هاندەرانی یانهی بۆروسیا دۆرتموندی ئهڵمانی هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە، بۆ دابینکردنی دارایی گرێبەستكردن لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی، ئەمەش لە ژێر رۆشنایی ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن، یاریزانهكه دهیهوێت یانەکەی جێ بهێڵێت.
یانەی بۆروسیا دۆرتموند بە دوای هێرشبەرێکدا دەگەڕێت، دوای رۆیشتنی گۆڵکاری یانەكه ئێرلینگ هالاند بۆ یانەی مانچێستەر سیتی، هەروەها ئەو شۆکەی کە بەهۆی نهخۆشكهوتنی سێباستیان هالەری یاریزانە نوێیەکەیانەوە تووشیان بوو، دوای ئهوهی دهركهوت تووشی شێرپەنجە بووه.
ماڵپەڕی "سپۆرت 1"ی ئهڵمانی بڵاوی كردهوه، هاندەرانی بۆروسیا دۆرتموند، هەڵمەتێکی دابینکردنی پارهیان دەستپێکردووە بە مەبەستی کۆکردنەوەی ملیۆنان دۆلار، بۆ ئەوەی یارمەتی یانەکە بدەن بۆ گواستنەوەی رۆناڵدۆ.
ئامانجی ئەم هەڵمەتە، كۆكردنهوهی نزیکەی 40 ملیۆن یۆرۆیه، بۆ ئەوەی یانهكهیان بتوانێت گرێبەست لەگەڵ ئەستێرە پۆرتوگالییەکەدا بکات.
لایەنگرێکی ئەم هەڵمەتە نووسیویەتی: "هاندەرانی خۆشەویستی بۆندسلیگا و دۆرتموند، پێشهاتی خراپی بارودۆخی سیباستیان هالەر، دۆرتموند ناچار دەکات ئاستی زریانهكهی بهرز بكاتهوه".
ئاماژەی بەوەش کردووه "بە پشتبەستن بە دۆخی مانچێستەر، دەرفەتێکی ناوازە هەیە بۆ هێنانی باشترین یاریزانی جیهان "بۆ پێنج جار" بۆ خولی ئەڵمانیا".
بەشێک لە هاندەرانی "شێرەکانی فێستیڤاڵن" بەشدارییان له ههڵمهتهكه كردووه، بەو هیوایەی رۆناڵدۆ بهێننە یانهكهیان، پێش ئەوەی دهرگهی گواستنەوەکان لە یەکی ئەیلولی داهاتوو دابخرێت.
کریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن 37 ساڵ دەیەوێت بچێتە یانەیەک، کە ئەم وەرزە لە چامپیۆنزلیگدا بهشداریی بکات، دۆرتموندیش یهكێكه لهو یانانه و جگه لهوهش، پێویستی به هێرشبهرێكی سوپهر ههیه.