هەرێمی كوردستان لە هەناردەكردنی بنەتۆ نزیك دەبێتەوە

:: AM:11:31:09/08/2022 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی كشتوكاڵ رای دەگەیەنێت، بەرهەمهێنانی بنەتۆ بەشێوەیەكی زانستی لە هەرێمی كوردستان كاری لەسەر كراوە، بۆیە ئێستە نزیك بووینەتەوە لەوەی چیتر پێویستمان بە هاوردەكردنی بنەتۆ نەبێت.

ئەمڕۆ سێشەم نۆی ئاب، ڕێژین سدیق بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسندكردنی بنەتۆ لە وەزارەتی كشتوكاڵ رای گەیاند، لە بەڕێوەبەرایەتیی تەرزە كشتوكاڵییەكان و بەرهەمهێنانی بنەتۆ، كار لەسەر بەرهەمهێنانی بنەتۆ كراوە بۆ ئەوەی چیتر بنەتۆ هاوردەی كوردستان نەكرێت.

لە ساڵی 2021 تەنیا 11 هەزار بنەتۆی گەنممان هاوردە كردووە، بۆ ئەمساڵیش ڕەنگە زۆر لەو بڕە كەمتر هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێت
زیاتر گوتی، بۆ یەكەمجار لە هەرێمی كوردستان، یاسای تەرزە كشتوكاڵییە نوێیەكان لە پەرلەمانی كوردستان جێگیر كراوە و لە ماوەیەكی نزیكدا، دەتوانین تەرزە كشتوكاڵییە نوێیەكان بە ناوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تۆمار بكەین، هەروەها هاوردەكردنی بنەتۆمان لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بە یاسا ڕێكخستووە و لە داهاتوودا ڕێگر دەبین لە هاوردەكردنی هەر جۆرە بنەتۆیەك بەدەر لە ڕێنوێنیی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی.

بەگوتەی ڕێژین، كۆمپانیاكان دەتوانن ڕووبكەنە بەرهەمهێنانی بنەتۆ بەتایبەت بنەتۆی گەنم، بۆ نموونە پێشی چوار ساڵ هاوردەكردنی بنەتۆ 35 تا 36 هەزار تۆن بوو، بەڵام لە ساڵی 2021 تەنیا 11 هەزار بنەتۆی گەنممان هاوردە كردووە، بۆ ئەمساڵیش ڕەنگە زۆر لەو بڕە كەمتر هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێت، یاسای تەرزە كشتوكاڵییە نوێیەكان یاسایەكی تەواو زانستییە، ئەو بنەتۆیانەی بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوە كشتوكاڵییەكان یا زانكۆكانی هەرێمی كوردستان دروستی دەكەن، دەتوانین لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان تۆماری بكەین بێ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ حكوومەتی عێراقی فیدراڵ.

باسی لەوەش كردووە، لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ یەكەمجار توانیومانە لە ساڵی 2022 نزیكەی حەوت هەزار بنەتۆی گەنم بەرهەم بێنین بە بڕی ملیارێك و 100 ملیۆن دینار، لە كاتێكدا لە ساڵانی پێشوو بۆ بەرهەمهێنانی ئەو بڕە بنەتۆیە، چوار بۆ ملیار دیناریان پێویست بووە.

روونی كردووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی بەرهەمهێنان و پەسندكردنی بنەتۆ بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی توێژینەوەی كشتوكاڵی، لە ژێر ڕێنوێنیی وەزارەتی كشتوكاڵ ئامانجی ئەوەیە، لە ساڵی 2023 بەرهەمی بنەتۆی گەنم بگەیەنێتە ئاستی ئەوەی پێداویستی ناوخۆ دابین بكات و هەناردەی دەرەوەشی بكات.



وشە - رامیار جەواد