ئەو كەشوهەوایەی لە هیندستان لافاوی دروست كرد گەیشتە هەرێمی كوردستان

:: PM:03:06:06/08/2022 ‌
بڕێكی زۆر شێ‌ لە ئاسمانی هەرێمی كوردستانە و كەشناسێكیش دەڵێت، گەرمیی كەشوهەوای چەند ڕۆژی رابردوو وایكرد، بوونی ڕێژەیەكی زۆری شێ‌، هیچ كاریگەرییەكی لەسەر كەشوهەوا نەبێت.

ئەمڕۆ شەموو شەشی ئاب، ئازاد گۆران شارەزای كەشناسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، بڕێكی زۆری شێ‌ و هەور لە ئاسمانی كوردستان و عێراقدا هەیە، بەڵام هیچ كاریگەریی لەسەر بارانبارین دروست ناكات.

بەهۆی زۆری پلەی گەرمی لە عێراق و هەرێمی كوردستان
زیاتر گوتی، ئەو شێ‌ و هەورەی هەفتەی رابردوو لە هیندستان و بەشێكی ئێران لافاوی دروست كرد، بەڵام بەهۆی زۆری پلەی گەرمی لە عێراق و هەرێمی كوردستان، هیچ كاریگەرییەكی دروست نەكردووە و ناشیبێت.

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبوونی هەندێ پەڵەهەور لە ناوچە شاخاوییەكان، پلەكانی گەرما نزیك دەبێتەوە لە تۆماركراوی دوێنێ.

هاوكات ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی بڵاوی كردەوە، هەمان بڕی شێ و تەڕی كە لە ماوەی ڕابردوو لە دەریای عەرەب و هیندستانەوە، وڵاتانی دەوروبەرمانی گرتەوە، بووە هۆی بارانبارینی زۆر و دروستبوونی لافاو و زیانی مادی و گیانی زۆریشی لێ كەوتەوە، ئێستە ئەو شێ زۆرە گەیشتووە بە تەواوی ناوچەكانی باكوری سعوودیە و وڵاتانی عێراق و سووریاش، بەڵام باران نابارێت و تەنانەت هەورێكی ئەوتۆش لە ئاسماندا نابینرێت.  



وشە - رامیار جەواد