جەللادەکان بوەستێنن!

:: PM:02:55:01/11/2022 ‌
ئاراس رواندزی 

نامەوێ هیچ پێشەکییەک بۆ ئەو وتارەم بنووسم، ئەوەندە پەست و تووڕەم، بەرپرسی ئەو وڵاتە بوومایە، لە جیاتی ئەو چەندە دێڕە، یەکسەر نووسراوی دەستبەسەرکردنی ئەو پۆلیس یا سیکورتیانەی بەر دەرگه‌ی یانەی دهۆکم دەردەکرد، کە بە دار و کێبڵ بەرببوونە گیانی ئەو وەرزشدۆستانەی کە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش و سەیرکردنی کلاسیکۆی کوردستان لە نێوان (دهۆک و هەولێر) لە پرێمەرلیگی عێراق روویان لە یاریگە کردبوو.

 دیمەنەکانی لێدان و کوتانی ئەو خەڵکە کە لە سۆشیال میدیا بە زوویی بڵاوبووەوە، بە راستی بۆ من شۆکێکی بێ ئەندازە گەورە بوو، دەرگاوانەکان زۆر بێ بەزەییانە دار و کێبڵەکانیان دەوەشاند، هاوشێوەی جەللادەکانی ئێسته‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە بە هۆیەوە دەیان کەسی ئازادیخواز کوژراون و سەدانیش بریندار بوونە، باشە ئەگەر یەکێک لەو هاندەرانە گیانی لەدەست بدابایە، کێ وەڵامدەر دەبوو؟! 

ئەو کردەوە نابەرپرسانە نابێ و ناشێ بە سانایی تێپەڕببێ، چونکە هەموو سنوورێکی قێزەونی و بێ بەزەیی تێپەڕاند، ئاخر چ ویژدانێکە تۆ بەو شێوە دڕندانە بکەوێتە گیانی هاونیشتمانیانت؟! لە کاتێکدا ئەوان پارەیان داوە بۆ ئەوەی سەیری یاریی یانە دڵخوازه‌كه‌یان بکەن، نەک دارکاری بکرێن! 

ساڵانێک بوو جەماوەری وەرزشیی کوردستان بە گشتی لە یاریگەکان و سەیرکردنی یارییەکان تۆرا بوون، دیارە هۆکارەکان زۆرن و نامەوێ لێرەدا ئاماژەیان پێ بکەم، بەڵام ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە ئەمساڵ جیاواز لە پێشوو، لە یارییەکاندا جەماوەر جوانترین تابلۆی وەرزشیان نەخشاندووە و یاریگەکانی کوردستانیش زۆرترین رێژەی جەماوەریان تێدا تۆمار کراوە، بەم هۆیەشەوە بوونەتە باسی گەرمی میدیا عێراقی و عەرەبییەکان، لێ ترسی زۆرم هەیە ئەم رووداوە دەرهاوێشتەی نەرێنی هەبێت و دیسان چەند هەنگاوێک بگەڕێینەوە دواوە، چونکە لە سۆشیال میدیا و پەیجە وەرزشییەکان هەڵوێستی تووندم بەدی کردووە، بە ئەندازەیەک ئیسته‌ گرووپێک بە ناوی بایکۆت سەری هەڵداوە و پشتیوانانیشی زۆرن! 

بۆیە پێویستە حکوومەت و پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەکانی شاری دهۆک بە زوویی لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکەن، وێڕای بە فەرمی داوای لێبوردن و ئاشتکردنەوەی جەماوەری ستەملێکراو، دەبێ تووندترین سزای ئەو کەسانەش بدەن، کە بە شێوەیەکی دڕندانە لە خەڵکیان دەدا و جوانیی وەرزش و ناوبانگی کوردستانیان لە کەدار کرد.

 بۆیە گەر میکانیزم و هەنگاوی خێرا و ژیرانە نەگیرێتە بەر، دوور نییە لە داهاتوو تووشی کارەساتی گەورە و جەرگبڕ ببینەوە، کەوایە ئێسته‌ باشترین و پێویسترین کار بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەو حاڵەتانە، سپاردنی یاریگەکانە بە کەسانی لێزان و راهێنراو بۆ ئەو جۆرە کەشانە، تاکو بتوانن لە دۆخ و ژینگەی ئاڵۆزدا بە دروستی و دوور لە تووندوتیژی مامەڵە بکەن.



وشە - وشه‌