وەزیرێكی سویسرا: خۆتان بەیەكەوە بشۆن

:: PM:08:06:19/09/2022 ‌

یەكێك لە لێكەوتەكانی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا، دروستبوونی تەنگژەیەكی قووڵی وزەیە لە ئەوروپا، كە ئەوروپا تا ئاستێكی زۆر پشت بە غازی رووسیا دەبەستێت، ئێستەیش بەهۆی هەڵوێستیان بەرانبەر بە رووسیا بەهۆی هێرشەكەوە، رووبەڕووی گوشاری رووسیا بە گرتنەوەی غاز لەسەریان هاتوون، بۆیە ناچاری كەمكردنەوەی بەكارهێنانی وزە و كڕینی بە نرخێكی زۆر بوونە.

یەكێك لە رێوشوێنەكانی وڵاتانی ئەوروپا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی كەمیی غاز پێڕەوەی دەكەن، دەستگرتن و كەمتر بەكارهێنانیەتی، خاتوو سیمۆنیتا سۆمارۆغا، وەزیری وزەی سویسرا داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەكە كرد بە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی وزە، بۆیە رێنوێنی دا بە وەرگرتنی چەند رێوشوێنێك، لەوانە خۆشووشتن بەیەكەوە، وەك رۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانی باسی كردووە.
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتێكی گاڵتەكردن دروست بوو
ئەو قسانەی وەزیرە سویسرییەكە لە چوارچێوەی هەوڵ و رێوشوێنەكانی كەمكردنەوەی بەكارهێنانی وزە بە رێژەی 15% بۆ زستانی داهاتوو دێت، ئەوەیش بۆ خۆپاراستن لە مەترسیی كەمبوونەوەی گەیشتنی وزە و پچڕانی وزەی كارەبا، كاتێك ئەو وەزیرە لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاندبوو، لەو چوارچێوەیە هەروەها هاووڵاتییان دەتوانن بەكارهێنانی كۆمپیۆتەر كەم بكەنەوە و رووناكی زیادە بكوژێننەوە و بەیەكەوە خۆیان بشۆن.   

لە بەرانبەر ئەو قسانەی وەزیرە سویسرییەكە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەڵمەتێكی گاڵتەكردن دروست بوو، ئەوە وای كرد وەزیرەكە قسەكانی راست بكاتەوە، بەوەی مەبەستی ئەو گەنجەكانە، ددانی بەوەدا نا كە خۆشووشتنی خەڵك بەیەكەوە لە دوای تەمەنێكی دیاریكراو گونجاو نابێت و مەبەستی ئەو زیادكردنی هۆشیارییە بۆ دەستگرتن بە وزە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل