تەشەنەی کۆرۆنا لە چین ژمارەی پێوانەیی شکاند

:: PM:04:28:24/11/2022 ‌
سەرەڕای ئەو رێوشوێن و رێکارە توندانەی حکوومەتی چین بۆ رێگریکردن لە تەشەنەی کۆرۆنا گرتوویەتەبەر، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لەم وڵاتە ژمارەی پێوانەیی شکاند.

لە پەکینی پایتەخت و گوانگژو کە ناوەندێکی گەورەی بازرگانییە ڤایرۆسەکە بڵاو بۆتەوە و تەنیا لە ماوەی 24 سەعاتدا 31 هەزار و 527 حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کرا و ئەمەش ژمارەی پێوانەیی شکاند کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ تۆمار کرابوو و ژمارەکە ئەو کات 28 هەزار حاڵەت بوو.

چین دەیەوێت رێژەی تووشبوون بۆ سفر دابەزێنێت و ئەمەش تێچوویەکی زۆری هەبووە و گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر ئابووری چین و کاریگەری لەسەر ملیارێک و 400 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی وڵاتەکە هەبووە.

بەرپرسانی چین هەوڵیان داوە ئامارەکان لە میدیاکان بشارنەوە و وای دەرخەن ژمارەکە زۆر لەوە کەمترە چاوەڕوانی دەکەن.

رێکاری پێویستی کەرەنتین دەخاتە سەر شەش ملیۆن کەسی تر


بەگوێرەی بی بی سی، حکوومەتی چین لە سبەی هەینییەوە رێکاری پێویستی کەرەنتین دەخاتە سەر شەش ملیۆن کەسی تر لە دانیشتووانی ژینگژۆ لە ناوەندی چین.

ئەم رێکارانەی چین ناڕەزایەتی جەماوەری لێ کەوتووەتەوە و داوا دەکەن رێکارەکان کەمتر بکرێنەوە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر کار و ژیانیان نەبێت.

بە پێی میدیای فەرمی چین لەوەتەی کۆرۆنا لە چین سەری هەڵداوە تەنیا پێبج هەزار و 200  کەس گیانیان لەدەست داوە و ئەمەش دوورە لە راستییەوە.


وشە - سلێمان تاشان