كچە قوتابییەك بە چەقۆ كوژرا

:: PM:09:00:09/08/2022 ‌

ئەمڕۆ جارێكی تر میسر تاوانێكی قێزەوەنی بەخۆیەوە بینی، كاتێك گەنجێك بە لێدانی 15 چەقۆ كچە قوتابییەكی زانكۆی كوشت، لە رووداوێك كە هاوشێوەی رووداوەكەی پێش چەند هەفتەیەك لەبەردەم زانكۆی مەنسوورە رووی دا، كاتێك قوتابییەكی كوڕ كچە قوتابییەكی هاوڕێی كوشت و سزای لەداردانی بۆ بڕایەوە.
كچەكە قوتابی كۆلێجی راگەیاندن بووە
بەپێی سەرچاوەكان، سەلمە، كچە قوتابییەكی كۆلێجی راگەیاندن بووە، رووداوەكە لە پارێزگای شەرقییە لە باكوری میسر رووی داوە، كوڕەكە 15 چەقۆی لە شوێنی جیاجیای جەستەی كچەكە داوە، رووداوەكەیش لەبەردەم یەكێك لە دەروازەكانی تەلارێك لە نزیك دادگای زەقازیق رووی داوە.

دوای رووداوەكە پۆلیس ناوچەكەیان گەمارۆ داوە و كوڕەكەیان گرتووە، تەرمی كچەكەیش بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت.

شایەنی باسە بەر لە چەند هەفتەیەك لە شاری مەنسوورە و لەبەردەم زانكۆی مەنسوورە، كوڕە قوتابییەك كچێكی هاوپۆلی خۆی كاتێك بۆ تاقیكردنەوە دەچوون لەبەردەم دەرگەی كۆلێجەكە و لەبەرچاوی خەڵك دایە بەر چەقۆ و ملی بڕی، بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا، ئەو رووداوە كاردانەوەی گەورەی لە شەقام و سۆشیال میدیای میسر دروست كرد، دادگایش سزای لەداردانی بۆ كوڕەكە بڕیەوە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل