بڕیارێك بۆ سەرجەم فەرمانبەران دەرچوو

:: PM:01:28:27/11/2022 ‌
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی نووسراوێكی فەرمی بۆ وەزارەتەكانی تری حكوومەتی هەرێم ئاراستە كردووە و رێوشوێنەكانی پلەبەرزكردنەوە و یەكسانكردنی بڕوانامەی روون كردووەتەوە بۆ لەمەودوا. 

ئەمڕۆ یەكشەم 27ـی تشرینی دووەم، لە نووسراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵای كوردستاندا كە واژۆی ئارام محەمەدی لەسەرە، رێنوێنیی ژمارە پێنجی ساڵی 2022ی تایبەت بە یەكسانكردنی بڕوانامەی بەدەستهاتوو لە دەرەوەی وڵات دیاری دەكات و مەرجەكانیشی بە روونی نووسیوە.

بەپێی ئەو نووسراوە، لەمەودوا هەر كەسێك لە دەرەوەی وڵات بخوێنێت، دەبێت كەمترین نمرەی بەكالۆریۆسی 65 بێت.

ئەوەیش باس كرابوو، ماوەی مانەوە لە دەرەوەی وڵات كۆمەڵێك مەرجی هەیە بۆ خوێندن، گرنگترینیان بریتییە مانەوەی بەكالۆریۆس نۆ مانگ بۆ هەر ساڵێكی خوێندن، دیپلۆم نۆ مانگ بۆ هەر ساڵێكی خوێندن، ماستەر 12 مانگ لە كۆی هەردوو ساڵی خوێندن .

بەپێی رێنوێنییەكانی وەزارەت بۆ خوێندنی دكتۆرا، 24 مانگ لە كۆی هەموو ساڵەكانی خوێندن بە مەرجێك، هەشت مانگی یەكەم نابێ گەڕانەوەی هەبێ، هەر زانكۆیەك لە لیستی زانكۆ باوەڕپێكراوەكاندا نەبێت، یەكسانكردنی بۆ ناكرێت، پێویستە هەر كەس لە دەرەوەی وڵات بخوێنێت، فایل بەشێوەی ئۆنلاین لە وەزارەتی خوێندنی باڵا پڕ بكاتەوە، بە پێچەوانەوە یەكسانكردنی بۆ ناكرێت، خوێندنی ماستەر تەنیا بەشێوەی كۆرسات و نامە رێپێدراوە.

لە رێنوێنییەكاندا ئەوەیش روون كراوەتەوە، خوێندنی دكتۆرا بە هەردوو شێواز كۆرسات و بای ریسێرچ  باوەڕپێكراوە، خوێندن بە زمانی فەرمیی وڵاتی خوێندن بێت یان زمانی ئینگلیزی رێپێدراوە، پێویستە بڕوانامەی كۆرسی زمانی وڵاتی خوێندنی هەبێ.

ئەو رێنوێنییانە تەواوی ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە كە مۆڵەتی خوێندنیان كردووە، بۆ ئەوەی لە دەرەوەی وڵات بخوێنن.




وشە - رامیار جەواد