ئیمپڕاتۆریەتەکەی هەولێر چۆن بنیات دەنرێتەوە؟

:: PM:12:34:19/10/2022 ‌
ئاراس رواندزی

نوێنەرەکەی پایتەختی هەرێم لە خولی نایابی عیراق بۆ تۆپی پێ، ئەمساڵ جیاوازتر لە پێشوو، زۆرترین ماوەی بۆ خۆئامادەکردنی تیپەکە تەرخان کرد و زیاتر له‌ شازدە یاریزانی نوێشی گواستەوە، جگە لەوەی دوازدە یاریی دۆستانەشی ئەنجام دا، لێ پێچەوانەی هەموو پێشبینییەکان، لە دوو گەڕی دەستپێکی پرێمەرلیگی عێراقدا، ئاست و ئەنجامەکەی نەک دڵخۆشکەر نەبوو، بگرە تووڕەبوونی هاندەرانشی بەدوادا هات و بەو هۆیه‌وه‌ش راهێنەر ناچار بە دەست لەکار کێشانەوە کرا!

کارامەیی راهێنەر بە دوو یاری پێوانە ناکرێ! 
دیارە من سەرسووڕمانی خۆم لە بڕیاری دوورخستنەوەی راهێنەر ناشارمەوە، چونکە ناکرێ بە دوو یاری هەڵسەنگاندن بۆ راهێنەر بکەیت و بڕیار لەسەر لێهاتوویی یان ناکارامەیی بدەیت، بە تایبەتیش بۆ تیپێک کە لە قۆناغی بنیاتنانەوەیە و سێ بەشی تیپەکەش یاریزانی تازەن و هێشته‌ نەگەیشتوونەتە ئاستێک لێکتێگەیشتن و هەماهەنگی نێوانیان پتەوبێ، بۆیە بە بڕوای من، نەدەبوو دەستەی کارگێڕی بە زوویی مل بۆ فشارەکانی جەماوەر بدات، بەڵام رەنگە ئەم بڕیارە بۆ کەمکردنەوەی ئەو فشارە زۆرەبێ کە لەلایەن جەماوەرەوە خرایە سەریان! لە هەمان کاتدا هاندەرانیش هەڵەیەکی کوشندەیان كرد، پێم وایە لە داهاتووێکی نزیکدا پەشیمان دەبنەوە لەوەی دەرفەت و کاتی زیاتریان بە راهێنەر نەدا. 

باشە گریمان راهێنەری تازەش هات، ئەی ئەگەر ئەویش دوو یاری لەسەر یەکتر دۆڕاند، ئەوکات چی؟! ئەویش دووردەخەنەوە؟! بە دڵنیاییەوە هەر راهێنەرێک بێت، کاتی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانێ ئاستی یاریزانان هەڵبسەنگێنێت، بە هەمان شێوە یاریزانەکانیش کاتیان گەرەکە، تاکو بتوانن خۆیان لەگەڵ تاکتیک و پلانی راهێنەری نوێ بگونجێنن، من لە کاتێکدا سەدلەسەد راهێنەر تاوانبار دەکەم، کە تەواوی یاریزانەکان خۆی دەستنیشانی کردبن، بەڵام بەپێی دیمانەیەکی لەگەڵ "وشە" نزار ئاماژە بەوە دەکات کە لیژنەیەکی شەش کەسی بڕیاریان لەسەر هێنان و گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانان داوە، نەک خۆی بە تەنیا، بۆیە گەر تۆزێک بە ویژدانەوە بڕوانین، دەگەینە ئەو بڕوایەی کە ناکرێ راهێنەر بە تەنیا باری لاری دۆخەکەی بخرێتە ئەستۆ، وێڕای سەرنج و تێبینیشم لەسەر پلان و شێوازی یاریکردنی تیپەکەی. 

کوالێتی و ئاستی یاریزانەکان! 
ئاشکرایە هەرچی سەیری دوو یاریی رابردووی هەولێری کردبێ، دەزانێ کوالێتی یاریزانەکان لەو ئاستە نییە، کە یانەکەی پایتەخت بتوانێ رکابەری نەک یانە گەورەکان، بگرە ئەو یانانەش بکات کە ساڵانێک بەو هیوایە بوون بە کەمترین ژمارەی گۆڵ بەرانبەر هەولێر دەربازیان بێت! بۆیە هەر راهێنەرێکی تریش بێت، رەنگە چارەنووسی لە مەحروس باشتر نەبێ! کەوایە لیژنە شەش کەسییەکەش کە زۆربەیان خاوەن ئەزموونن، لە دەستنیشانکردن و هێنانی یاریزانان، سەرکەوتوو نەبوونە. 

توانای جەستەیی یاریزانەکان شۆکی کردم!
خاڵێکی تری هەرە گرنگ، کە پێویستە ئاماژەی پێبکەین، لاوازیی توانای جەستەیی یاریزانەکانە، ئەو چەکە کاریگەرەی لای راهێنەران کوشندەترینە بۆ لاوازکردن و ماندووکردنی رکابەر، بەڵام گەر لە دوو یاریی رابردووی پاسەوانانی قەڵا بڕوانین، زۆر بە سادەیی بۆمان دەردەکەوێ یاریزانەکان لە رووی توانای جەستەییەوە لەوپەڕی لاوازیدان و زۆربەیان ناتوانن لە شەست خولەک زیاتر یاریی بکەن، بۆیە لام سەیرە تیپێک پتر لە دوو مانگ ئامادەکاری بۆ خول کردبێ، چۆن توانای جەستەیی یاریزانەکانی بەو ئەندازە لاواز دەبێت؟! 

دڵسۆزی و رووحیەتی جەنگان! 
دیارە رووحیەتی جەنگان و مکووڕبوونی یاریزانان بۆ بردنەوە، یەکێکە لەو فاکتەرە گرنگانەی کە زۆر تیپ بەهۆیەوە ئامانجەکانیان دەپێکن و سەردەکەون، لە زۆر باریشدا قەرەبووی خاڵە لاوازەکانت دەکاتەوە، لێ ئەو خاسیەت و شەڕکردنە لە پێناو ناوی یانەکە و جەماوەرەکەی، لە یاریزانەکانی هەولێر بەدی ناکرێت، راستی نازانم هۆکارەکەشی چییە، بۆیە پێویستە یاریزانەکان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە. 

قۆناغی بنیاتنانەوە چی پێویستە؟ 
روونە یانەی هەولێر لە ماوەی 6 بۆ 7 ساڵی پێشوو، بە ئەندازەیەکی زۆر ئاست و ئەنجامی پاشەکشەی کرد، بە شێوەیەک ئامانجی تیپەکە لە رکابەریکردن لەسەر نازناو، بۆ شەڕی مانه‌وه‌ لە ریزی گەورەکان گۆڕا! لە هەمان کاتدا نموونەی سەردەمی زێڕینیشمان لەبەر دەستە، ئەو کاتەی هەموو یانەکانی عێراق و بگرە ئاسیاش لە هەولێر تۆقیبوون، باشە بۆ ئەو کات زەردپۆشەکان لە لووتکەدا بوون و ئێسته‌ش لە دۆخێکی تەواو پێچەوانە؟ ئایا هۆکارەکەی تەنیا پارە بوو؟! بێگومان نەخێر.

 راستە بەهێزیی لایەنی دارایی گرنگە، بەڵام ئەوەی هەولێری پێشوو لە ئێسته‌ جیا دەکاتەوە، بوونی ئارامی و بەردەوامیدان بوو بەو دۆخ و کەشە هێمنەی لە لایەنی هونەرییەوە بۆ تیپەکە رەخسابوو، نەک شتی تر، راهێنەر لە هێنانی یاریزانان سەرپشک بوو، هەروەها زۆرترین کات و ماوەی پێدەدرا، نەمانبینی هیچ راهێنەرێک کەمتر لە دوو ساڵ سەرکردایەتی تیپەکە بکات، یاریزانەکانیش گرێبەستی دوو ساڵەیان لەگەڵ واژوو دەکرا و هەموو کۆتایی وەرزێکیش بۆندی بەشێکیان نوێ دەکرایەوە، هەروەها دوو تا سێ یاریزانی تازەش دەهێنران، بەم هۆیەوە جۆرێک لە ئارامی و لێکتێگەیشتن لە نێوان یاریزانەکان و راهێنەر دروست ببوو، کە دواجار بە نازناوێک هەولێر بەرهەمەکەی دەچنیەوە، بەڵام تەنیا لە ماوەی ئەو دوو ساڵەی رابردوودا بە بیانووی جۆراوجۆر هەشت راهێنەر دوورخراونەتەوە، بۆیە پێم وایە ئەم ریکۆردە شایستەی ئەوەیە بخرێتە کتێبی گینیسەوە! باشە تیپێک لە ماوەی دوو ساڵدا ئەو هەموو راهێنەرەی گۆڕیبێ، چۆن ئاست و ئەنجامی وەک پێویست دەبێ؟!

کەوایە بە فەراهەمکردنی کەش و ژینگەیەکی ئارام، دەتوانرێ  قۆناغی گەڕانەوە بۆ رێچکەی سەرکەوتنەکان بنیات بنرێ، بۆیە گەر دەستەی کارگێڕی هەولێر گەرەکیەتی تیپێک بۆ ئێسته‌ و داهاتوو بنیات بنێ، پێویستە گرێبەست لەگەڵ راهێنەرێکی بیانی لێزان و خاوەن ئەزموون بۆ دروستکردن و پێگەیاندنی یاریزانی لاو واژوو بکەن، تکایە لە داواکاری نالۆژیکی و قسەی سەر پەیژەکان دووربکەونەوە، بەو دۆخەی ئێسته‌، کە من بە قۆناغی راگوزەری دەزانم، هیچ راهێنەرێک ناتوانێ هەولێر بگەیەنێتەوە لووتکە، بۆیە تاکە چارەسەر دەرفەتدانە بە راهێنەری تازە و سەرپشکردنیەتی لە هێنان و بەڕێکردنی یاریزانان و دروستکردنی ئەو ژینگە و کەشە ئارامەی، کە ساڵانێکە تیپەکە ونی کردووە، بۆ ئەوەی لە وەرزەکانی ئاییندەدا هاوشێوەی سەردەمی زێڕین، جارێکی تر ئیمپڕاتۆریەتەکەی هەولێر بنیات بنرێتەوە.


وشە - وشه‌