ئەردۆغان ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی كەی ئەنجام دەدات؟

:: PM:06:58:23/11/2022 ‌

دوێنێ و ئەمڕۆ چوارشەم رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا لە هەڕشەكانی بۆ ئەنجامدانی لەشكركێشی و ئۆپراسیۆنێكی سەربازی زەوینی بۆ سەر باكوری سووریا و هەرێمی كوردستان بەردەوام بوو، شارەزایان هۆكاری ئەو هەڕەشانەی توركیا و ئاستی رژدیەتی لێك دەدەنەوە.

ئەمڕۆ ئەردۆغان رای گەیاند، توركیا بەنیازە لەو كاتەی دەیەوێ و بە گونجاوی دەزانێت ئۆپراسیۆنی سەربازی زەوینی ئەنجام بدات، بەڵام نایەوێت وادەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنەكە بۆ سەر باكوری سووریا و هەرێمی كوردستان ئاشكرا بكات.

ئەو زیاتر لەوە گوتی، لەشكركێشییەكە تەنیا سەرەتایەكە و زیاتری لەبارەوە ئاشكرا نەكرد، بەڵام گوتی كە نابێت دەسەڵاتەكانی ئەو وڵاتە هەست بە ترس و هەڕەشە بكەن، چونكە رێز لە سەروەری و سنوور و خاكەكانیان دەگرین.

دوێنێ ئەردۆغان بە هەمان زمانی هەڕەشە قسەی دەكرد، لەو كاتەی هەریەك لە ئەمەریكا و رووسیا ناڕەزایەتی خۆیان بۆ هەر كارێكی سەربازی زەوینی توركیا راگەیاند، كاتێك نید برایس، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا گوتی، داوای وەستاندنی هەر پەرەسەندنێك لە سووریا دەكەین، ئەوەش بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی لەناوبردنی داعش، جیا لەوە واشنتن بەرهەڵستی هەر ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق دەكات، كە پێشێلی سەروەری ئەو وڵاتە بكات.

لەوكاتەی برێت مەكگۆرك، رێكخەری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە كۆشكی سپی داوای وەستاندنی هەر شێواندنێكی سەقامگیری لە باكوری سووریا كرد، بەوەی ئەمەریكا سوورە لەسەر ئاسایشی سنوورەكانی سووریا و توركیا، دیمیتری بیسكۆڤ، گوتەبێژی كرملین وریایی لە شێواندنی سەقامگیری لە باكوری سووریا دا، وەك ئاماژەیەك بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەكەی توركیا و دووپاتی كردەوە كە رەنگە ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت.

جیا لە ئەمەریكا و رووسیا، هەریەك لە فڕەنسا و ئەڵمانیاش نیگەرانی خۆیان پێشان دا، فڕەنسا داوای لە توركیا كرد كە ددان بەخۆیدا بگرێت، مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات "هەسەدە"، گوتی، هەوڵ دەدەین لە رێگەی پێوەندییكانمان لەگەڵ واشنتن و مۆسكۆ پەرەسەندنەكانی توركیا بوەستێنین، كە تا ئێستە هەڵوێستی واشنتن و حكوومەتی سووریا لەو بارەوە لاوازە و داوای لە ئەمەریكا كرد كە هەڵوێستی توندتری هەبێت، بەلایەنی كەم رێگری لە كردنەئامانجی هاووڵاتییانی سیڤیل بكات، ئاشكرای كرد كە مەبەستی توركیا داگیركردنی پشتێنەیەكی سنوورییە بە قووڵایی 30 كیلۆمەتر بە پاساوی دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام، ئەوەش بۆ هێشتنەوەی ناوچەیەكی دەسەڵاتی لە سووریا. 

رەنگە ئەو پرسیارە بكرێت ئاخۆ ئەردۆغان لە هەڕەشەكانی بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی رژدە؟، هیشام جونای، رۆژنامەوان و شرۆڤەكاری توركی دەڵێت، سەرەڕای لێدوانەكانی ئەردۆغان بە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی، بەڵام بەپێی زانیارییەكان لەناو دامەزراوەی سەربازی توركیا، هیچ پلانێك بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپراسیۆنە نییە.

زیاتر گوتی، بەپێی زانیارییەكان سوپای توركیا هێرشی ئاسمانی سنووردار دەكات، بێ ئەوەی ئۆپراسیۆنی سەربازی لەسەر زەوی ئەنجام بدات، دووپاتی كردەوە، ئێستە ئەنقەرە ناتوانێت هێرشێكی فرەوانی زەوینی ئەنجام بدات، چونكە بەرگەی لێكەوتە قورسەكانی ئەو كارە ناگرێت، كاتێك ئابوورییەكەی داتەپیوە و بەهای دراوەكەشی لە دابەزینی بەردەوامدایە.

ئەو شرۆڤەكارە دەڵێت، رەنگە كەسانێك بڵێن ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی پێگە و هەڵوێستی حكوومەتی توركیا و حزبی گەشەپێدان و دادوەری بەهێز دەكات، بەتایبەتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، بەڵام من بە پێچەوانەی دەبینم، بەتایبەتی ئەگەر ئۆپراسیۆنەكە هەموو ئامانجەكانی بۆی دیاریكراوە نەپێكێت.

غۆنای دووپاتی كردەوە كە بنكە و سەربازگەكانی هەسەدە لە تەنیشت بنكەكانی ئەمەریكایە لە باكوری سووریا، توركیاش ناتوانێت بەهیچ شێوەیەك هێرش بكاتە سەر ئەو بنكانە، بۆیە ئامانجەكانی توركیا نایەتە دی، جیا لەوەی رووسیا بەرهەڵستی ئۆپراسیۆنەكە دەكات.

لای خۆیەوە فاتح حەسوون، شرۆڤەكاری سەربازی دەڵێت، سەرەڕای نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی توركیا و بەرهەڵستكاری ئەمەریكا و رووسیا بۆ هەر ئۆپراسیۆنێكی سەربازی زەوینی توركی، بەڵام لە دوای تەقینەوەكەی ئیستەنبووڵ شەقامی توركیا پاڵپشتی لێ دەكات، ئەو كارەش لە بەرژەوەندی حزبی دەسەڵات و حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنیشە.   

لەو ناوەدا رەزوان زیادە، توێژەر دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی هەردوولا درك بەوە دەكەن كە پێویستیان بە یەكترە، بەڵام پێوەندییەكانی واشنتن و ئەنقەرە سەخت و ئاڵۆز بووە، پێم وایە ئەمەریكا لە ئۆكراینا پێویستی بە توركیا هەیە، بۆیە رەنگە رێگەی پێ بدات ئۆپراسیۆنێكی سەربازی زۆر سنووردار ئەنجام بدات، ئەو بابەتەش پێوەستە بە گفتوگۆی توركیا و ئەمەریكا لەو چوارچێوەدا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل