لە چاتە سێكسییەكان چۆن پیاوان هەڵدەخەڵەتێنرێن؟

:: PM:05:41:25/09/2022 ‌

تۆڕی ئینتەرنێت سنوورەكانی نەهێشتووە، ئێستە گەورە و بچووك خەریكی سۆشیال میدیان، پەیج و ماڵپەڕەكانیش بۆ راكێشانی ئەوان هەریەكە و بە جۆرێك مادەكانیان بۆ پەخش دەكەن، هەر لە ئینتەرنێتەوە، چەند ماڵپەڕێكی چات هەن كە لە رێگەی كچان و بابەتی سێكسییەوە پیاوان رادەكێشن، كاتێك وێنە و ئاماژە و قسەی سێكسی دادەنێن، "بی بی سی"، بەریتانی باسی چۆنیەتی كاركردنی ئەوان و فیڵەكانیان دەكات.

پیاوێكی ئەمەریكی دەچێتە ناو چاتێك لەگەڵ كچێكی سپی پێست بەناوی جینگەر هەنی، ئەو كچە وێنەیەكی خۆی وەك وێنە سەرەكی چاتەكەی داناوە، كە لەسەر سیسەمەكەی بەسەرنجراكێشی پاڵ كەوتووە، پیاوەكە وا دەزانێت ئەو كچە لە شوێنێكی نزیك لە خۆی لە ئەمەریكا نیشتەجێیە، بێ ئەوەی بزانێت كە ئەو كچەی چاتی لەگەڵ دەكات، راستییەكەی پیاوێكی رەشپێستە و لە شوێنێكی زۆر دوور لەوەوە نیشتەجێیە لە نایجیریا.  
ئەركی ئەو گەنجانە هێشتنەوەی مامیلەكانە بۆ زیاترین كات لەسەر ماڵپەڕەكە
زۆر پیاوی تر هەن وەك ئەو ئەمەریكییە، سەتان دۆلار لە رێگەی ماڵپەڕە سێكسییەكان بەرانبەر بە چاتكردن لەگەڵ كچانی شۆخ دەدەن، كە راستییەكەی ئەوان بەو شێوەیە نین، ئەو بابەتە چەند مانگێك گەڕانی ویست بۆ كۆكردنەوەی بەڵگە و ئاشكراكردنی ئەوەی تۆڕێكی دنیایی لەپشت ئەو پەیجە فەیكانەی ئینتەرنێتن، ئەو تۆڕەی لە هۆڵەنداوە تا ئەمەریكا درێژ دەبێتەوە، دەوڵەتی سورینام دەبڕێت بەرەو نایجیریا، چەندان كۆتی توند دەبڕێت، كە یاساكانی تایبەت بە ماڵپەڕە سێكسییەكان دەیسەپێنن.

ئەبیودن، قوتابییەكی زانكۆی نایجیرییە، یەكێكە لەوانەی لاپەڕەی فەیك لە ماڵپەڕە چات و ژوانییەكان دروست دەكەن، ئەویش بە سەرپەرشتی كۆمپانیایەكی هۆڵەندی بەناوی "میتیۆر ئینتراتكتیڤ بی ڤی"، ئەبیودن بەئاسانی لە نێوان دەیان لاپەڕە هاتوچۆ دەكات كە فەیكی تیادا كردووە، ئەو لە هەموو لاپەڕەكان وەك كچێكی سپی پێستی شۆخ خۆی پێناسە كردووە، لەوانە جینگەر هەنی، كچێكی 21 ساڵی كە لەسەر سیسەمێك پاڵ كەوتووە بە پێخەڤێكی پەمەیی خۆی داپۆشیوە، بۆیەیش ناوی لەخۆی ناوە هەنی، واتە وەك هەنگوین شیرینە و مووزەردەیە.  

لەسەر لابتۆبەكەی ئەبیودن فایلێك هەیە و چەندان وێنەی رووتی جینگەر هەنی تیادایە، ئەو وێنانەیش لە فایلەكە نایەنە دەرەوە تەنیا لەسەر داوای مامیڵەكە نەبێت، كە داوای وێنەی زیاتری دەكات، ئەو وێنانەیشی لە سەرچاوەی جیاواز دەست كەوتووە. 

ئەبیودن بەتەنیا نییە كە بتوانێت بچێتە ناو لاپەڕەی جینگەر هەنی، بەڵكو دەیان كەسی تر هەن دەتوانن بچنە ناوی و بە درێژایی سەعات بەكاری بێنن، ئەویش بەپێی سیستمی شەفتەكان كە كۆمپانیاكە بەڕێوەی دەبات، ئەو گەنجە و هاوڕێكانی تەكنیكێكی پێشكەوتوو بۆ شاردنەوەی شوێنی راستەقینەیان لەسەر نەخشە بەكار دێنن، بەشێوەیەك شوێنەكەیان وا لێ دەكەن لە 50 كیلۆمەتر لە شوێنی مامیڵەكە دوورتر نەبێت. 

بەو شێوەیە مامیڵەكە لە بەرانبەر قسەكردنی ئەو كچە لەگەڵیدا پارە دەدات، ئەوان دەڵێن قسەی زیاتریان هەیە و ئارەزووی دیداری راستەقینە دەكەن، ئەگەرچی ئەو چاتانە سەرەتا بێ بەرانبەر بۆ خەڵك دەخرێنە روو، بەڵام دواتر بۆ رەوانەكردن و وەرگرتنی نامە لە ژنە شۆخ و جوانانە، مامیڵەكان ناچارن پارە بدەن، كە تێچووەكەی لە شەش دۆلار بۆ 300 دۆلارە، ئەو پیاوانە خواستی ئەوەیان لا دروست دەبێت بەراستی ئەو كچانە ببینن، كە وا دەزانن لە شوێنێكی نزیك لەوانەوە نیشتەجێن، ئەوەیش دوای چاتی سێكسی و رەوانەكردنی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی سێكسی، وەك ئەبیودن بە "بی بی سی"، دەڵێت.

بۆیە ئەركی ئەو گەنجە نایجیرییە و هاوڕێكانی بریتییە لە هێشتنەوەی ئەو مامیڵانە بۆ زیاترین كات لەسەر ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەكان بۆ زیادكردنی حیسابە بانقییەكەیان، ئەوان راهێنانیان پێ دەكرێت كە ژمارەی پیتی نامەكانیان لە 150 پیت كەمتر نەبێت، كۆتایی وەڵامەكانیشیان كراوە بێت، بۆ بەردەوامبوونی چاتەكان بۆ درێژترین كات. 

كۆمپانیا هۆڵەندییەكە پشت بە كۆمپانیای "ئێڵ ئێم ئێس"ی سورینامی دەبەستێت بۆ دامەزراندنی كەسانێك لە دەرەوەی ناوچەكە، كەسێك بەناوی ئۆرانۆ روز، كۆمپانیا سۆرینامییەكەی دامەزراند و ئەركی دامەزراندنی فەرمانبەر و راهێنانی تیمەكەیانە لە نایجیریا، "بی بی سی"، چەندان حیسابی سەر بەو كۆمپانیایەی لە سەكۆكانی واتساپ و تەلەگرام و سكایپ دۆزییەوە، واتە كۆمپانیاكە سەتان كەسی نایجیری مەشق پێ كردووە.  

ئەو فەرمانبەرانە مەشقیان لەسەر رۆشنبیری و شێوازی نووسین و چۆنیەتی چاتكردن لەگەڵ مامیڵەكانیان پێ دەكرێت، مەشقەكە هەفتەیەك دەخایەنێت و لە كۆتادا ئەوان زانیاری پێویستیان پێ دەدرێت بۆ چوونە ناو ماڵپەڕە ئەلیكترۆنییەكان و لەوێ زانیاری تایبەتی مامیڵەكان دەبینن، وەك شوێنی نیشتەجێ و ژمارەی مۆبایل و تەمەنیان، بەپێی كۆمێنتی پیاوەكان لە ئینتەرنێت، دەڵێن 300 بۆ 700 دۆلاریان لەو ماڵپەڕانە خەرج كردووە، ئەوەیش بەهیوای دیداری راستەقینەی ئەو كچانەی قسەیان لەگەڵدا دەكەن.

یەكێك لە مامیڵەكان دەڵێت، بڕی 69.99 دۆلارم لە ماڵپەڕێك خەرج كردووە، لەگەڵ 20 ژن چاتم كردووە، بەڵام هەركاتێك باسەكە دەهاتە سەر یەكتر بینین راستەقینە، چاتەكە كۆتایی دەهات، سەبارەت بەو گەنجانەیشی ئەو كارە دەكەن، مووچەیان دەگاتە 355 دۆلاری مانگانە، لەبەرانبەر رەوانەكردنی 500 نامەی رۆژانە بۆ مامیڵەكانیان.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل