كۆمپانیایەك بەدوای خەواڵووترین كەسەكاندا دەگەڕێت

:: PM:05:54:11/08/2022 ‌

خەو قۆناغێكی زۆر گرنگی ژیانە، بەتایبەتی لەكاتی خۆی و بە بڕی پێویست و گونجاوی، كەسانێك هەن خەویان سووكە و هەیشە قورس، هەیە زوو دەچێتە خەو و هەیشە بە زەحمەتی، لە ئەمەریكا كۆمپانیایەك رێكلامێكی بۆ هەلی كار بۆ خەواڵووترین كەسەكان بڵاو كردەوە، بۆ ئەوانەی دەتوانن لە شوێنە گشتییەكان و شوێنی كاركردن و تەنانەت لە پەنجەرەی دوكانەكان بە رۆژ بخەون، وەك رۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی بڵاوی كردەوە.
داوا لە پێشكەیشكارانی كارەكە كراوە لەكاتی كاردا بیجامە لەبەر بكەن
كۆمپانیای "Casper" لە نیویۆرك بەڵێنی دامەزراندنی ژمارەیەك فەرمانبەری داوە كە لە بەرانبەر بە نوستن پارە وەردەگرن، بە پێی كۆمپانیاكە فەرمانبەری نموونەیی ئەوە دەبێت كە توانای جیاواز و ئەوپەڕی خواستی بۆ خەوتن هەیە، هەروەها ئامادەیی هەبێت بۆ خەوتن لە شوێنە گشتییەكان.

وەك مەرجی وەرگرتنی فەرمانبەران، داوا لەوانە دەكرێت پێشكەیشی كارەكەیان كردووە كە لەكاتی كاردا بیجامە لەبەر بكەن، ئەگەرچی كرێی كارەكەی دیاری نەكردبوو، بەڵام كۆمپانیاكە چەندان تۆماری ڤیدیۆی لەلایەن پێشكەیشكارانەوە بە دەست گەیشت، ئەوان وێنەی خۆیان لە ناو جێگەدا گرتبوو.

یەكێك لەوانەی پێشكەیشی كارەكەی كردووە دەڵێت، رەنگە ئەوە سەیرترین شت بێت كە لە پێناو بەدەستهێنانی كارێك كردووەمە، بەڵام لەوە باشتر نییە كە بیكەم، یەكێكی تر دەڵێت، من دەتوانم ماوەیەكی دوورودرێژ و لە هەر شوێنێك بخەوم، جارێكیان لە حەمام خەوم لێ كەوتبوو.
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل