بڕیارێك بۆ چوونی گەشتیار بۆ ئێران دەرچوو

:: AM:11:25:07/08/2022 ‌
گەشتیارانی هەرێمی كوردستان ئاگادار دەكرێنەوە لە چوونیان بۆ ئێران، ئەمڕۆ و سبەی ناتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان گەشت ئەنجام بدەن.

دەروازی حاجی ئۆمەران بەیەكێك لە دەروازە گرنگەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران دادەنرێت بۆ هاتوچۆی گەشتیاران، بەهۆی عاشوورا و زۆریی جەنجاڵی، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ چوونە ئێران بە ئۆتۆمبێل رادەگیرێ‌.

رێ نادرێت هاووڵاتییان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان سەردانی ئێران بكەن .
ئەمڕۆ یەكشەم حەوتی ئاب، سیروان حوسێن گوتەبێژی دەروازەی حاجی ئۆمەران، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بۆ ئەو گەشتیارانەی كە بە نیازن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان سەردانی ئێران بكەن، لەلایەن بەرپرسانی ناو گومرگی ئێرانەوە ئاگادار كراوین بە بۆنەی هاتنی مانگی موحەرەم، بە تایبەتی لە رۆژانی عاشوورا كە دەكاتە ڕۆژانی یەكشەم و دووشەمی ئەم هەفتەیە، هاتوچۆی ئۆتۆمبێل دەوەستێت.

زیاتر گوتی، ئەو وەستانە بەشێوەی كاتییە و تەنیا بۆ ئەم دوو رۆژە رێ نادرێت هاووڵاتییان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان سەردانی ئێران بكەن .

باسی لەوەش كرد، بەڵام لەو دوو ڕۆژەدا هاووڵاتییان بەبێ ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان، دەتوانن گەشتی ئێران بكەن.

بەهۆی عاشووراوە پێشبینی هاتنی چەند ملیۆن گەشتیارێكی ئێرانی بۆ نەجەف و كەربەلای عێراق دەكرێ‌ و چەندان ئامادەكاری بۆ ئەو مەبەستە كراوە.




وشە - رامیار جەواد