مام جه‌لال: چه‌ند پێویست بێت سه‌ردانی‌ پیرمام ده‌كه‌م

:: PM:03:51:12/09/2022 ‌
له‌ كتێبی‌ بارزانی‌ و بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كورد، به‌شی‌ شازده‌یه‌م، باس له‌ رێككه‌وتنی‌ مێژوویی واشنتن و ده‌سپێكی‌ قۆناغێكی‌ تازه‌ ده‌كات و له‌وێدا ئاماژه‌ به‌ هاتنی‌ مام جه‌لال بۆ مه‌سیف سه‌ڵاحه‌دین ده‌كات. 

سه‌رۆك نووسیویه‌تی‌، "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ دوای‌ ئیمزاكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ بواری‌ پراكتیكی‌ كرده‌یی له‌سه‌ر ئه‌رزی‌ واقیعدا كاتی‌ جێبه‌جێكردنی‌ بوو، له‌وباره‌یه‌وه‌ نابێت هیچ كه‌مته‌رخه‌می‌ و سستی‌ و لاوازییه‌ك له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ روو بدات، ئه‌وه‌ روانگه‌ و روئیای‌ هه‌موو سه‌ركردایه‌تیی‌ پارتی‌ بوو، خاڵێكی‌ گرنگی‌ رێككه‌وتننامه‌ی‌ واشنتۆن چاودێریكردن و به‌دواداچوونی‌ راسته‌وخۆی‌ من و مام جه‌لال بوو بۆ جێبه‌جێكردنی‌ رێككه‌وتنه‌كه‌، رێزگرتنمان بوو له‌ ئیمزاكه‌مان و كه‌شوهه‌وای‌ دیداره‌كه‌مان له‌ واشنتۆن گونجاو بوو، بووه‌ هۆی‌ توانه‌وه‌ی‌ به‌سته‌ڵه‌كی‌ نێوان هه‌ردوولا، دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌مان مام جه‌لال هه‌واڵی‌ بۆ ناردین كه‌ به‌نیازی‌ مه‌سیف سه‌ڵاحه‌دینه‌ و ئێمه‌ زۆر به‌ گه‌رمی‌ پێشوازیمان له‌ پێشنیاره‌كه‌ی‌ كرد، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتین كه‌ رۆژی‌ 8ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 1999 مام جه‌لال سه‌ردانی‌ مه‌سیف بكات. 

بۆ بابه‌تی‌ دارایی‌ بڕی‌ 60 ملیۆن دینار به‌ یه‌كێتی‌ ده‌درێ واتا 20 ملیۆن زیاتر له‌و 40 ملیۆنه‌ی‌ ئێسته‌ وه‌ری‌ ده‌گرن
سه‌رۆك ده‌ڵێ‌، بۆ پێشوازی‌ له‌ مام جه‌لال شاندێكی‌ گه‌وره‌ی‌ پارتیمان نارده‌ دێگه‌ڵه‌، شانده‌كه‌ی‌ پارتی‌ له‌ سامی‌ عه‌بدولڕه‌حمان و جه‌وهه‌ر نامیق سالم و عارف ته‌یفوور و د. جرجیس حه‌سه‌ن و زه‌عیم عه‌لی‌ و فه‌له‌كه‌دین كاكه‌یی و برووسك نووری‌ شاوه‌یس پێكهاتبوون، منیش چوومه‌ گۆمه‌سپان و پێكه‌وه‌ هاتینه‌ مه‌سیف و گه‌یشتینه‌ باره‌گای‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی، ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی یه‌كێتی‌ یاوه‌ری‌ مام جه‌لال بوون، له‌ كۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ماندا چه‌ندین پرس و بابه‌ت خرانه‌ به‌ر گفتوگۆ، وه‌ك پابه‌ندبوونمان به‌ رێككه‌وتنمانه‌ی‌ واشنتۆن و چاوه‌ڕوانی‌ هاتنی‌ ئه‌لیزابێت جۆنز بۆ كوردستان بۆ ئاگه‌داربوون له‌ دوا په‌یام و هه‌ڵوێستیان و ئێمه‌یش هه‌ڵوێستێكی‌ هاوبه‌ش و یه‌كگرتوومان هه‌بێت.

سه‌رۆك زیاتر ئاماژه‌ی‌ به‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ دا و باسی‌ له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ سعوودیه‌ و كوێت، په‌یوه‌ندییان به‌ من و مام جه‌لاله‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا جدی‌ بێت له‌ لادانی‌ سه‌دام، ئاماده‌ن هاوكاری‌ بكه‌ن و یارمه‌تیمان بده‌ن، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێ‌ رای‌ هاوبه‌شی‌ من و مام جه‌لال بزانن.

هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی‌ روونی‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "له‌ به‌شێكی‌ تری‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، مام جه‌لال هه‌ندێك خاڵی‌ باس كرد و رای‌ گه‌یاند، ئه‌وه‌ را و بۆچوونی‌ تایبه‌تی‌ خۆیه‌تی‌ نه‌ك رای‌ هه‌موو سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كێتی‌، پێكهاتبوو له‌ پێكهێنانی‌ حكوومه‌تی‌ هاوبه‌ش كه‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ بۆ پارتی‌ بێت و ئه‌گه‌ر حكوومه‌ته‌كه‌ ئیتلافی‌ بێت باشتره‌ و داهاته‌كانیش دابه‌ش بكه‌ن. بۆ په‌رله‌مان بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ 1992، به‌ڵام ئه‌وه‌ مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ پارتی‌ 45% و یه‌كێتی‌ 44% و لایه‌نه‌كانی‌ تر 11% بن، پێویسته‌ له‌ هه‌موو شار و شارۆكه‌كان و شاخ و ناوچه‌كان بارودۆخ ئاسایی بێته‌وه‌ و بارودۆخی‌ هه‌ولێر به‌وپێیه‌ی‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌ له‌به‌رچاو بگیرێ.

هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌یدا بۆ مه‌سیف، مام جه‌لال باسی‌ له‌ بوونی‌ گوتاری‌ هاوبه‌ش كردووه‌ به‌رانبه‌ر وڵاته‌ دراوسێیه‌كان و هه‌رێمایه‌تییه‌كان. سه‌باره‌ت به‌ عێراقیش ئه‌گه‌ر جۆنز هیچ په‌یامێكی‌ روون و كونكرێتی‌ پێ‌ نه‌بوو، گه‌لی‌ خۆمان تووشی‌ هیچ موجازه‌فه‌یه‌ك ناكه‌ین. هه‌ر مام جه‌لال گوتوویه‌تی‌، "داوا له‌ جه‌نابتان ده‌كه‌ن سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی‌ دارایی‌، به‌سه‌خاوه‌ته‌وه‌ وه‌ره‌ پێشه‌وه‌ له‌گه‌ڵم، چونكه‌ بووه‌ته‌ گرێیه‌كی‌ ده‌روونی‌ و چه‌ندین پێویست بێت ئاماده‌م سه‌ردانی‌ مه‌سیف بكه‌م".

دوای‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌، پارتی‌ وه‌ڵامێكی‌ بۆ قسه‌كانی‌ مام جه‌لال ئاماده‌ كردووه‌. كه‌ هه‌ر سه‌رۆك بارزانی‌ له‌ كتێبه‌كه‌یدا به‌ ڕوونی‌ ئاماژه‌ی‌ پێ داوه‌، "رازین بۆ حكوومه‌ت. زۆرباشه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 1992 پێكبهێنرێ‌ و بابه‌تی‌ ئاساییكردنه‌وه‌ زۆرباشه‌، رازین له‌سه‌ر یه‌كهه‌ڵوێستی‌ به‌رانبه‌ر دراوسێیه‌كان و رازین چاوه‌ڕێی‌ هاتنی‌ شاندی‌ ئه‌مه‌ریكا بكه‌ین، بۆ بابه‌تی‌ دارایی‌ بڕی‌ 60 ملیۆن دینار به‌ یه‌كێتی‌ ده‌درێ واتا 20 ملیۆن زیاتر له‌و 40 ملیۆنه‌ی‌ ئێسته‌ وه‌ری‌ ده‌گرن، هه‌موو دیل و گیراوه‌كان ئازاد بكرێن".

"ئه‌وه‌بوو له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ دووقۆڵیدا وه‌ڵامی‌ پارتی‌ پێشكه‌ش به‌ یه‌كێتی‌ كران، دوای‌ تاوتوێكردنی‌ بابه‌ته‌كان، یه‌كێتی‌ له‌سه‌ر كۆی‌ پێشنیاره‌كان رازی‌ و خۆشحاڵ بوون، به‌ڵام له‌سه‌ر خاڵی‌ په‌رله‌مان ئه‌ندامانی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ رازی‌ نه‌بوون و كۆمه‌ڵێك بیانوویان هێنایه‌وه‌، له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتین بابه‌تی‌ په‌رله‌مان گفتوگۆ و دانوستانی‌ زیاتری‌ له‌سه‌ر بكرێت، دوای‌ كۆتاهاتنی‌ كۆبوونه‌وه‌كان، مام جه‌لال و شاندی‌ یاوه‌ری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ سلێمانی‌ و به‌ گه‌رمی‌ به‌ڕێ‌ كران، بۆ ئاگه‌داركردنه‌وه‌ له‌ دوا پێشهاته‌كان و سه‌ردانی‌ مام جه‌لال، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كۆ بوومه‌وه‌، گۆڕانكاری‌ و سه‌ردانی‌ مام جه‌لال گفتوگۆی‌ له‌سه‌ر كرا و بیروڕا له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاڵوگۆڕ كرا". سه‌رۆك وای‌ نووسیوه‌.

