بڕیار لەبارەی یەكپۆشی دەدرێ‌

:: PM:01:09:06/08/2022 ‌
زانكۆی سەڵاحەدین راپرسییەكی دەست پێ‌ كردووە تا بۆچوونی قوتابیانی بزانێت بۆ بڕیاردان لەبارەی یەكپۆشی قوتابیان لە سەرجەم بەش و ناوەندەكانی سەر بەو زانكۆیە، بڕیارە بەمنزیكانە ئەو زانكۆیە لە ڕێی ئەنجوومەنی زانكۆ بڕیاری لەبارەی دەدات.

پرسی یەكپۆشی پێش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە بەشێكی زانكۆ و پەیمانگەكان باسی لێوە دەكرا و داوای جێبەجێكردنی دەكرا، بەڵام لەو كاتەدا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە ڕێگر بوو، ئێستە جارێكی تر باس لە جێبەجێكردنی دەكرێ‌.

تا ئێستە بڕیاری كۆتایی نەدراوە، ئەو جلەشی پێشنیار كراوە، رەش لەگەڵ سپی یان رەساسی لەگەڵ سپی.
ئەمڕۆ شەموو شەشی ئاب، رزگار سەدرەدین قوتابی لە زانكۆی سەڵاحەدین، بە "وشە"ـی راگەیاند، یەكپۆشی داواكارییەكی زۆری قوتابیانە، بەڵام ئەوەی بڕیاری كۆتایی دەدات سەرۆكایەتی زانكۆی سەڵاحەدینە.

زیاتر گوتی، لە ساڵی 2017 ئەو داواكارییەی بۆ یەكپۆشی هەبوو، چەندان جار گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، بەڵام تا ئێستە بڕیاری كۆتایی نەدراوە، ئەو جلەشی پێشنیار كراوە، رەش لەگەڵ سپی یان رەساسی لەگەڵ سپی.

لە روونكردنەوەیەكی زانكۆی سەڵاحەدیندا هاتووە، سێ‌ ڕۆژ بەر لە ئەمڕۆ لە سەرۆكایەتیی زانكۆ، ڕاپرسی بە مەبەستی یەكپۆشی قوتابیان ئەنجام دراوە، بەڵام تا ئێستە ئەنجامەكەی ڕانەگەیەنراوە.

باس لەوەش كراوە، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ڕاپرسییەكە، كامەران یونس سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین كۆبوونەوەی تایبەت لەگەڵ ئەنجوومەنی زانكۆ دەكات كە پێكهاتوون لە ڕاگری سەرجەم كۆلێژەكان، یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆ و نوێنەری قوتابییان، چونكە پرسی یەكپۆشی پرسێكی گرنگە لای سەرۆكی زانكۆ و بەوردی تاوتوێی دەكات و كاری لەسەر دەكات بۆ ئەوەی ببێتە بڕیار.




وشە - رامیار جەواد