هونەرمەندێك بە تۆمەتی مادەی هۆشبەر دەگیرێت

:: PM:01:28:26/11/2022 ‌
مونا شەلەبی كە یەك لە خاتوونە ئەكتەرە ناودارەكانی میسرە، كە لە نیویۆركەوە بۆ میسر گەڕابووەوە و لە فڕۆكەخانەی قاهیرە، بۆ تەمەتی مادەی هۆشبەر گیراوە و رێژەیەك مادەی هۆشبەری لە پشكنیندا پێ گیراوە.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ شەموو 26ی تشرینی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، سەرچاوەكانی ئاگادار لە فڕۆكەخانەی قاهیرە رایان گەیاندووە، دوێنێ هەینی مونا شەلەبی كە لە نیویۆركەوە بۆ میسر گەڕاوەتەوە، لە پشكنیندا رێژەیەك مادەی هۆشبەری پێ گیراوە، بۆیە ئێستە شەلەبی گیراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.

لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا دەركەوتووە كاتیچك پشكنین بۆ جانتاكانی شەلەبی كراوە، 12 كیسەی مادەی "ماریگوانا" و هاوكات جگەرەی هۆشبەر دۆزراونەتەوە، لەگەڵ چەند مادەیەكی تری هۆشبەری تریش، بۆیە دەستیان بەسەردا گیراوە و خۆیشی لێكۆڵینەوەی زیاتری لەگەڵ دەكرێت.

میدیاكانی میسر ئاماژەیان بەوە داوە كە ئەو 12 كیسەیەی ماریگوانا لە جانتاكانی شەلەبی بوون، هەندێكیان كێشیان 90 گرام بووە و ئەوانی تریش 16 گرام بوون.

دواتریش ئاماژە بەوە دراوە كاتێك لە فڕۆكەخانە ویستوویانە پشكنین بۆ كەلوپەلەكانی شەلەبی بكەن، ئەو تووڕە بووە و تووشی هیستریا بووە، چەندان پێوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ هاوڕێ هونەرمەندەكانی كردووە تا فریای بكەون. بەڵام لەگەڵ دۆزینەوەی مادە هۆشبەرەكان، رێوشوێنی یاسایی خۆی وەرگرتووە.

مونا شەلەبی لە ساڵی 1982 لە شاری جیزە لە دایك بووە، لە دەیان فیلمدا رۆڵی سەرەكیی بینیوە و لە ناویاندا بە فیلمی "ساحیر" لە 2001دا زیاتر ناوبانگی وەك ئەستێرە بڵاو بووەوە، هاوكات زیاتر لە 10 زنجیرە تەلەڤزیۆنیدا رۆڵی سەرەكی هەبووە. دەیان خەڵاتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی پێ بەخشراوە، بە یەكێك لە خاتوونە ئەكتەرە بوێر و ورووژێنەرەكان ناسراوە.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د