سه‌رۆك بارزانی‌ له‌ درێژه‌ی‌ ئه‌و باسه‌دا نووسیویه‌تی‌، "وه‌ك پێشتر بڕیار درابوو رۆژی‌ 14ی‌ كانوونی‌ دووه‌می‌ 1999 شاندی ئه‌مه‌ریكا گه‌یشته‌ مه‌سیف سه‌ڵاحه‌دین كه‌ پێكهاتبوو له‌ ئه‌لیزابێت جۆنز، دوای‌ كۆتاهاتنی‌ كۆبوونه‌وه‌كان له‌گه‌ڵ پارتی‌، شانده‌كه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی‌ سلێمانییان كرد بۆ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌، به‌ڵام دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان چه‌ندین پێشنیاری‌ سه‌یریان هێنابوو كه‌ جیاوازییه‌كی‌ زۆریان هه‌بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌تانه‌ی‌ رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كرابوو، كه‌ بریتی‌ بوون له‌: 
-سه‌رۆكی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیران پارتی‌ بێت و جێگره‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ بێت.
-سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان یه‌كێتی‌ بێت و جێگره‌كه‌ی‌ پارتی‌ بێت.
-پێنج وه‌زیر پارتی‌ و پێنج وه‌زیر یه‌كێتی‌ و پێنج وه‌زیر لایه‌نه‌كانی‌ تر بن. 

دوای‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر پێشنیاره‌كان به‌مشێوه‌یه‌ پارتی‌ وه‌ڵامی‌ دایه‌وه‌:
ئه‌م پێشنیارانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ سیستمی‌ 50 به‌ 50 و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قابیلی‌ قبووڵ نییه‌، ئه‌م خاتوونه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ شاره‌زای‌ كاروباره‌كان نییه‌ و زۆرجار له‌بری‌ له‌ یه‌كتر نزیككردنه‌وه‌، بووه‌ته‌ هۆی‌ له‌ یه‌كتر دووركه‌وتنه‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی‌ دێلیدویش كه‌ شاره‌زای‌ ته‌واوی‌ هه‌بوو، رۆڵێكی‌ كاریگه‌ر و بێلایه‌نی‌ بینی‌ له‌ به‌ره‌وپێشبردنی‌ پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ و له‌ یه‌كتر نزیككردنه‌وه‌ی‌ بۆچوونه‌كان، دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ خاتوون بۆ ئه‌مه‌ریكا، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ ته‌له‌فۆنی‌ باسی‌ له‌ گۆڕانكارییه‌كان كرد و چه‌ند بابه‌تێكی‌ خسته‌ ڕوو وه‌ك:
-بارودۆخی‌ عێراق. 
-بارودۆخی‌ په‌كه‌كه‌. 
-پرۆسه‌ی‌ ئاشتی‌ نێوان پارتی‌ و یه‌كێتی‌ و دوا پێشهاته‌كان، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كه‌یدا پێشنیارێكی‌ نوێی‌ خسته‌ ڕوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ پارتی‌ رازی‌ بێت كه‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ یه‌كێتی‌ بێت و یه‌كێتی‌ رازی‌ بێت 51 بۆ پارتی‌ و 49 بۆ یه‌كێتی‌.

سه‌رۆك له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێ‌، پارتی‌ به‌مجۆره‌ وه‌ڵامی‌ پێشنیاره‌كانی‌ دایه‌وه‌، "بابه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان دیراسه‌ ده‌كرێت و حكوومه‌ت به‌مشێوه‌یه‌ بێت، پارتی‌ شه‌ش وه‌زیر و یه‌كێتی‌ چوار وه‌زیر و پێنج وه‌زیریش بۆ لایه‌نه‌كانی‌ تر، لیژنه‌ی‌ لاوه‌كی‌ و هه‌میشه‌یی‌ هه‌بێت بۆ دیراسه‌كردنی‌ هێڵی‌ ته‌ماس و بابه‌تی‌ دارایی. 




وشە - وشه‌