لە ماوەی ساڵی 2015 بەپێی بڕیارێكی حكوومەت، پێوەری ئاوی ماڵان چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، لە شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان دەست كراوە بە دانانی پێوەری ئاو و سەرووی 700 هەزار پێوەر دانراوە، بەڵام تا ئێستە زۆر لە ماڵان و شوێنە بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵییەكان پابەندی بەستنی پێوەری ئاو نەبوون.
خەڵكێكی زۆر ناڕازی بوون لەوەی ئاگەدار نەكراونەتەوە بە بەستنی پێوەری ئاو
ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، خەڵكێكی زۆر ناڕازی بوون لەوەی ئاگەدار نەكراونەتەوە بە بەستنی پێوەری ئاو، پارەیەكی زۆری ئاویان لەسەر كۆ بووەتەوە كە بۆ هەر مانگێك 80 هەزار دینار دیاری كرابوو، پارەی 12 مانگ لەسەریان كەڵەكە بوو كە نزیكەی ملیۆنێك دینار بوو، بۆ ئەوانەی پێوەریان نەبەستبوو.
بەرپرسەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو دەڵێ، رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران وەرگیرا كە هەر ماڵێك هەستا بە بەستنی پێوەری ئاو و لە سەنتەری شارەكان 20 هەزار و شار و شارۆكەكان 10 هەزار بۆ مانگێك، ئەو بڕیارە بۆ چوار خولە كە دەكات هەشت مانگ و هەر خولێك دوو مانگە، 20ی كانوونی یەكەمی ئەمساڵ وادەی كۆتایی دێت، ئەوانەی تا ئەو كاتە پێوەر نابەستن، مانگی 80 هەزار بۆ ماڵان و شوێنی بازرگانی 200 هەزار، ئەگەر تا پێش ئەو كاتە پێوەریان بەست، پارەكەیان دەبێتەوە بە 20 هەزار و 10 هەزار بۆ ناو شار و دەرەوەی شار، بەڵام ئەگەر دوای ئەو كاتە پێوەرەكەیان بەست، ئەوە دەبێت كرێی ئەو چەند مانگە بدەن كە بۆ ماڵان 80 هەزارە و بۆ بازرگانی مانگانە 200 هەزارە.
لە هەرێمی كوردستان سەرووی یەك ملیۆن و 40 هەزار هاوبەشی ئاو هەیە، ئەوانەی تا ئێستە پێوەری ئاویان بەستووە سەرووی 700 هەزار هاوبەش دەبن و بەستنی پێوەری ئاویش بەردەوامی هەیە لەلایەن هاوبەشان و ماڵان و شوێنەكانی تر.
بەختیار تاهیر بەڕێوەبەری گشتی ئاوی سلێمانی، بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارەكە بۆ هەموو هەرێمی كوردستانە، دوای ئەوەی لە ساڵی 2015 پێوەری ئاوی ماڵان چووەتە بواری جێبەجێكردن، بەهۆی دۆخی دارایی و بارگرانی هاووڵاتییان، حكوومەت رەچاوی ئەو دۆخەی كردووە و چەندان جار بە شەش مانگ و نۆ مانگ وادەی بەستنی درێژ كردووەتەوە، تا هاووڵاتی زیانمەند نەبێت، پێشتر ساڵی 2017 كۆتا بڕیار بوو كە هەر كەس لە دوای ئەو ماوەیە نەیبەستێ، 200 هەزاری لێ وەردەگیرێت مانگانە.
روونیشی كردەوە كە لە سەنتەری شاری سلێمانی نزیكەی 200 هەزار هاوبەشی ئاوی ماڵان هەیە و بەشی هەرەزۆری ئەو ماڵانە پێوەری ئاویان بەستووە، هەر شوێنێك پابەندی بەستنی پێوەری نەبێت، ئەگەر ماڵ بێت مانگی 80 هەزار كرێی ئاوی بۆ دێتەوە، ئەگەر شوێنی بازرگانی بێت مانگی 200 هەزار، ئەو بڕیارە فەرمییە و بۆ هەموو هەرێمی كوردستانە.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی