هه‌موو به‌یانییه‌ك كه له خه‌و هه‌ڵده‌ستین هه‌زاران بڕیار ده‌ده‌ین، سه‌ره‌تا فه‌رمان به قاچه‌كانمان ده‌كه‌ین كه جووڵه بكه‌ن و بڕۆن، ده‌ممان ده‌كه‌ینه‌وه و خواردن ده‌خۆین و له‌گه‌ڵ هاوڕێكانمان گفتوگۆ ده‌كه‌ین و پێده‌كه‌نین، كه‌سه خۆشه‌ویسته‌كانمان ماچ ده‌كه‌ین و كار و جووڵه‌ی یه‌كجار زۆریش ئه‌نجام ده‌ده‌ین، ئه‌مانه زۆربه‌ی به‌شێوه‌یه‌ی خۆكارانه ئه‌نجام ده‌درێن، بێ ئه‌وه‌ی زۆر بیری لێ بكه‌ینه‌وه، كه‌واته ئه‌گه‌ر بتوانین بێ بیركردنه‌وه جووڵه بكه‌ین و ئه‌وه‌ی ویستمان لێیه‌تی ئه‌نجامی بده‌ین، هۆكار چییه كه مێشكی مرۆڤ توانای بیركردنه‌وه‌ی هه‌یه؟
قووڵبووهنهوه له‌و بابه‌ته ڕه‌وتێكی فه‌لسه‌فی تایبه‌تی دروست كردووه كه پێی ده‌گوترێ ئیپۆفینۆمینالیزم، به ڕوونیش كاتێك چه‌مكی ئیپۆفینۆمینالیزم شی بكه‌ینه‌وه، به واته‌ی ئه‌وه دێت، كه زۆر بایه‌خ و گرنگی به عه‌قڵ و پێوه‌ندی به جه‌سته‌وه ده‌دات، به دیاریكراویش ئه‌و ڕه‌وته فه‌لسه‌فییه له ڕووداوه فیزیكییه سه‌ره‌كییه‌كان ده‌كۆڵێته‌وه و كه ڕووداوی پێوه‌ستن به هۆكاری جۆراوجۆره‌وه و له‌وێوه‌یش به‌شێوه‌یه‌كی ڕێژه‌ی بۆ ڕووداوی عه‌قڵی و هزری ده‌گۆڕێن. هزرڤانانی ئه‌و ڕه‌وته فه‌لسه‌فییه زۆر به قووڵی ده‌پرسن و دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه هزركردن و هه‌سته‌كانمان پڕ بایه‌خن و خه‌ونه‌كانمان مه‌زنن و ترسی زۆریشمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر هیچ پێوه‌ستبوون و پێوه‌ندییه‌كیان به یه‌كتره‌وه نه‌بێ و بوونی بیركردنه‌وه له مێشك ته‌نیا بۆ ئاراسته‌كردنی جه‌سته و ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌مان بێ بۆ جووڵه‌كردن له پێناوی به‌دیهێنانی ئامانجێكی كورت و دیاریكراو، ئه‌وا كارێكی نالۆجیكییه و ناكرێ توانای بیركردنه‌وه هه‌ر بۆ ئه‌و شتانه بێت، كه مێشك و جه‌سته‌مان خووی پێوه ده‌گرێ و به به‌رده‌وامی ئه‌نجامیان ده‌داته‌وه.
بیركردنه‌وه‌ی مێشكی مرۆڤ هاوشێوه‌ی له‌رینه‌وه‌ی میله‌كانی كاتژمێره
به گوێره‌ی
توێژینه‌وه‌كانی زانستی ده‌مارناسی و مێشك، هه‌سته ده‌ماره‌كان زۆر به وردی و بێ ئه‌وه‌ی پێویستی زۆریان به مێشك بێت، كاتێك شتێك له‌لایه‌ن مرۆڤه‌وه چه‌ند جارێك دووباره بكرێته‌وه، ئیتر خۆكارانه ئه‌و فه‌رمانانه به ئه‌ندامه جیاوازه‌كانی جه‌سته ده‌ده‌ن، به‌شێوه‌یه‌كی ماتماتیكیانه و زۆر به وردی فه‌رمانه‌كان هاوشێوه‌ی تیشك به نێو هه‌سته ده‌ماره‌كان ده‌گوێزرێنه‌وه و ده‌گه‌ن به شوێنی مه‌به‌ست. ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كه هه‌ر پێوهستیش نه‌بێ به جه‌سته‌وه، ده‌كرێ پاسۆردی مۆبایله‌كه‌ت نموونه‌یه‌كی ڕوون بێت، كه تۆ بێ ئه‌وه‌ی بیری لێ بكه‌یته‌وه و به قورسی مێشكت چالاك بكه‌یت، به‌شێوه‌یه‌كی خۆكارانه پاسۆرده‌كه ده‌نووسیت و مۆبایله‌كه‌ت ده‌كه‌یته‌وه، كه‌واته ئامانج له ئاگایی و بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ چییه؟ ئه‌گه‌ر هه‌موو جووڵه و پێویستییه‌كانی مرۆڤێك به سنوورداركراوی سه‌ره‌تا له مێشكه‌وه وه‌ریبگرین و هه‌موو زانیارییه‌كان جێگیر ببێ و دواتر خۆكارانه و بێ بیركردنه‌وه سه‌رجه‌م شته‌كان ئه‌نجام بده‌ینه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی پێویستمان به بیركردنه‌وه بێت؟
تۆماس هێكسلی پرۆفیسۆر له زانستی ئه‌نسرۆپۆلۆجیا له‌وباره‌وه ده‌ڵێ، ئه‌م پرسه جێی مشتومڕی زۆره و بیركردنه‌وه‌ی مێشكی مرۆڤ هاوشێوه‌ی له‌رینه‌وه‌ی میله‌كانی كاتژمێره له نێو كاتژمێرێكی تر كه ده‌نگێك دروست ده‌كات، به‌ڵام هیچ گۆڕانكارییه‌ك له چركه و خولهك و سه‌عاته‌كان دروست نابێت.
به گوته‌ی بیریاران ئه‌م پرسه وه‌ڵامی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی كێشه‌یه‌كی گه‌وره له بوونایه‌تی مرۆڤ ده‌داته‌وه، كه ئه‌ویش دوانهبوونی بڕیاره‌كانمان و دابه‌شبوونی بڕیاره‌كانه به‌سه‌ر لایه‌نی عه‌قڵ و لۆجیك له‌لایه‌كه‌وه و هه‌ست و دڵ له‌لایه‌كی تره‌وه، كه هه‌ردوو حاڵهتهكهیش له‌یه‌كتر جیاوازن، بۆیه كاتێك له‌بیركردنه‌وه و ڕامانهكاندا هاوشێوه‌ی ئهژدێهایهكی فڕیوو كه ئاگربارانی زه‌وی ده‌كات خۆمان ده‌بینین، به‌ڵام ناتوانین ئه‌وه بهێنینه واقیع و بیخه‌ینه ده‌ره‌وه‌ی مێشكمانه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش لێره‌وه كێشه‌یه‌كی تر ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كان ناتوانن ئه‌وه‌ی بیری لێ ده‌كه‌نه‌وه بیهێننه واقیعه‌وه، كه‌واته ئه‌و بیركردنه‌وه زۆرانه‌ی هه‌ریه‌ك له ئێمه هه‌یه‌تی، چ كاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر جیهانی به‌رجه‌سته‌كراو و واقیع جێ ده‌هێڵێت؟ ڕاسته كه بیركردنه‌وه و خه‌یاڵ به‌رجه‌سته ناكرێن و ناتوانێ له‌مس بكرێن، به‌ڵام جه‌سته‌ی مرۆڤ ده‌توانێ به‌رجه‌سته‌ی ماده‌كان بكات، بیركردنه‌وه و خه‌یاڵیش له مێشكه‌وه هه‌ڵده‌قووڵێن و له ڕێی مێشكه‌وه و مێشكیش به‌شێكه له ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته، كه‌واته كاریگه‌ری و كاردانه‌وه‌ی بیركردنه‌وه زۆره‌كانمان چییه و چۆنه؟
كه‌واته لێره‌وه ده‌چینه نێو هاوكێشه‌یه‌كی تر كه كاریگه‌ری شته نامادیی و بهرجهستهنهكراوهكانه به‌سه‌ر شته مادی و بهرجهستهكراوهكان، ئه‌مه‌یش تا ئێسته شرۆڤه نه‌كراوه، نازانرێ چۆن چۆنییه كاریگه‌رییه‌كان و چۆن شته نامادییهكان وه‌ك خه‌یاڵ و بیركردنه‌وه گۆڕانكاری له ژیانی مرۆڤ دروست ده‌كه‌ن و وا ده‌كات كه شته بهرجهستهكراوهكان به‌جۆرێكی تر ببینین یان به‌جۆرێكی تر پێناسه‌یان بكه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌و نهێنییه بدۆزرێته‌وه، چ گۆڕانكارییه‌ك به‌سه‌ر ژیان و شارستانیه‌ت و زانست و پێشكه‌وتن ڕوو ده‌دات، هه‌موو ئه‌وانه پرسگه‌لی زۆری بیریارانی ئه‌و ڕه‌وته فهلسهفییهن.