دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌ی 10 رۆژه ژینا ئه‌مینی /22 ساڵ/ له تاران له‌ڕێی پۆلیسی ئادابی ئێرانه‌وه گیرا و دواتر كوژرا، له زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران‌دا له دژی ده‌سه‌ڵات، خۆپێشاندان ده‌ستی پێ كردووه و داوای ئازادی ده‌كه‌ن، ئه‌مڕۆ ده‌رهێنه‌ری دیاری ئێرانی ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی، هه‌ڵوێستی خۆیی پێشان دا و له‌ڕێی ڤیدیۆوه هاته پاڵ خۆپێشانده‌ران.
پێگه‌ی
"ئیلاف" ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 25ی ئهیلوول بڵاوی كردووه‌ته‌وه، رۆژ به رۆژ خۆپێشاندانه‌كانی ئێران زیاتر گه‌شه ده‌كات و هێزه ته‌ناهییه‌كانی وڵاته‌كه‌یش توندوتیژیی به‌رانبه‌ریان به‌كار دێنن و ده‌یان كه‌سیان له خۆپێشانده‌ران كوشتووه. ئه‌مڕۆ ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی ئێرانی ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی، هاتنی پاڵی خۆپێشانده‌رانی ئێران ئاشكرا كرد و رای گه‌یاند، خۆپێشانده‌ران داوای مافێكی زۆر ئاسایی ده‌كه‌ن كه ساڵانێكه لێی بێبه‌ش بوون.
ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی له‌ڕێی په‌یامێكی ڤیدیۆیی له‌ڕێ ئینستاگرامه‌وه، هانیی ژنانی ئێرانی دا كه هاوشانی پیاوان رۆڵی گه‌وره‌یان له خۆپێشاندانه‌كاندا هه‌یه، ئه‌وان ته‌نیا داوای مافێكی زۆر ئاسایی خۆیان ده‌كه‌ن كه ساڵانێكه ده‌سه‌ڵاتی ئێران لێی زه‌وت كردوون.
فه‌رهادی زیاتر گوتوویه‌تی، ژنانی وڵاته‌كه رێیه‌كی زۆر دژواریان بڕیوه تا گه‌یشتوونه‌ته ئه‌م خاڵه‌ی ئێسته وا به ئاشكرا رژاونه‌ته سه‌رشه‌قام و داوای مافی خۆیان ده‌كه‌ن، ئه‌و مافه‌ی كه ساڵانێكی دوور و درێژه لێیان زه‌وت كراوه.
به‌پێی زانیارییه جیاوازه‌كان تا ئێسته زیاتر له 40 كه‌س به ده‌ستی هێزه ته‌ناهییه‌كانی ئێران كوژراون، به‌ڵام زۆر له چاودێره‌كانی دۆخه‌كه پێیان وایه ژماره‌كه زۆر له‌وه زیاتره كه تا ئێسته باس ده‌كرێت.
ئه‌سغه‌ر فه‌رهادی له ساڵی 1972 له ئیسفه‌هانی ئێران له دایك بووه و یه‌ك له ده‌رهێنه‌ره دیاره‌كانی سینه‌مای ئێرانه كه له ساڵی 1986وه كاری هونه‌ریی ده‌كات، تا ئێسته جیا له خه‌ڵاته جیاوازه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، دووجار خه‌ڵاتی ئۆسكاری پێ به‌خشراوه.
ژینا "مه‌هسا" ئه‌مینی كه خه‌ڵكی سه‌قز بوو، له 13ی ئهیلوول له‌گه‌ڵ براكه‌ی بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی خزمانی سه‌ردانی تارانی كردبوو، به‌ڵام له نزیك میترۆ له‌لایه‌ن پۆلیسی ئاداب به پاساوی جێبه‌جێنه‌كردنی رێساكانی باڵاپۆشی، ده‌گیرێت و سه‌عاتێك دوای گیران به بێهۆشی ده‌گه‌یه‌نرێته نه‌خۆشخانه و دوای سێ رۆژ مانه‌وه له نه‌خۆشخانه، گیان له ده‌ست ده‌دات. ده‌گوترێ ژینا له كاتی گواستنه‌وه بۆ بنكه‌ی پۆلیسی ئاداب له رێ له سه‌ری دراوه، بۆیه تووشی ئه‌و دۆخه ناله‌باره بووه.
رۆژی شه‌موو 17ی مانگ به به‌شداریی هه‌زاران كه‌س له دانیشتووانی سه‌قز، ته‌رمی ژینا به‌خاك سپێرا و له كاتی به‌خاكسپاردنیشی، سروودی ئه‌ی ره‌قیب خوێنرا و كۆمه‌ڵێك دروشمی توند له دژی رژێمی ئێران گوتران. رۆژی دووشه‌م 19ی مانگ مانگرتنی گشتی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڕێوه چوو و له هه‌ندێك شوێنیش خۆپێشاندان كرا و پۆلیس به زه‌بری چه‌ك هه‌وڵی سه‌ركوتكردنی دا. تا ئه‌م ساته‌ش خۆپێشاندان له زۆربه‌ی شاره‌كانی ئێران درێژه‌ی هه‌بووه و به‌تایبه‌ت له دوای ئێواران گه‌رموگوڕتر بوون.