یەكێتی دابەش بووە.. تیمی یەكێتی بۆچی بەشداری لە حكوومەت ناكات؟

:: PM:09:57:23/11/2022 ‌

 


ماوەی زیاتر لە مانگێكە تیمی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە حكوومەتی هەرێم، بەشداری لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران ناكەن، تەنیا دوو وەزیر نەبێت، بەرپرسێكی ئەو حزبەش باس لە هۆكاری بەشدارینەكردنی تیمی یەكێتی دەكات.

بە رای چاودێران ئێستە یەكێتی بەسەر دووبەرەدا دابەش بووە، بەرەیەكیان كە لە جێگری سەرۆكی حكوومەت و دوو وەزیر پێكهاتوون، بەشداری كۆبوونەوەكان ناكەن، بەشێكی تریان بەشداری دەكەن، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە یەكێتی دەیەوێ كێشە ناوخۆییەكانی خۆی و پارێزگەی سلێمانی بخاتە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەم 23ی تشرینی دووەم، كاوە ئەحمەد، مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، ئەم شێوازە لەناو یەكێتیدا بەردەوامی هەبووە، كاتێك لە سەرەتای دروستبوونی حكوومەت لە ساڵی 1992 ئەم شێوازە پێڕەو دەكەن، تەنانەت لە هەموو قۆناغەكانی حكوومەت یەكێتی ئەمەی پێڕەو كردووە، بەیانیان لە حكوومەت بووە و نیوەڕوان دژە حكوومەت، ئەوەشی ئێستە هەیە بۆ بەشداریكردنی چەند وەزیرێك و بەشدارینەكردنی جێگری سەرۆكی حكوومەت و چەند وەزیرێكی تری ئەو حزبە، زۆر شەرمنانەیە.

زیاتر گوتی، لەناو یەكێتیدا پاڵپشتی تیمی ئێستەی یەكێتی ناكرێت، كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی و سلێمانی دەخرێتە ئەستۆی پارتی، یەكێتی دەیەوێ لە باڵباڵێنەكانی خۆی پارتی تێوەبگلێنێت، بۆیە بەشداریكردنی دوو وەزیری و بەشدارینەكردنی ئەوانی تر بۆ ئەوەیە كە ژێر بە ژێر كێشە سیاسییەكان چارەسەر بكرێت، بەتایبەت هەندێك دۆسیە كە لەم دوایە روویان دا، ئاشكرای كرد، بەشدارینەكردنەكان سیاسیین، بەڵام یەكێتی هەرچی دەكات بۆ ئەوەیە كە پارتی بكاتە هۆكار بۆ ئەو دۆخەی لە سلێمانی هەیە.

لای خۆیەوە رەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە مەخموور بە "وشە"ی راگەیاند، هۆكاری بەشدارینەكردنی جێگری سەرۆكی حكوومەت و چەند وەزیرێكی تر لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ چارەسەرنەكردنی كێشەكان دەگەڕێتەوە، بەڵام بەپێی رێككەوتنێك كە مەكتەبی سیاسی كراوە، لەگەڵ تیمی ویزاری یەكێتی لە كۆبوونەوەكان دوو وەزیر بەشداری دەكەن.

روونی كردەوە، هەریەك لە قوباد تاڵەبانی و دوو وەزیری تر بەشداری لە كۆبوونەوەكان ناكەن و تەنیا دوو وەزیر بەشدار دەبن، بەپێی كۆبوونەوەكان بەشداری وەزیرەكان دەگۆڕێت، تا ئەو كاتەی دۆخەكە ئاسایی نەكرێتەوە تیمی یەكێتی بەتەواوی بەشداری كۆبوونەوەكان ناكات.

"وەك یەكێتی ئەوە رەت دەكەینەوە لە ناو حزبەكە ناكۆكی هەبێ و بۆ كۆبوونەوەكان بەسەر دووبەرەدا دابەش بووبێت، بەڵكو ئەوە بڕیاری حزبە بۆ بەشدارینەكردنی چەند وەزیرێك و بەشداریكردنی چەند وەزیرێكی تر لە كۆبوونەوەكانی حكوومەت، بۆیە هەردوولا پابەندی بڕیاری حزبن، هۆكارەكەش ئەوەیە تێڕوانینی یەكێتی و پارتی بۆ حكوومەت جیاوازی زۆری تێدا دروست بووە"، رەشاد گەڵاڵی، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە مەخموور وا دەڵێت.

پێوەست بەو بابەتە حوسێن مام ئەنوەر، چاودێری سیاسی لە سلێمانی بۆ وشە" ئاماژەی كرد، یەكێتی حزبێكە سیاسەتی بانێك و دوو هەوا پیادە دەكات، ئەمەش وای لەو حزبە كردووە روویەكی ناشرینی سیاسەت و حكومداری نیشانی خەڵكی كوردستان بدات، سەردەمانێك بە رۆژ لە حكومەتدا بوو بە شەویش ئۆپۆزسیۆن، لە زۆر پرسی چارەنووسسازیشدا خۆی لە حكومداری بێ بەری كردووە، زۆرجاریش دیوێكی ناشرینی دژەبەری ئەم قەوارەیە بووە، ئێستەش بەشێكی وەزیرەكانی دەچنە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆكی حكوومەتیش بەشدار نابێت.

 "خەڵكی كوردستان دڵنیا بوونە كە بەشدارینەكردنی جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆبونەوەكاندا، تەنیا یەكێتی پێ ناشرین دەبێت، هۆكاری بەشدارینەكردنەكەش پرسی خزمەتگوزاری و پشتگیری لە خەڵكی كوردستان نییە، بەڵكو بۆ داپۆشینی ئەو نەنگی و عەیبانەیە كە بە ئاشكرا لە دژایەتیی حكوومەت و تەسفیەی بەشێك لە سەرانی ئەو حزبەیە و رۆڵێكی ناشرینی هەیە"، حوسێن مام ئەنوەر وای گوت.
 
شایەنی باسە ئەمڕۆ چوارشەم لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا وەزیرانی پێشمەرگە و كشتوكاڵ و خوێندنی باڵا بەشداری كۆبوونەوەكەیان نەكرد، بەڵام وەزیری پلاندانان و وەزیری و رۆشنبیری بەشدار بوون، پێشتریش، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ لە پشكی یەكێتی لەبارەی بەشدارینەكردن لە كۆبوونەوەكان باسی لەوە كرد، ئەوان تەنیا پابەندی بڕیاری حزبەكەیانن.

وشە/ تایبەت

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل