جارێكی تر سەرانی پەكەكە و نزیك لەو گرووپە چەكدارییە، بە لێدوانەكانیان هێرش دەكەنە سەر پارتی و سەرۆك بارزانی، ئەو كارەیشیان بۆ تێكدانی دۆخی هەرێمی كوردستانە، ئامانجیش دروستكردنی شەڕی كورد و كوردە كە سەرۆك بارزانی حەرامی كردووە، بەڵام پەكەكە چونكە ئامانجی دژایەتیی كوردە، بۆیە بەردەوام خەریكی نانەوەی ئاژاوە و كار بۆ ئاڵۆزیی دۆخەكە دەكات.
موراد قەرەیلان، یەكێكە لە سەرانی پەكەكە كە بە بەردەوام لە لێدوان و قسەكانی هێرش دەكاتە سەر پارتی، سەرانی پەكەكە بۆ ئەوەی دوژمنایەتیی خۆیان لەگەڵ كورد و كوردستان بشارنەوە و چاوبەستی خەڵك و هاووڵاتییان بكەن، دەیانگوت بەهۆی پارتییەوە شەڕی براكوژی روو دەدات و توركیا بە نیازە ئەو شەڕە بە هەرێمی كوردستان بكات، خۆیشیان بەردەوام هەوڵی دروستكردنی شەڕ و ئاژاوە دەدەن.
قەرەیلان پێڵاوی (جی پی ئێس)، بۆ گەریلاكان دەكڕێت و درۆنەكانی توركیا دەیانكەنە ئامانج
شوان كەریم، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، پارتی و سەرۆك بارزانی لەسەر بنەمای هاوسەنگیی نێودەوڵەتی پێوەندیان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەردا هەیە بە توركیایشەوە، مامەڵەی دیبلۆماسی لەگەڵ توركیا دەكرێت و شانازی بەو پێوەندییانەوە دەكەین، بەڵام پەكەكە با لە خۆیان بپرسن كە هەموویان میتی توركیان، بەر لەوەی توركیا بیەوێت شوێنێك داگیر بكات، سەرەتا پەكەكە رەوانە دەكات و خۆیشیان دوای دەكەون.
روونی كردەوە، موراد قەرەیلان لە لایەك سوننەیە ئێران پشتگیری دەكات، لە لایەك عەلەوییەكان دژایەتیی دەكەن، هەمووان لە خەمی ئەوەدان چۆن بتوانن پێشمەرگەكانی پەكەكە بفرۆشنە میتی توركیا، كامیان زیاتر شوێنەكانی ژێر دەستی پەكەكەی رادەستی توركیا بكات، ئەگەر راست دەكەن با بچن لە توركیا دوو بست زەوی داگیر بكەن، یان وەك خۆیان دەڵێن رزگاری بكەن.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، هەموو جارێك پێش هەڵبژاردنەكانی توركیا، پەكەكە و توركیا رێككەوتن دەكەن و پەكەكە دەنگەكانی خۆی دەفرشێت بە ئەردۆغان، دێنەوە لە كوردستان موزایەدە بەسەر خەڵكەوە دەكەن و قسەی پڕوپووچ دەكەن، بۆیە كورد شەرم لە پێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتان ناكات، بەڵام پەكەكە بە نوێژی نیوەڕۆ گەریلاكانی خۆی دەفرشێتە توركیا، ئاشكرای كرد، قەرەیلان پێڵاوی (جی پی ئێس)، بۆ گەریلاكان دەكڕێت و دواتر درۆنەكان دەیانكەنە ئامانج، بۆیە لەوەتەی پەكەكە دروست بووە بووەتە گرفت لە پێشوەچوونی پارچەكانی كوردستان.
لای خۆیەوە كلارا بەفر، ئەندامێكی تری پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژەی كرد، پەكەكە لەوەتەی هەبووە بەردەوام گرفتی بۆ هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانی كورد دروست كردووە، چەندان ناوچە بەهۆی پەكەكەوە ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە، پەكەكە هێزێكی ناتەندروستە و هەرچەندە خۆیان بە كورد دەزانن، بەڵام دژایەتیی كورد دەكەن و ئەجێندای وڵاتان جێبەجێ دەكەن، كەچی دەبوو شانازی بە كوردستانەوە بكەن.
دووپاتی كردەوە، بەهۆی پەكەكەوە چەندان گوند لە ناوچە سنوورییەكان چۆڵیان كردووە، پەكەكە بووەتە هۆكاری ئەوەی توركیا هەرێمی كوردستان بۆمباران بكا و خەڵك بكاتە ئامانج، هاوكات سوپای توركیا راپێچی ناو خاكی هەرێمی كوردستان بكات.
بەهۆی شەڕی پەكەكە و توركیا، تا ئێستە نزیكەی 500 گوند لە هەرێمی كوردستان چۆڵیان كردووە و ماڵوحاڵی خۆیان جێ هێشتووە و نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، ئەمە جگە لەوەی بە دەیان گوند وێران بوون و ماڵ و رەز و باخ و كشتوكاڵی هاووڵاتییان تێدا چووە، زۆربەی جاریش زیانی گیانی لێ كەوتووەتەوە.
پێوەست بەو بابەتە بانیان هیوا، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، پەكەكە گرفتی گەورەیە لە بەرانبەر هەرێمی كوردستان، لە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە دژایەتی كوردستان و حكوومەتەكەی دەكات، ئامانجیان ئەوەیە كورد بكەوێت و پێش نەكەوێت، بۆیە هەمیشە پەكەكە بەو سیاسەتە كاری كردووە و ئەمەیش شتێكی خراپە كە پەكەكە خۆیان بە كورد دەزانن و دژی كوردن، دووپاتی كردەوە، لەوەتەی پەكەكە هەیە بەردەوام هێرش دەكاتە سەر پارتی و هەر جارەو بە جۆرێك، ئەمە بۆ ئەوەیە تا ئاڵۆزی دروست بكات كە بە دڵی دوژمنانە.
وشە/ تایبەت