جۆرە ئۆتۆمبێلێك گران دەبێت

:: AM:11:12:25/09/2022 ‌
بەهۆی ئەو ڕێنوێنییانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە بۆ هێنانی ئۆتۆمبێل، لە ڕۆژی هەینی لە سەعات 12 شەو، هێنانی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2020 بۆ هەرێمی كوردستان قەدەغە دەكرێ‌، بەمەیش ئەو مۆدێلە نرخەكەی هەزار دۆلار گران دەبێت.

لە هەرێمی كوردستاندا بەپێی ڕێنوێنییەكانی وەزارەتی ناوخۆ، هێنانی ئۆتۆمبێل لە سێ‌ نوێترین مۆدێل دەبێت، بەپێی ئەو ڕێنوێنییانەش لە شەوی هەینی لەسەر شەموو، هێنانی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2020 رادەوەستێت.

مۆدێل 2023 هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێ‌ و تابلۆی پێ‌ دەدرێ‌.
ئەمڕۆ یەكشەم 25ـی ئەیلوول، بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" دەستی كەوتووە، هێنانی ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2020 لە شەوی هەینی لەسەر شەموو لە سەعات 12 شەو رادەگیرێ‌ و ڕێ نادرێ‌ چیتر هاوردە بكرێ‌.

لە زانیارییەكاندا ئەوەیش هاتووە، لە یەكی تشرینی یەكەم ئۆتۆمبێلی مۆدێل 2023 هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێ‌ و تابلۆی پێ‌ دەدرێ‌.

سەڵاح مەجید خاوەنی پێشانگەی كڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بازاڕی هەیە و نرخەكەی گران دەبێت.

زیاتر گوتی، ساڵانی رابردووش ئەو حاڵەتە دەهاتە پێش و كاتێك هێنانی مۆدێلێك رادەگیرێ‌، ئەوا لە بازاڕەكان 500 بۆ هەزار دۆلار نرخەكەی بەرز دەبێتەوە، ئەوەیش پێوەندیی بەهیچەوە نییە، تەنیا پێوەندی بە تێڕوانینی هاووڵاتییانەوە هەیە.



وشە - رامیار جەواد