لە دوای سەردانەكەی نانسی بیلووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بۆ تایوان، چین وەك كەسێكی وێڵی لێ هاتووە و پێش چاوی خۆی نابینێت، مانۆرێكی گەورەی سەربازی لە دەوروبەری دوورگەی تایوان ساز كردووە، چاودێران پێیان وایە دۆخەكە تەواو ئەوەیە كە ئەمەریكا دەیەوێت، بەڵام ئاخۆ چین دەكەوێتە تەڵەكەوە؟
ئەوەی سەیری نەخشەی چین و تایوان بكات، ئەستەمیی بەراوردی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە هەموو بوارێكەوەی بۆ دەردەكەوێت، چین دەتوانێت لە هەر ساتێكدا هێرش بكاتە سەر تایوان، بەڵام شارەزایان دەڵێن دوو خاڵ هەیە رێگرە لەو كارە، بەرژەوەندیی ئابووری نێوان چین و تایوان و ترسی چین لە لاوازبوونی گەشەی ئابوورییەكەی و دواكەوتنی لە ركابەرایەتی ئەمەریكا لە پێشەنگی دنیا.
ئەمەریكا دەیەوێ چین راكێشێتە ناو تەنگژەیەكی سەربازی لەگەڵ تایوان
شارەزایان دەڵێن، چین درك بە ئامانجەكانی تەڵەی ئەمەریكا دەكات كە لە تایوان بۆی دانراوەتەوە، ئەوەیش بە مەبەستی لاوازكردنی و پەكخستنی گەشەی ئابوورییەكەی، كەریم عومدە، مامۆستای ئابووری سیاسی دەڵێت، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان پەكین و تایبێ لە ساڵی رابردوو 140 ملیار دۆلاری تێپەڕ كردووە، لەوكاتەی تایوان 40%ی بەرهەمەكانی هەناردەی چین دەكات و وەبەرهێنانی تایوان لە چین زیاتر لە 200 ملیار دۆلارە.
ئەو شارەزایە پێی وایە كە چین بەهۆی سووربوونی لەسەر نەڕووخانی ئابوورییەكەی و كاریگەر نەبوونی بە تەنگژەكەوە، تەنیا چەند سزایەكی كەم بەسەر تایوان دەسەپێنێت، بێ ئەوەی بگاتە ئاستی وەستانی جووڵەی بازرگانی لە نێوان هەردوو وڵات، جیا لەوەی تایوان بازاڕێكی كراوەی بەرهەمەكانی چینە.
لەو كاتەی چین هەوڵی پارێزگاریكردن لە پێشەنگیی وڵاتانی بەهێزترینی ئابووری لە دنیا و ركابەری ئەمەریكا دەدات، ئەحمەد سەید ئەحمەد، شارەزای كاروباری نێودەوڵەتی دەڵێت، زەحمەتە بەهۆی تایوانەوە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی روو بدات، چونكە پەكین باش درك بە مەترسی دۆخەكە دەكات و نایەوێ بكەوێتە ناو ئەو تەڵەی ئەمەریكا بۆی داناوەتەوە، بە راكێشانی چین بۆ ناو تەنگژەیەكی سەربازی لەگەڵ تایوان، بە مەبەستی لاوازكردنی دەسەڵات و ئابوورییەكەی، بۆیە چین ئەوەی ناوێت.