یه‌كێتی‌: پارتی‌ پشكی‌ گومركی‌ ئیبراهیم خه‌لیلمان ناداتێ‌ و ده‌بێ‌ له‌ناویان ببه‌ین

:: PM:04:01:27/09/2022 ‌
كتێبی‌ بارزانی‌ و بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ كورد كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ نووسراوه‌ و چه‌ندان رووداوی‌ گرنگی‌ مێژوویی‌ له‌ خۆی‌ ده‌گرێ، له‌ به‌شی‌ دوازه‌یه‌می‌ كتێبه‌كه‌دا باس له‌ هه‌ڵگیرسانی‌ قۆناغی‌ دووه‌می‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ ده‌كات.

سه‌رۆك بارزانی‌ نووسیویه‌تی‌، "هه‌موو ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چوون كه‌ یه‌كێتی‌ سه‌رقاڵی‌ خۆ ئاماده‌كردنه‌ بۆ ده‌سپێكردنی‌ گه‌ڕی‌ دووه‌می‌ شه‌ڕێكی‌ گشتی و سه‌رانسه‌ری‌ و هه‌ر رۆژه‌ و قه‌وانێكی‌ ده‌كوتا، یه‌كێتی‌ بابه‌تی‌ گومركی‌ ئیبراهیم خه‌لیلی‌ كردبووه‌ وێردی‌ سه‌ر زمانی‌، گوایه‌ پارتی‌ پشكیان له‌ داهاتی‌ گومركی‌ ئیبراهیم خه‌لیل ناداتێ‌ و ئه‌وان داوای‌ مافیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌بوو ئایا كاتێك یه‌كێتی‌ له‌ یه‌كی‌ ئایاری‌ 1994 له‌ سلێمانی‌ و گه‌رمیان، په‌لاماری‌ باره‌گاكانی‌ پارتی دا، كێشه‌ی‌ گومرك بوو؟، دوای‌ ئه‌وه‌ یه‌كێتی‌ دروشمی‌ نه‌هێشتن و له‌ناوبردنی‌ یه‌كجاره‌كیی پارتییان به‌رز كرده‌وه‌ و شه‌و و ڕۆژ له‌ راگه‌یاندنه‌كانیاندا، جه‌ماوه‌ر و بنكه‌ و قاعیده‌ی‌ له‌سه‌ر له‌ناوبردنی‌ پارتی‌ گۆش ده‌كرد، چ عه‌قڵ و مه‌نتقێك قبووڵ ده‌كات پارتی‌ پاره‌ به‌ لایه‌نێك بدات كه‌ دروشمی‌ له‌ناوبردنی‌ به‌رز كردووه‌ته‌وه‌ و هه‌وڵی‌ سڕینه‌وه‌ی‌ ده‌دات. 

داهاتی‌ یه‌كێتی‌ له‌ باشماخ و خاڵه‌ سنوورییه‌كانی‌ تریان له‌گه‌ڵ ئێران، له‌ داهاتی‌ گومركی‌ ئیبراهیم خه‌لیل كه‌متر نه‌بوو
سه‌رۆك بارزانی‌ باسی‌ له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ داهاتی‌ یه‌كێتی‌ له‌ باشماخ و خاڵه‌ سنوورییه‌كانی‌ تریان له‌گه‌ڵ ئێران، له‌ داهاتی‌ گومركی‌ ئیبراهیم خه‌لیل كه‌متر نه‌بوو. ورووژاندنی‌ بابه‌تی‌ ئیبراهیم خه‌لیل ته‌نیا بیانووی‌ یه‌كێتی‌ بوو بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ شه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆیان به‌ سته‌ملێكراو پێشان بده‌ن، ئه‌گه‌ر راست بێت و بێ‌ پاره‌ بووبن، ئه‌و هه‌موو تێچوونه‌ی‌ شه‌ڕیان چۆن و له‌ كوێ‌ دابین ده‌كرد؟ ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌ی‌ ئه‌و راستییه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر داهاتیان له‌ داهاتی‌ پارتی‌ زیاتر نه‌بووبێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كه‌متر نه‌بووه‌.

"سه‌ره‌ڕای‌ پابه‌ندنه‌بوون و شكاندنی‌ ئاگربه‌سته‌كان و هه‌موو ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتییه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی‌ شوێنه‌كان ده‌كران، زانیاریمان بۆ هات كه‌ له‌ 15ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 1994دا له‌ قه‌ڵاچوالان، سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كێتی‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی‌ مام جه‌لال كۆ بووه‌ته‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاری‌ شه‌ڕی‌ سه‌رانسه‌ری‌ دژی‌ پارتی‌ داوه‌، له‌ به‌رانبه‌ردا ئێمه‌ش له‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسیی بڕیارمان دا هه‌وڵێكی‌ تر بده‌ین بۆ رێگری‌ له‌ هه‌ڵگیرساندنی‌ شه‌ڕه‌ وێرانكه‌ره‌ ناوخۆییه‌كان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش جه‌وهه‌ر نامیق و فازڵ میرانی‌ وه‌ك نوێنه‌ری‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ پارتی‌، رۆژی‌ 18ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌می‌ 1994 سه‌ردانی‌ مام جه‌لالیان كرد و پێشنیاری‌ پارتییان خسته‌ ڕوو كه‌ به‌جدی‌ و هه‌موو تواناوه‌، هه‌وڵ بده‌ین رێ‌ له‌ شه‌ڕ بگرین و لیژنه‌یه‌كی‌ خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌ردوولا پێكبهێنرێ‌، دۆخه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاتی‌ سزادان و وه‌رگرتنی‌ ئیجرائاتیان هه‌بێت به‌رانبه‌ر هه‌ر سه‌رپێچیكارێك". سه‌رۆك وای‌ نووسیوه‌.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێ‌، له‌لایه‌ن مام جه‌لال زۆر به‌گه‌رمی‌ پێشوازی‌ له‌و پێشنیاره‌ كرا و خۆشحاڵی‌ خۆی‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و ده‌سپێشخه‌رییه‌ی‌ پارتی‌ ده‌ربڕی‌، به‌ڵام له‌لایه‌كی‌ تر هێزه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ به‌رده‌وام بوون له‌ جموجۆڵی‌ گوماناوی‌ و خۆسازدان بۆ شه‌ڕ، له‌ هه‌ندێ شوێن ته‌قوتۆقیش كرا.

له‌ كۆتایی ئه‌و باسه‌دا نووسیویه‌تی‌، "له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ و كۆنگره‌ی‌ نیشتمانی‌ وا رێككه‌وتبووین كه‌ هیچ شه‌ڕێك له‌ناو هه‌ولێردا روو نه‌دا، هه‌موو هێزه‌ زیاده‌كان له‌ ده‌وروپشتی‌ هه‌ولێر بكشێنه‌وه‌ و پاشه‌كشه‌یان پێ‌ بكرێت، خاڵێكی‌ دی‌ بریتی‌ بوو له‌ پێكهێنانی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ باڵا به‌مه‌به‌ستی‌ چاودێریكردنی‌ هه‌موو رێككه‌وتنه‌كان، به‌داخه‌وه‌ یه‌كێتی‌ له‌ بری‌ پابه‌ندبوون، به‌ڵام ئه‌و هه‌موو هاتوچۆ و رێككه‌وتن و كۆبوونه‌وانه‌ی‌ به‌ ده‌رفه‌ت زانی‌ و سوودی‌ لێ‌ وه‌رگرتن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ جێپێی‌ خۆی‌ قایم بكات و زیاتر خۆی‌ ئاماده‌ بكات بۆ گه‌ڕێكی‌ تری‌ شه‌ڕ، بۆیه‌ هه‌وڵه‌كان بێ‌ ئه‌نجام بوون. 




وشە - وشه‌