یەكێتی هەڕەشە لە بنەماڵەیەك دەكات

:: AM:10:34:24/11/2022 ‌
یەكێتی بە هەڕەشە، رێ‌ لە دانانی پرسەی ئەو 15 هاووڵاتییە دەگرێ‌ كە لە سلێمانی بەهۆی تەقینی غاز گیانیان لە دەست دا و پرسەكە بوو بە هی هەموو كوردێكی دنیا، بڕیار بوو ئەمڕۆ لە هەولێر پرسەیان بۆ دابنرێ‌.

رۆژی 17ـی تشرینی دووەم كە دەكاتە پێنجشەمی رابردوو، تەقینەوەی سیستمی غاز لە ماڵێكدا لە گەڕەكی كازیوەی شاری سلێمانی، هەمووانی تووشی شۆك كرد، بەهۆی گەورەیی و كاریگەریی رووداوەكە، بەهۆیەوە 15 هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و 12یش بریندار بوون.

بڕیار بوو ئەمڕۆ لە هەولێر پرسە بۆ قوربانیان دابنرێ‌، بەڵام یەكێتی ڕێگری لە ئەنجامدانی كردووە و سەرچاوەیەكی ئاگەدار بە"وشە"ی راگەیاند، بنەماڵەی قوربانییەكان ئاگەدار كراونەتەوە كە ئەگەر لە هەولێر پرسە دانێن، دەبێت نەگەڕێنەوە سلێمانی و ماڵیشتان بگوازنەوە.

هەڕەشەكەی یەكێتی هێندەی گەورەیی كارەساتەكە شۆكهێنەرە، لە كاتێكدا هەموو كەس خۆی بەخاوەنی ئەو پرسەیە زانی و هەزاران كەسیش بۆ هاوكاری چوونە بەردەم ماڵەكە و كۆمەكی تیمەكانی بەرگریی شارستانیان كرد لە هەڵگرتنەوەی داروپەردووی خانووەكە.

لە هەولێر ئامادەكاری تەواو كرابوو بۆ بەڕێوەچوونی پرسەی 15 قوربانییەكە، بەڵام هەڵوەشایەوە و پرسە بەڕێوە ناچێت.

"وشە" پێوەندی بە دیوانی پارێزگای هەولێرەوە كرد، لەبارەی هۆكاری هەڵوەشانەوەی پرسەكە، ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێك لەو بارەیەوە بدەن.

لای خۆیەوە، كەسێكی نزیك لە بنەماڵەكە، سەرسوڕمانی خۆی پێشاندا كە یەكێتی لەو كاتە تازیەبار و پڕ نەهامەتییەدا، بوێری ئەوەی هەبوو دڵی بنەماڵەكەیان بشكێنێت بە هەڕەشە. چونكە وەك ئەو گوتی، "ئێمە كۆستەكەمان ئەوەندە گەورەیە هەرگیز ئاسایی نابێتەوە، كەچی ئەم حزبانە لەبەر ململانێی خۆیان هەموو شت بە رەوا دەزانن و دەست لە مردنیش وەردەدەن".

رووداوی تەقینی غاز مانگێكی كارەساتباری بۆ كوردستان دروست كردووە و رۆژی 22ی تشرینی دووەم و هەر پێنج رۆژ دوای كارەساتەكەی سلێمانی، لە دهۆكیش بەشەناوخۆییەكی قوتابیان بەهۆی غازەوە گڕی گرت و بەهۆیەوە پێنج كەس كە سیانیان پۆلیس بوون، بوونە قوربانی و 38یش بریندار بوون.



وشە - رامیار جەواد