هەواڵێكی خۆش بۆ ئەوانەی بەردی گورچیلەیان هەیە

:: PM:06:34:23/01/2023 ‌

بەردی گورچیلە یەكێكە لە كێشە گەورە تەندروستییەكان، بەتایبەتی ژانی بوونی ئەو بەردە كە زۆر بەئازارە، ئەگەرچی چارەسەری حاڵەتەكە هەیە، بەڵام زانایان لە هەوڵی پێشخستنی چارەسەریەكان بەردەوامن، دواترینیان دۆزینەوەی تەكنیكێكی نوێیە بۆ وردوخاشكردنی بەردەكە بێ هیچ ئازارێك.

كاتێك نیشانەكانی بوونی بەرد لە گورچیلە لەسەر مرۆڤ دەردەكەوێ و پزیشكی پسپۆڕ لە رێگەی وێنەی تیشكی و ناوبینییەوە دووپاتی بوونی بەردەكە و قەبارەكەی و شوێنی دەكاتەوە، چارەسەركردنی جۆرێك ئازاری هەیە، توێژینەوەیەكی بڵاوكراوە لە رۆژنامەی پزیشكی رێڕەوی میز لە ئەمەریكا باسی رێگەیەكی تەكنیكێكی نوێی چارەسەری بۆ وردوخاشكردنی بەردی گورچیلە بێ هیچ ئازارێك دەكات.

ئەو رێگە نوێیە پشت بە شەپۆلەكانی سەرووی دەنگەوە دەبەستێت، كاتێك شەپۆلەكە دەخرێتە سەر پێست و كاریگەری دەگاتە گورچیلە، كار لەسەر گۆڕینی شوێنی بەردەكە دەكات، تا وای لێ دێت توانای تێپەڕبوونی بە بۆرییەكان میز و چوونە دەرەوەی دەبێت.

لە نیشانەكانی بەردی گورچیلە، بوونی ئازارە لە ناوچەكانی پشت و خوارووی سكە، لەگەڵ تێبینیكردنی بوونی خوێن لە میزدا، بوونی بەرد لە ناوچەی حالب، كە بەشێكی كۆئەندامی میزە، دەبێتە هۆی بەربەستكردنی تێپەڕبوونی میز بۆ میزڵدان، بۆیە ئازار و خوێنبەربوون دروست دەبێت. 

ئەو تەكنیكە نوێیەی زانایان پێی گەیشتوون كێشەكە بە دوو رێگە چارەسەر دەكات، بە گۆڕینی شوێنی بەردەكە بۆ ئەوەی بجووڵێت و بچێتە دەرەوە، یان وردوخاشكردنی بۆ ئەوەی ببێت بە پارچەی بچووك، كە بتوانێت بچێتە دەرەوە.

جیاوازی ئەو تەكنیكە نوێیە لەگەڵ چارەسەری ئێستە هەیە بۆ وردوخاشكردنی بەردی گورچیلە ئەوەیە كە تەكنیكی نوێ ئازاری نییە، كینێدی هال، توێژەر دەڵێت، ئەو رێگایە ئازاری نییە و نەخۆش بێ پێویستبوون بە بەنج و سڕكردن دەتوانێت وەری بگرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل