عادل ئیمام وەڵامی پروپاگەندەكان دەداتەوە

:: AM:11:05:25/09/2022 ‌
ماوەی هەفتەیەك دەبێ پروپاگەندەی زۆر لەبارەی هونەرمەندی ناوداری عەرەب و میسر "عادل ئیمام" بڵاو بووەتەوە و ئاماژە بەوە دراوە، ئەو هونەرمەندە تووشی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر بووە و ئیتر ناتوانێ كاری هونەری پێشكەش بكات. وێڕای وەڵامی خێزانەكەی و رەتكردنەوەی پروپاگەندەكان، ئیمام خۆیشی وەڵامیانی داوەتەوە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم 25ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، دوای ئەو هەموو پروپاگەندانەی لەبارەی تووشبوونی عادل ئیمام بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەر، لەناو هەفتەی رابردوودا بڵاو بوونەوە، ئیمام خۆیشی هاتە وەڵام و سەرجەم پروپاگەندەكانی رەت كردەوە و دەڵێ زۆرباشم.

عادل ئیمام بۆ بەرنامەی "ئی تی"ی عەرەبی لێدوانی داوە و جەماوەرەكەی دڵنیا كردووەتەوە كە دۆخی تەندروستیی زۆرباشە، ئەوەی لەبارەی ئەلزەهایمەرەوە باس دەكرێ، تەنیا پروپاگەندەیە.

ئیمام زیاتر گوتوویەتی، سوپای بۆ خوا من زۆرباشم و پێویست بە نیگەرانی و دڵەڕاوكێ ناكات.

وەك گلەییەك بۆ ئەوانەی پروپاگەندە بڵاو دەكەنەوە، زیاتر گوتوویەتی، پێم سەیرە ئەو پروپاگەندانە بۆ دەكرێن و واتایان چییە، كەسێك جارێ لە ژیاندایە و پرسەی بۆ دادەنێن. دڵنیابن كە من زۆرباشم و لەناو ماڵەكەی خۆم لەگەڵ منداڵەكانم و نەوەكانم دەژیم و هیچ كێشەیەكی تەندروستیم نییە.

عادل محەمەد ئیمام محەمەد و لە كاری هونەریدا بە "عادل ئیمام" دەناسرێتەوە كە ناودارترین ئەكتەری كۆمیدیی عەرەب و میسرە، لە ساڵی 1940 لە دایك بووە و لە ساڵی 1966ەوە كاری هونەری دەكات. خاوەنی دەیان فیلمی سینەمایی و چەند شانۆگەرییەكە، لە دوای ساڵی 2000وە لە چەند زنجیرە درامایەكیشدا رۆڵی بینیوە. لەگەڵ زۆربەی ئەكتەرە زۆر ناودارەكانی عەرەبدا كاری كردووە و دەیان خەڵاتی عەرەبی و نێدەوڵەتیی پێ بەخشراوە. بە ناودارترین ئەكتەری كۆمیدی عەرەب ناسراوە و وەك قوتابخانە لێ دەڕوانرێت.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د