچ بڕە نەوتێك لەلایەن بازرگانەكان هاوردە ناكرێ‌، پاڵاوگەكان نەوت بەرهەم ناهێنن، بۆیە نرخەكەی گرانە، بەڵام لە سەرەتای مانگی ئەیلوول دابەزینی نرخەكان دەست پێ‌ دەكات و مۆڵەتیش بۆ هێنانی نەوت دەست پێ‌ دەكات.

بە گوتەی ئەو بازرگانە لە دوای مانگی ئەیلوول، عێراقیش پاڵاوگەكانی بۆ بەرهەمهێنانی نەوت دەخاتە كار، هەروەها حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەشی دەكات، بۆیە نرخەكەی دێتە خوار 200 هەزار دینار.

ساڵانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە تەواوی ناوچە شاخاوییەكان نەوت دابەش دەكات، لە بەشێكی شار و شارۆكەكانیش نەوت دابەش دەكرێ‌، حكوومەتی عێراقیش بە بڕیارێكی سیاسی لە ساڵی 2015وە تا ئێستە بەشە نەوتی هەرێمی كوردستانی بە تەواوی نەناردووە.




وشە - رامیار جەواد