عێراق.. یارییەكە كەی دەست پێ دەكاتەوە؟

:: PM:05:13:21/09/2022 ‌

پاساوی چلەی ئیمام حوسێنیش كۆتایی هات و ناو ماڵی شیعە بەدوای پاساوی تر دەگەڕێن بۆ شاردنەوەی یەكلانەبوونەوەی ناكۆكییەكانیان، ئەوان ماوەیەك كوردیان كردە پاساو، بەوەی لەسەر كاندیدی سەركۆمار رێك ناكەون، محەمەد حەلبووسیان بەوە تۆمەتبار كرد كە رێگە بە گەڕانەوەی دانیشتنی پەرلەمان نادات، ئێستە دۆخەكە لەبارە، بەڵام چوارچێوە نایەتە ناو گۆڕەپانی یارییەكە، چونكە سەدرییەكان ئامادەن و توانا و شێوازی كاریشیان دیارە، بەڵام كەی یارییەكە دەست پێ دەكاتەوە؟

داواكاریی سەدرییەكان دیارە، هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و سازكردنی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە، حكوومەتی ئێستە سەرپەرشتی قۆناغی تا هەڵبژاردنەكە بكات، واتە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە بەو شێوەیە بمێننەوە، لەگەڵ هەمان یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن، چوارچێوەیش گومانی لە گوێڕایەلی مستەفا كازمی هەیە و دەیەوێ سەرەتا حكوومەتێكی نزیك لەخۆی پێك بێت یاسا و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بگۆڕێت، ئینجا لەناو پەرلەمان و بەوشێوەیە خۆی دەیەوێت، وادەیەك بۆ هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و سازكردنی هەڵبژاردن دیاری بكرێت.
رەوتی سەدر پەیامی بە حەلبووسی داوە بۆ سازنەكردنی دانیشتنی پەرلەمان
مەناف مووسەوی، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، ئەوەی لای سەدرییەكان قبووڵكراوە، پێكهاتنی حكوومەتێكی سەربەخۆیە دوور لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر، ئەركی دیاریكردنی وادەیەكی جێگیرە بۆ هەڵبژاردنێكی پێشوەختە، واتە تەنیا سازكردنی، لەلایەكی تر پێكهێنانی هەر حكوومەتێك لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە، لەلایەن ئەوان و هێزەكانی تشرینیش قبووڵ نەكراوە، بۆیە تەنیا كاركردن بە میكانیزمەكانی دەستووری، بێ رەچاوكردنی شتی تر، لای جەماوەری رەوتی سەدر رێگە پێ نەدراوە و كەسیش ناتوانێت رێگریان لێ بكات بۆ گەڕانەوە بۆ شەقام، ئەگەر ئەوەیش رووبداتەوە گورزێكی گەورە و بارێكی قورس دەبێت بۆ هەمووان.

توێژەران پێیان وایە رەفتار و هەڵسوكەوتی داهاتووی چوارچێوە، سروشتی هەنگاوەكانی داهاتووی سەدر دیاری دەكەن، پەنابردنی سەدر بۆ شەقام بۆ سەپاندنی مەرجەكانی، ئەگەرێكی كراوەیە، عەقیل عەباس، توێژەری سیاسی دەڵێت، ئەگەر سەدر هەست بەوە بكات چوارچێوە بەرەو پێكهێنانی حكوومەتێكی خۆی هەنگاو دەنێت، پەنا بۆ پەرەسەندن لە شەقام دەباتەوە، ئەوەیش بۆ گوشاركردن و بەكار نەهێنانی میكانیزمە دەستوورییەكان لەدژی ئەو، واتە رێگریكردن لە پێكهێنانی حكوومەتێكی چوارچێوە. 

جیا لە هەنگاوی داهاتووی چوارچێوە، جموجۆڵی دوایی پارتی و سیادە، كە بە نزیكبوونەوە لە نەیارانی سەدر وەسف دەكرێت، ئەویش كاریگەری لەسەر هەنگاوی داهاتووی سەدر دەبێت، چونكە گوشاریان بۆ سەر سەدر دروست كردووە.

باسل حوسێن، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، ئێستە نزیكبوونەوە لە نێوان پارتی و سیادە و چوارچێوەدا هەیە، رەنگە لە كۆتاییش بگەنە رێككەوتن و هاوپەیمانیكردن، بەڵام ئەوان هەوڵ دەدەن لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ چوارچێوە سەدر پەراوێز نەخرێت، ئەوەی دووپاتكراوەیە چوارچێوە دەیەوێت دانیشتنی دیاریكردنی سەركۆمار بەپەلە ساز بكرێت، بۆ راسپاردنی حكوومەتەكەی، ئەگەرچی رەنگە بەربەستێكی تر بێتە پێشەوە سەبارەت بەو داوایەی لەدژی دانیشتنی ئاڵوگۆڕی ئەندامانی پەرلەمان تۆمار كراوە، تا كاتی یەكلابوونەوەی. 

مووسەوی دەڵێت، ئەگەرێكی دوورە پارتی و سیادە و چوارچێوە بگەن بە رێككەوتن و گوشار لە سەدر بكەن بۆ پاشەكشەكردن، چونكە هاوپەیمانەكانی سەدر باش دەزانن كە زمان و هەڵسوكەوتی چوارچێوە لە دوای پێكهێنانی حكوومەتەكەی جیاواز دەبێت، عەباس دەڵێت، لێكنزیكبوونەوەی پارتی و سیادە و چوارچێوە مایەی گۆڕانكارییە، لەناو چارچێوەیش ناكۆكی هەیە، بۆیە لە كۆتادا سوودانی پاشەكشەی پێ دەكرێ و كازمی یان عەبادی دەبنە كاندیدی سەرۆك وەزیران.

"ئێستە تەنیا باڵی مالیكی سوورە لەسەر حكوومەتێكی چوارچێوەیی، چونكە باڵی قەیس خەزعەلی گەیشتە ئەو قەناعەتەی سووربوونی مالیكی چارێكی تر شەقام دادەگیرسێنێت، بۆیە خۆسەپاندنی ئەوان بەرگە ناگرێت و ئەگەر سەدر بگەڕێتەوە شەقام، چونكە ئەو گۆشاری شەقامی لەدەست نەداوە، بەڵكو خۆی رێك دەخاتەوە و تا ئێستەیش كارتی بەهێزی بەدەستە"، عەباس وای گوت.  

ژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراق دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان بە بڕیاری دادگەی فیدراڵ سەبارەت بە یاساییبوونی دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنی سەدر دەبەستنەوە، كە لە 28ی ئەم مانگە ساز دەكرێت، بەرپرسێكی فەرمانگەی یاسایی پەرلەمان دەڵێت، تا ئێستە و بێ رێككەوتنی رەوتی سەدر و چوارچێوە، حەلبووسی خۆی لە دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان لادەدات، چونكە ئەو پەیامێكی راستەوخۆی لە رەوتی سەدرەوە بەدەست گەیشتووە بۆ سازنەكردنی هیچ دانیشتنێك كە چوارچێوە بتوانێت حكوومەتی تیادا پێك بێنێت، لەوكاتەی گوشارێكی گەورەی چوارچێوە بۆ ئەو مەبەستە هەیە، بۆیە تا كۆتای ئەم مانگە هیچ دانیشتنێكی پەرلەمان نابێت.

عەلی بەیدەر، شرۆڤەكاری سیاسی دەڵێت، سازكردنی دانیشتنی پەرلەمان بێ رەزامەندی سەدر واتە دووبارەبوونەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری لایەنگرانی سەدر و دووبارە هەڵكوتانەوەیان بۆ سەر پەرلەمان، بۆ رێگرتن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بۆیە سەدر پەنا بۆ كارتی شەقام دەباتەوە بۆ رێگرتن لە پێكهێنانی حكوومەتی چوارچێوە، هەربۆیەیش لە سایەی بەردەوامی ناكۆكی چوارچێوە و رەوتی سەدر، سەرۆكایەتی پەرلەمان نایەوێ دەست بە دانیشتن بكاتەوە، چونكە باش دەزانێت ئەگەر وادەی دانیشتن دیاری بكات، بەهۆی ناڕەزایەتی جەماوەری سەدرییەكانەوە نایەتە سازكردن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل