ئێران ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدات؟

:: PM:07:27:22/11/2022 ‌

هەفتەی رابردوو رۆژێك دوای بۆردمانی ئێران بۆ بنكە و بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی بەغدای كرد و چاوی بە سەرانی عێراق و شیعە و میلیشیاكان كەوت، دوو بژارەی خستە بەردەم حكوومەتی عێراق، داماڵینی چەكی حزبەكانی رۆژهەڵات و كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان لەگەڵ ئێران لەلایەن سوپای عێراقەوە یان ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بۆ ناو خاكی هەرێم.

قائانی سەردانی هەرێمی كوردستانی نەكرد، لەوكاتەی لەتیف رەشید سەركۆماری عێراق لە هەمان رۆژ گەیشتە هەولێر، رەنگە ئەوە ئاماژەیەك بێت بۆ نائاسایی دۆخەكە لە نێوان ئێران و هێزە كوردییەكان، كە پێشتریش رەتیان كردبووەوە كوردانی رۆژهەڵات رادەستی ئێران بكەن یان لەگەڵیاندا رووبەڕوو ببنەوە.

ئەو داواكارییانەی ئێران سەرەڕای ئەوە دێت كە درك بەوە دەكات حكوومەتی نوێی عێراقی شتێكی وای بەدەستەوە نییە بۆ جێبەجێكردنی داوای دەركردنی ئەو حزبانەی رۆژهەڵات و داماڵینی چەكیان، هەروەها گەیشتنی سوپای عێراق بە سنوورەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و كۆنترۆڵكردنیان لەبری پێشمەرگە، كە ئەوانە داواكارییەكانی تاران بوون و قائانی بە بەغدای راگەیاندووە.

پەرلەمانتارێكی چوارچێوەی هاوئاهەنگی  دەڵێت، رەنگە خستنەڕووی ئەو داواكارییانەی ئێران ئاماژەیەك بێت بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی، چونكە دەیەوێ سوپای عێراق بەدرێژایی 280 كیلۆمەتر لە سنوورەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بڵاو ببێتەوە، جیا لە دەركردنی حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات لە دوای داماڵینی چەكیان، ئەو بژارەش لەلایەن هەولێرەوە رەتكراوەیە، چونكە هەولێر وای دادەنێت هاتنی سوپای عێراق بۆ ئەو سنوورانە واتە هاتنی حەشدی شەعبییە، هاوكات ئەوە پێچەوانەی دەستوورە، كە پێشمەرگە بە هێزی سنوورپارێز وەسف دەكات.   

ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای دەكات، ئێرانییەكان بە زەحمەتیی جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان دەزانن، پێشتریش وەڵامی سەرۆك بارزانیان بەدەست گەیشتووە، بەوەی شەڕی كورد و كورد رەت دەكاتەوە، چونكە سەركردایەتی كورد لە سۆنگەیەكی نەتەوەییەوە رادەستكردنەوەی كوردانی رۆژهەڵات و دەركردنیان بە زەبری هێز لە هەرێم رەت دەكاتەوە.

پەرلەمانتارێكی پێشووی شیعەش دەڵێت، حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی بەڵێنی داوە گفتوگۆیەكی راستەوخۆ لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بۆ باسكردنی ئەو تەنگژەیە دەست پێ بكات، بەڵام رەنگە ئەو داوایەی ئێران لە بەغدا ئاماژەیەك بێت بۆ ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بەمنزیكانە، ئاشكرای دەكات، قائانی داوای لە لەتیف رەشید، سەركۆماری عێراق كردووە بە هەولێر رابگەیەنێت كە ئێران پاڵپشتی لە هەرێم دەكا و پێوەندییەكی باشی لەگەڵ دەوێت، بۆیە دەبێت ئەو حزبانە دەربكەن، كە هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەكەن و پاڵپشتی لە خۆپێشاندانەكانی ئێران دەكەن.

مەهدی عەبدولكەریم، ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، زیاتر لە جارێك ئێران داوای ئەوەی لێ كردووین رووبەڕووی حزبەكانی رۆژهەڵات ببینەوە، بەوەی هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەو دەكەن، كەچی ئێران خۆی هەڕەشە لە ئاسایشی هەولێر و ناوچەكانیتر تری هەرێم دەكات، ئەوەش لە رێگەی بۆردمانی ناوچە سنوورییەكان بە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی ئەو حزبانە، بەوەش خەڵك كوژراوە، بۆیە ئەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێم رەتكراوەیە.

زیاتر گوتی، هەولێر هەڕەشەی ئۆپراسیۆنێكی نزیكی سەربازی ئێرانی پێ نەگەیشتووە، ئەگەر ئەوەش رووی دا، دەسەڵاتدارانی هەرێم روو لە ئەنجوومەنی ئاسایش و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن، هەرچی بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتیشە، ئەوان دەیان ساڵە لەوێن و پێوەندی كۆمەڵایەتییان هەیە، چۆن دەكرێت ریشەكێش بكرێن؟

ئەحمەد نعێمی، شارەزای سیاسی دەڵێت، ئەو هەنگاوانەی ئێران گوشار و هەوڵێكە بۆ هەناردەكردنی كێشە ناوخۆییەكانی، كاتێك حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات بە وەستان لەپشت گەرمكردنی ناڕەزایەتییەكانی ئێران تۆمەتبار دەكات، دووپاتی كردەوە، داواكارییەكانی ئێران لە عێراق ئەستەمە، بۆیە ئەگەری هەیە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی ئەنجام بدات، داواكارییەكانیشی لە بەغدا وەك ئەوە وایە بڵێت، وا ئێوەمان ئاگەدار كردەوە.

ئەو شارەزایە دووپاتی كردەوە، دۆخەكە سەختە، چونكە كوردی عێراق رادەستكردنی حزبەكانی رۆژهەڵات و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵیان لەبری ئێران رەت دەكەنەوە، هەروەها ئەوەش رەت دەكەنەوە سوپای عێراق بچێتە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە تارمایی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی ئێران هەیە، ئەگەر ئەوەیش رووبدات، هانی ئەنقەرەش دەدات ئەویش ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بە ئاراستەی هەرێم بۆ لێدانی پەكەكە ئەنجام بدات.

ناسر كەنعانی، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، پێشبینی دەكەین دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەرپرسیارەتی بگرنە ئەستۆ و پابەندی ئەو بەڵێنانە بن كە لە گفتوگۆكانیان لەگەڵ ئێران داویانە، كە بەداخەوە پێوەی پابەند نەبوونە، بۆیە هیوادارم ناچاری ئەوە نەبین هێز بەكار بێنین، وەك ئاماژەیەك بۆ ئۆپراسیۆنێكی سەربازی. 

لای خۆیەوە محەمەد كازم ئالسادق، باڵوێزی ئێران لە عێراق دەڵێت، بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەتوانن حزبەكانی رۆژهەڵات دەركەن، بەڵام نایانەوێت، چونكە دیدێكی ئەتنیان هەیە، 76 بەڵگەنامەمان لەبارەی چالاكی دژ بە ئێران و بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات داوەتە بەغدا و هەولێر، ئەوان داوای 10 رۆژیان بۆ جێبەجێكردنی داواكانی ئێران كردووە، داوامان كردووە چەكی ئەو حزبانە دابماڵرێ و بگەڕێنرێنەوە كۆمەڵگەكان وەك پەناخواز، حكوومەتی عێراق رازی بووە و داوای كاتی كردووە.

ئەوەی ئێران ئێستە دەیەوێ و هەڕەشەی پێ دەكات، دوورە لە حیساباتی بەرژەوەندی و هاوكێشەی هێز و بەرژەوەندییەكانی ناوچەكە و نێودەوڵەتی، ئەوانەی بڕیار دەدەن گەورەكانن، واتە ئەمەریكا و رۆژئاوا، تەنانەت رووسیا و چین كە هەوڵی فرەجەمسەری و راكێشانی بەڕەی پێشەنگی ئەمەریكا لە هەموو بوارەكان لە دنیا و كەمكردنەوەی دەسەڵات و شوێنگرتنەوەی دەدەن، ناتوانن خۆیان لە گرێ كوێرەی ئەو پێشەنگییە سەربازییەی ئەمەریكا رزگار بكەن.

بۆیە ئەوەی لە ئێران روودادات، تەنیا خوێشاندانێك نییە بەهۆی كوژرانی كچێكی كوردەوە سەری هەڵدابێت، بەڵكو پێوەستە بە ململانێی نێوان رژێمێكی كۆنەخوازی فرەوانخوازی میلیشیایی و پەرەپێدەری مووشەك و چەكی كۆمەڵكوژ و دژ بە ئارامی ناوچەكە و بەرژەوەندییەكان ئەمەریكا و رۆژئاوا، بۆیە ئەوان سنوورێكیان بۆ دیاری كردووە و هەرچییەك بكات، ناتوانێت لەو سنوورە دەربچێت، بێ گڵۆپی سەوزی ئەوان، هەرێمی كوردستانیش كەوتووەتە ناو هاوكێشە و نەخشەی وزە و ئابووری بەرژەوەندی وڵاتان و جەنگ لە دژی تیرۆر و هاوكێشەی هێزی سەربازی ئەمەریكا لە ناوچەكە، بۆیە هەر ئۆپراسیۆنێكی سەربازی، ئەگەر شێوەیی نەبێت، رەنگە هەڵەیەكی گەورەی تاران بێت و راستەوخۆ بیخاتە بەردەم ئەمەریكا و رۆژئاوا و رێوشوێنی زیاتری لە بەرانبەر وەربگرن كە رەنگە بەرگەی زیاتر نەگرێت.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل